ناونیشانی بابەت: کێڵگەى بەدرەى نەوتى هاوبەش لەنێوان ئێڕاق و ئێران
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
کێڵگەى بەدرە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى پارێزگاى واستەوە لە دوورى 160کم لە باشوورى ڕۆژهەڵاتى شارى بەغدا.
ئەم کێڵگەیە بە یەکێک لە کێڵگە هاوبەشەکانى نێوان ئێڕاق و ئێران دادەنرێت، ئەو بەشەى کەوتۆتە ناو ئێڕاقەوە درێژییەکەى 16کم و پانیەکەشى 6کم دەبێت.
لە ساڵى 1977 بۆ یەکەمجار لەلایەن کۆمپانیایەکى ڕۆمانییەوە ڕوپێوی بۆ کراوە پاشان لە ساڵى 1978 کۆمپانیاى (CGG)ى فەرەنسى بەهەمان کار هەڵسان.
یەدەگی ئەم کێڵگەیە 109ملیۆن بەرمیل نەوتە.
لە 17ى حوزەیرانى 1978 یەکەم بیرى نەوتى لێ هەڵکەندرا بە قوڵى 5002 مەتر لەساڵى 1980بیرى ژمارە 2 هەڵکەندرا بەڵام بەهۆى هەڵگیرسانى جەنگى ئێڕاق و ئێران تەواونەکراو کار لەو کێڵگەیە بە یەکجارى وەستا و ئاوڕى لێنەدرایەوە تا دواى پڕۆسەى ئازادی.
لە ساڵى 2008 بەدواوە حکومەتى ئێڕاق بیرى لە هێنانى کۆمپانیاى بیانى بۆ ئێڕاق کردەوە ئەوەبوو لە خولى دووەمى بەخشینى مۆڵەت بە کۆمپانیا بیانییەکان کێڵگەى بەدرە بۆ 4 کۆمپانیا دەرچوو بە پیشکى جیاواز کۆمپانیاى (گاز برۆم)ى ڕوسى بە ڕێژەى سەدا 40، کۆمپانیاى(TIB)ى تورکى بە ڕێژەى سەدا 10، کۆمپانیاى (کۆکواز)ى کۆرى بە ڕێژەى 30، کۆمپانیاى (پترۆناس)ى مالیزى بە ڕێژەى سەدا 20. بە پێى گرێبەستى نێوان حکومەتى ئێڕاق و ئەو کۆمپانیانە پێویستە لەسەریان بەرهەمى ئەو کێڵگەیە بگەیەننە 170هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرانبەر وەرگرتنى 5 دۆلار و 40 سەنت بۆ هەر بەرمیلە نەوتێکى بەرهەمهێنراو بەو مەرجەى سەدا 35ى پارەکەى وەک باج بدرێت بە حکومەتی ئێڕاق، 25 بۆ کۆمپانیاى نەوتى باکوور دەبێت کە هاوکارییان دەکات.
لەو هەنگاوانەش کە دواى گرێبەستەکە نراوە ئەوەیە چەند دانیشتنێک لەنێوان کۆمپانیاکان و نوێنەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوور ئەنجامدراون و بریاردراوە سەرلەنوێ ڕووپێوێکى تر بکرێتەوە. بەڕێوەبەرى کۆمپانیا ڕوسىیەکە وتوویەتى کە کۆمپانیاکەیان متمانە دەکاتە سەر شارەزایانى ئێڕاقى لە ئەندازیار و هونەرییەکان و کرێکار.
هەر لە سنوورى شارى واست پێشتریش کێڵگەى (الاحدب) درا بەچینییەکان و لە ئاییندەدا ئەم شارەشدەبێت بە شارێکى نەوتى و بەرهەمى دەگاتە 275 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە بۆى هەیە کۆمپانیایى نەوتى واست دابمەزرێنن بە پێى ئەو ڕێسایەى وەزارەتى نەوت لە سەرى دەروات کە هەر شارێک 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت بۆى هەیە کۆمپانیایەکى سەربەخۆ دابمەزرێنێت. [1]