دوای لێک نزیکبوونەوەی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و #پارتی دیموکراتی کوردستان# بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پۆستی چەند وەزارەت و بریکاری وەزارەتێک، #بزووتنەوەی گۆڕان#یش لە ڕێگەی پارتییەوە فشارەکانی بۆ سەر یەکێتی چڕکردووەتەوە کە ئەو پۆستانەی کە تا ئێستا لای یەکێتی ماون دەبوو وەریان بگرێت لە سنووری پارێزگای #هەڵەبجە# پێی بدرێت دیارترینیشان پۆستی قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و حەوت بەڕێوەبەری گشتییە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی یەکێتی نشتیمانی کوردستانیان کردووە و لە کۆبوونەوەیەکدا بزووتنەوەی گۆڕان داوایان لە بەرپرسانی یەکێتی کردووە تەواوی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێی بکەن کە لە ساڵی 2014 واژۆیان لەسەر کردووە، لەبارەی دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی لە وەڵامدا ئەوەیان بە بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان وتووە کە ئەو بابەتە تەنیا لە دەسەڵاتی #بافل تاڵەبانی# و بڕیاری مەکتەبی سیاسی هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای لێک نزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتی، بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ئەوقاف و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری #بەغدا# و بریکاری وەزیری ناوخۆ و چەند پۆستێکی دیکە، بزووتنەوەی گۆڕانیش بە نهێنی داوایان لە پارتی کردووە کە فشار لەسەر یەکێتی درووست بکەن بۆ ئەوەی بێتە ژێر باری پێدانی ئەو پۆستانەی کە مافی ئەوانن و تا ئێستا وەریان نەگرتووە، وەک قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و حەوت بەڕێوەبەری گشتی و یەک بەڕێوەبەری شارەدێ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
پارتی بەنیازە ئەو داواکارییەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاڕاستەی یەکێتی بکات و ئەوەیان پێ ڕابگەیەنێت کە وا پێویستە سەرجەم گۆڕانکارییەکان بە یەک پاکێج ئەنجام بدرێن و ئەگەری زۆریش هەیە ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی تێکەڵ بەو گۆڕانکاریانە بکرێت کە وابڕبارە لە دوای سەری ساڵ ئەنجام بدرێن. [1]