$ئایا دەورانی ڕوسیا و ئەمریکا جیاوازیان هەیە؟$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
بۆ ئێمە وەک کورد و بۆ میللەتانی تریش چ ڕوسیا و چ ئەمریکا هیچ جیاوازیەکیان نییە و هەردووک دوو قوتبی ئیمپریالیستی جیهانین؛ بەڵام گەر دەورانی ڕوسیا/سۆڤیەت تاکو ساڵی 1991 بەراورد بکەی بەم دەورانەی ئەمریکا هاتۆتە ناوچەکە ئەوا جیاوازیەکان زۆرن و ئەمانە بەشێکی گرنگین:
1) وڵاتەکانی ناوچەکە (چ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چ ئەوروپای ڕۆژهەڵات؛ ناوچەی بەڵکان و بەڵتیک؛ و قەوقازیا) هەمووی تێکچڕژاون بەسەر یەکدا هەموویشی ئەمریکا بە پلەی سەرەکی دەستی تێدا هەیە و لێی بەرپرسیارە.
2) ژمارەی شەڕەکان و کوژراوەکان و ئاوارەبوون و کۆچکردن لە مێژوویدا وێنەی نەبووە و لە هیچ دەورەیەکی مێژووییدا ئەو ناوچانەدا شتی ئاوها ڕووی نەداوە.
3) کوشتنی ڕوحی نەتەوەیی و نێشتمانگەری و حوکمی گەندەڵکاران و مافیاکان و بێکاری و هەژاری و دەوڵەمەندی مافیایی ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاندووە کە لە مێژوودا شتی وا نەبووە.
4) تێکشکانی هەرچی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکان هەیە بە هەموو ئاستەکانیەوە و شکاندنی کەسێتی مرۆڤ و نەمانی بەهاکان گەیشتۆتە چڵەپۆپە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و بەوشێوە ترسناکە لە ئارادا نەبووە.
5) کۆنەپەرستی لە هەموو ئاستەکانی ئایینی و فەرهەنگی و کەلتوری لە هیچ قۆناغێک لە قۆناغەکانی مرۆڤایەتیدا نەگەیوە بەو بێ ئەندازەییەی ئێستا.
6) خاڵی پێنجەم واتە پاشەکشەی مەدەنیەت و شارستانیەت و بیروباوەڕی پێشکەوتووخوازی؛ و پەرەسەندنی دواکەتوویی و کۆنەخوازی.
7) ئێستە هەموو پێداویستیە کەمالیاتەکان هەن بۆ کڕین بەڵام دەبێ ڕوحەکانی بۆ بفرۆشرێ.
8) خولانەوە لە بازنەی شەڕ و کوشتن و برسێتی و ئاوارەیی و ترس و بێ ئومێدی.
9) باری ژینگە و تەندرووستی تا دێت بەرەو خراپتر بوون دەچێ کە لە هیچ دەورەیەکی دنیادا ئاوها نەبووە. کۆرۆنا نموونەیەکی بەرجەستەیە و هەر خۆشیان درووستیان کرد و لە دەستیان دەرچوو، ئێستەش هەموو مرۆڤایەتی باجەکەی دەدات.
10) بە کورتی نەهامەتیەکانی دەورانی ڕوسیا/سۆڤیەت بە هەموو جۆرەکانیەوە چەندان قات زیادی کردووە.
لە دواییدا،
ئەمانە بەو مانایە نییە کە بڵیین ڕوسیا باشتر بوو بەڵام ڕاستیەکان ئەوەیە کە ئێستە دەیبینن. من دەزانم ڕوسیا لە مێژوودا چەندە درەندە بووە و چەندە دژە کوردبووە و ئێستاش چەندە دژە ڕۆژاڤایە بەڵام من وەک گشتگیری ناوچەکان قسەدەکەم و گەر ڕوسیا/سۆڤیەت وەکوو قوتب سەیری بکەین و بەرواوردی بکەین بە دەورانی ئێستەی دەسەڵاتی ئەمریکا لەو دوو ناوچەیەی لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ئەوا لەو کاتەوە ئەمریکا هاتۆتە ئەم بەشەی جیهان هەموو شتەکان بە تەواوی تێکشکاون و تەنیا شتێک ئەمریکا پێی بێت شەڕ و مالوێرانی و وێرانەیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاترە. [1]