ئەمڕۆ #27-11-2022#، #مەریوان قەرەنی#، ئەندامی پەڕڵەمانی ئێڕاق لە فراکسیۆنی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند: ئێمە لێرەوە بە پێویستی دەزانین جەخت لە ئەرکی خۆمان لە لێژنەی ئاساییش و بەرگریی پەڕڵەمانی ئێڕاق بکەینەوە کە ئەویش پێداگری کردنە لە مافە داراییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە یاسای بودجەی 2023ی ئێڕاق، ئەویش بەم جۆرە:
– ئەگەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی ئێڕاق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ پێشمەرگە تەرخان نەکردبوو، ئەوا ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدەین کۆدەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکەش درووست بکەین و لەگەڵ فراکسیۆنە هاوپەیمانەکانمان گفتوگۆ بکەین بۆ جێگیرکردنی ئەو مافە داراییانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
– ئەگەر لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی ئێڕاقدا مافە داراییەکانی پێشمەرگە ئاماژەی پێ کرابێت، ئەوا هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە دەبێت کە خاڵەکە بە جۆرێک دابڕێژرێتەوە، کە بەرژەوەندیی هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان مسۆگەربکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک هەوڵ لێرە و لەوێ ئاماژە بەوە دەکەن کە گوایە وەزارەتی بەرگریی ئێڕاق تەنیا مافە داراییەکانی لیوای (20)ی پێشمەرگە لە یاسای بودجەی 2023ی ئێڕاقدا جێگیر دەکات، ئێمە وێڕای پشتیوانیکردنمان لە جێگیرکردنی مافە داراییەکانی ئەو لیوایە، داوا دەکەین مووچە و مافە داراییەکانی سەرجەم هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هەردوو یەکەی (70 و 80)ی پێشمەرگەشەوە کە لە سنوورێکی بەرفراوان ئەرکی بەرگریکردنیان لە کوردستان لە ئەستۆیە، جێگیر بکرێت، ئەو مافە داراییانەش هەر تەنیا لە مووچەدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو پڕچەککردن و دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان، بە قەد مووچە بە گرنگ دەزانین.
ئەندامە کوردەکەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەڕڵەمانی ئێڕاق داوایەک لە حکوومەتی ئێڕاق دەکات و دەڵێ: (داوا لە حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی ئێڕاق دەکەم، لەبارەی مافە داراییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی و گفتوگۆ بکەن، ئەمەش بەپێی خاڵی 20ی میحوەری تەنفیزیی کارنامە حکوومەتی ئێڕاق کە لایەنە سیاسییەکانیش لەسەری ڕێککەوتوون و لە پەڕڵەمانی ئێڕاقیش دەنگی لەسەر دراوە).
مەریوان قەرەنی ئاشکراشی کردووە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەپێی دەستووری ساڵی 2005ی ئێڕاق، بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی ئێڕاق و لایەنە ئێڕاقییەکانیش لەم بارەیەوە ناتوانن نکۆڵی بکەن. بەڵام بەداخەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی دژایەتی کردنی بەردەوامی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێڕاق و کاریگەریی ڕۆحی شۆڤێنییانە بەسەر بڕیارەکانی هەندێک لە خوولەکانی ڕابردووی پەڕڵەمانی ئێڕاق، تاوەکوو ئێستا نەتواندراوە مافە داراییەکان هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک ئەوەی دەستوور بڕیاری لێ داوە، لە یاسای بودجە لە دەوڵەتی ئێڕاق جێگیر بکرێت. [1]