ناو: حەسەن خال
ناوی باوک: هەمزە مەلا
ساڵی لەدایکبوون: 1930
ڕۆژی کۆچی دوایی: #11-07-1998#
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی #مێرگەسۆر#
شوێنی کۆچی دوایی: مێرگەسۆر
$ژیاننامە$
حەسەن خاڵ هەمزە مەلا ساڵی1930 لە شارۆچکەی مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، دایکی ناوی ئەسمەر حەسەن بووە و ساڵی 1946 بە نەخۆشی تیفۆ لە #مەهاباد# کۆچی دوایی کردووە. حەسەن لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی پەیمانگای پیشەسازی لە بەشی پاڵاوتنی نەوت لە مۆسکۆ وەرگرتووە، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت لە ساڵى 1959 لە مووسڵ نیشتەجێ بووە و دواتر لە کارگەی شەکر لە مووسڵ بە ئەندازیار دامەزراوە، ساڵی 1979 باوکی لەلایەن حکومەتی ئێڕاق بۆ باشووری ئێڕاق ڕاگوێزراوە و لە پارێزگای دیوانیە لە شارۆچکەی عەفەک نێشتەجێ کراوە و لەبەر خراپی باری کەش و هەوا و ئاوی پیس کۆچی دوایی کردووە، لە ڕێکەوتی 11ى تەموزی 1998 کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی مێرگەسۆر بەخاک سپێردراوە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە 12ی تشرینی یەکەمی 1943 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرەزۆکی کردووە، لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازیی ئێڕاق دەستبەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراو و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە 5ی ئەیلوولی 1945 بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووە، ساڵی 1945 دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان بەشداریی شەڕەکانی مێرگەسۆر و بەرەی ڕواندز و گردە کەوانی کردووە.
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ #مستەفا بارزانی# و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە، لە 29ی نیسانی 1946 بەشداریی شەڕی قاراواى کردووە لە ناوچەی سەقز، دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشداری شەڕەکانی (گەلان بەران دیز و میراوه)ی کردووە، لە ڕێکەوتی 13 لەسەر 14ى ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی گوجار و لە ڕێکەوتی 25ى ئاداری 1947 بەشداری شەڕی هەڤرس و هەلەجى کردووە. هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و لە شەڕەکانی پیرس، نەهله، سەری خازر و مرێبای کردووە و لە کۆتایی هەمان ساڵ بەشداری شەڕەکانی زاوێتە و لۆمان و سوارەتوکانی کردووە، ساڵی 1962 سەر لق بووە لە یەکێک لە لقەکانی سەربەخۆی هێزی باڵەک، هەمان ساڵ بەشداریی شەڕەکانی سیاکۆ، کێڵەشین و هیران و نازەنینی کردووە، لە ڕێکەوتی 14 لەسەر 15 حوزەیرانی 1963 بەشداری شەڕی سەری ئاکرێ و شەڕەکانی گۆڕەز و مەیدان مۆریک و مەزنێی کردووە و لە شەڕی مەزنێ بە سەختی بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی خەلەتەوژ کراوە.
ساڵی 1966 بەشداریی شەڕی زۆزکی کردووە و لە و شەڕەدا برینداربووە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەدەرەوەی وڵات بووە و دەستی ڕاستی بڕدراوەتەوە و دوای گەڕانەوە تا ساڵى 1975 کراوە بە بەرپرسی دەستەی پاسەوانەکانی مەلامستەفا. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵى 1975 بە پەنابەر ڕوودەکاتە ئێران و لە نەغەدە نیشتەجێ دەبێت و دواتر چووەتە کەرەج، ساڵی 1976 بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە و لە سلیڤاناى ڕۆژهەڵاتى کوردستان نیشتەجێ بووە و لە لێژنەی ڕاوێژکاری هاوکار بووە لەگەڵ #ئیدریس بارزانی# و #مەسعود بارزانی# .
ساڵی 1994 گەڕاوەتەوە کوردستان، لە ڕێکەوتی 16ى ئابی 1996 لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕیندا لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕەوی بەرەو یەکێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە. کۆتا پلەی لە پێشمەرگایەتى فەرماندەى بەتالیۆن بووە.[1]