ناونیشانی بابەت: سوود وەرگرتن لە گازی سرووشتی سوتێنراو
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
ڕۆژانە ملیۆنان بە ڕمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت کە شان بەشانى ئەم نەوتە برێکی گازى تواوەى تێدایە کە پێی دەڵێن (الغاز المصاحب - associated gas). ئەم گازە لە ئێڕاقدا برەکەى ئەوەندە زۆرە کە سوود لە بەشێکی کەمى وەردەگیرێت و بەشە زۆرەکەى دەسوتێنرێت. ئەم برە لە کۆمپانیای نەوتى باکووردا بە 150 ملیۆن پێ سێجا و لە کۆمپانیای نەوتى باشوور بە700 ملیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.
ئەم گازەى دەسوتێنرێت بە فیرۆدانێکى گەورەى سامانی وڵات دەژمێردرێت و دەکرێت بە سوود وەرگرتن لەم گازە کارەبای سەرانسەری ئێڕاق چاک بکرێتەوە تەنانەت بشفرۆشرێت، هەروەها هەرچی کارگە هەیە پێی بخرێتە کارو گازی ماڵان بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە ئێستا دەستەبەر بکرێ یان ئەوەتا بە بۆری ڕابکێشرێتە ماڵان .
حکومەتى پێشووى ئێڕاق لە دواى جەنگی کوێتەوە بەهۆی ئابڵوقەى ئابوورییەوە دەرفەتى بۆ نەرەخسا ئەم کارە تەواو بکات و بە نیوەچڵی مایەوە.
لەدوای پڕۆسەى ئازادییەوە وەزارەتى نەوتى ئێڕاق توانى بیرێک لەم گازە سوتێنراوە بکاتەوەو بگاتە ڕێگە چارەیەک ئەوەبوو هەردوو کۆمپانیای شێل و میسیۆبیشى بانگهێشت کردو گرێبەستى لەگەڵ بەستن بۆ ئەوەى چیتر نەهێڵرێ ئەو گازەى لە کۆمپانیای نەوتى باشوور بەرهەم دەهێنرێ بسوتێت بەڵکوو بەکاربهێنرێ بۆ ڕایی کردنى بەشێک لە پێداویستیەکانى ناوخۆی ئێڕاق ئەوەى دەشمێنێتەوە هەناردەى دەرەوە بکرێ و بفرۆشرێت بەجۆرێک قازانجەکەى 51ى بۆ حکومەتى ئێڕاق 49 ش بۆ هەردوو کۆمپانیا بیانیەکە. ئەم هەنگاوە کارێکى چاکە بەڵام گازە سووتاوەکانى کۆمپانیای نەوتى باکوور ناگرێتەوە.
باکگراوندى سوودوەرگرتن لە گازى بەرهەمهێنراو
ئەگەر تاوێک بگەرێینە دواوە بۆ ساڵانى حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو دەبینین حکومەتى ئێڕاق لەو کاتەدا لە بواری ڕێگرتن لە بە فیرۆچوونی گازدا زۆر چوبوە پێشەوە بەڵام جەنگە یەک لە دواى یەکەکان گەورەترین کۆسپی خستە ڕێگەی و هەموو نەخشەکانى هەڵوەشاندەوە.
لە ناوەڕاستى حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا قۆناغی یەکەمی کۆکردنەوەى گازى باشووری ئێڕاق ئەنجامدرا کە دواتر دەنێردرا بۆ کارگەى بەرهەمهێنانى گازی شل لە قەزاى (زوبێر)، پاشان گەیاندنی لە ڕێگەى بۆرییەوە بۆ بەگەڕخستنى چەند پڕۆژەیەکی پیشەسازی وەک پترۆکیمیاوى و کاغەزو پەیین و ئاسن و چەندین پڕۆژەى تر، ئەمە وێرای کارپێکردنی چەند ویستگەیەکی کارەبا لە (نەجیبیە و ناسڕیە). هەروەها ڕاکێشانی لولەیەکی گواستنەوەى گاز لە ڕومێلەوە بۆ حەدیسە شان بەشانی هێڵی ستراتیجی.
لە ساڵی 1979 ش دەستکرا بەجێبەجێکردنی 3 پڕۆژەى زەبەلاح ئەویش دامەزراندنی پاڵاوگەکانی باکوور و کۆمپانیای گازی باکوورو کۆمپانیای گازى باشوور. هەموو ئەم پرۆژانە ڕۆڵیکی باڵایان گێرا لە ڕێگرتن لە سووتاندنى گاز.
سەرەڕای شەری هەشت ساڵەى ئێڕاق ئێران هەموو ئەم پرۆژانە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەى ڕابردوودا بەتەواوى جێبەجێکران. هەموو ویستگەکانى کەبسکردنی گاز نوێکرانەوە، لە کەرکووک 12 ویستگەى کەبسکردنى گاز دامەزرا. لە ئەنجامی ئەم چاکسازییەى ئەنجامدرا توانرا ئەو گازەى لە بەرهەمهێنانی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا پەیدا دەبوو پاک بکرێتەوەو کەبس بکرێ. ئەوەى لە پێویستی ناوخۆی وڵات زیاد دەبوو لە چەند تانکیەکی گەورە لە (خۆر زوبێر) لە باشوورى ئێڕاق کۆدەکرانەوە تا ئامادە بکرێن بۆ هەناردە کردن. تێچووی ئەم پرۆژانە لەو کاتەدا 2 ملیار دۆلار بوو کە لە توانایدا بوو ساڵانە 4.4 ملیۆن تەن گازى پرۆپان و بیوتان و گازۆلینی سرووشتى هەناردە بکات.
$شەری کەنداو پڕۆژەکەی پەکخست$
پڕۆژەکە لە تەموزی 1990 گەیشتە دوا قۆناغی و کۆتایی هات بە جۆرێک گازى ئێڕاق ئامادە بوو بۆ هەناردە کردن. دواتر یەکەم کەشتی بیانی لە بەندەری (خۆر زوبیر) لەنگەری گرت بۆ بارکردنى ئەو گازەى لە تانکیەکان هەڵگیرا بوون، بەڵام بەهۆی ڕوداوی داگیر کردنی کوێتەوە لە 2 ى ئابی 1990 ئەو کەشتیە بەپەلە بەندەرەکەى بەجێهێشت و ئیتر هەناردەکردنی گاز لە ئێڕاق دەنگ و ڕەنگی نەما.
ئەم پڕۆژەیە لە توانایدا بوو 95ى گازى بەرهەم هاتووى ئێڕاق بە باکوورو باشوورییەوە پاک بکاتەوە و نەهێڵێت بسووتێ، ئەمە وێرای درووستکردنی تۆرێکی گەورەى لوولەى گازى کە بە هەزاران کیلۆمەتر مەزەندە دەکرێت کە دابەشی سەرانسەری ئێڕاق ببو بۆ گەیاندنی گاز بۆ ویستگەکانى کارەباو پڕۆژە پیشەسازییەکان کە لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم وێنە بوو.
ئەوەى ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە هەرچەندە بەعسیەکان بایەخێکی گەورەیان بە کەرتی نەوت دەدا بەڵام ئامانجیان قایمکردن و توندوتۆڵ کردنى ڕژێمەکەیان بوو نەک خزمەتکردنی گەلى ئێڕاق. [1]