ناونیشانی بابەت: ئایینی #ئێزدی# و شوێنەوارەکانی لە کوردستان/ بەشی دووەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$پیرۆزییەکانی ئایینی ئێزدی$
$مەلەک تاووس$
لە ئایینی ئێزدیدا جگە لە خوای گەورە، کە سەرچاوەی هێز و ئەفراندنە، زۆر ڕێز لە فریشتەیەک دەگرن بە ناوی (مەلەک تاووس).
مەلەک تاووس لە ئایینی ئێزدیدا پێگەیەکی زۆر بەرز و تایبەتی هەیە، بەو ڕادەیەی، کە لەدوای خوای گەورە و تاک، دەبێتە جێی بڕوا و ستایش. لە سەرچاوەکاندا زۆر بە جیاوازی باس لە ئەفراندن و پێگەی مەلەک تاووس دەکرێت، بەڵام باوترین بڕوا و ڕا، کە هی توێژەرانی ئێزدییە، وا دەڵێ، کە مەلەک تاووس لە سەرەتاوە بوونی نەبووە، بەڵکوو خوا ئەفراندوویەتی و کردوویەتی بە سەرۆکی ئەو حەوت فریشتەیەی دنیا بەڕێوە دەبەن، کە هەر یەکێکیان لە بوارێکدا چاودێریی کاری دنیا دەکەن”.
ئێزدییەکان بڕوایان وایە، کە خوا بۆیە مەلەک تاووسی ئەفراندووە و گەورەترین پێگەی پێ دا و، بۆ ئەوەی تەواوی کاروباری دنیا و بوون بداتە دەست ئەو، بەتایبەت کاروباری گەلی ئێزدی بۆ بەخشین و هیدایەتکردن و پرس و ڕا، هەروەها خوا بەهۆی مەلەک تاووسەوە لە گوناهەکانی ئێزدییەکان خۆش دەبێت، بۆیە ئەمانە وایان کردووە، کە هەندێ جار ئەم هێزە بکەوێتە سەرەوەی هێز و بوونی خوا و مەلەک تاووس وەک خوا و تاکە هێز بناسرێت.
ئێزدییەکان بۆ زیندووهێشتنەوەی یادی مەلەک تاووس و گەیاندنی پەیامی یەکگرتوویی، هەستان بە درووستکردنی ڕێوڕەسمێک بە ناوی (گڕی تاووس)، کە ساڵانە دوو جار ئەنجام دەدرێت.
ئەم ڕێوڕەسمە، کە لە لایەن چەندین کەسایەتیی ئایینی جێبەجێ دەکرێت، بە هەڵگرتنی پەیکەرێکی ئاسنین، کە بە شێوازی تاوس درووست کراوە و گەڕاندنی بەناو شار و گوندە ئێزدینشینەکان، گەیاندنی پەیامی یەکڕیزی و گرنگیدان بە ئایینی ئێزدی ئەنجام دەدرێت و هەر جارە و چەند ڕۆژێکی پێدەچێت.
بە گوتەی سەرچاوەکان، مێژووی ئەم ڕێوڕەسمە بۆ نزیکەی 900 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە ئێستاشدا ساڵانە لە لایەن بڕوادارانی ئەم ئایینە جێبەجێ دەکرێت.
[1]