دەقی پەیامەکەی #مەسعود بارزانی#:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان،
به بۆنەی حەفتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەکەتان، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ئێوە و هەموو ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی شۆڕش و ئامرازێکی گرنگ و کاریگەر بوو بۆ پێگەیاندن و هۆشیارکردنی ئافرەتانی کوردستان و فراوانکردنی بەشدارییان لە ژیانی سیاسی و خەباتی گەلی کوردستاندا و، لەو ڕێگەیەدا یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ماندووبوون و قوربانیی زۆریشیان داوە.
لە قۆناغی ئێستادا ئەرکی ئێوە لەڕووی هۆشیاریی نیشتیمانی و پێگەیاندنی ئافرەتان و داکۆکیکردن لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ئافرەتان زۆر گرنگە و دەبێ لە ئاراستەی بەشداریی کارای ئافرەت لە ژیانی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستاندا بێت. لەوەش دڵنیام یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هەر وەک قۆناغەکانی پێشووتری خەباتی خۆی، لە داهاتووشدا ڕۆڵی کاریگەر و پێشەنگی خۆی لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی ئافرەتان دەگێڕێت.
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم
مسعود بارزانی
11ی کانوونی یەکەمی 2022[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!