$کورد لەنێوان پیرۆزکردنی مێژوی ئیسلام و ڕەخنە لێگرتنیدا$
نووسینی: #عیماد عەلی#
کورتییەکەی، ئەوەی ئێستا بە شێوەیەکی ڕاڕا و ترس و زۆرجار بە نهێنیەوە باس و خواس لەسەر مێژووی ئیسلام و پیرۆزیەکانی دەکرێت ئەوەیە، کە سەرەڕای چەندین پەڕتووک و نووسینی بە نرخ بەڵام لە ڕووی زانستیەوە مێژووی ئیسلام لەوەدا دەبینرێت دوور لە قورئان تەنیا بە شێوەی زارەکی گواستراوەتەوە و ئەوەی هەیە تەنیا حیکایەتە و دوورە لە بەڵگە باوەڕپێکراوەکان و ڕاستی و تەنانەت زۆرێک لە پێداگرتن لەسەر حەقیقەتی ئەو مێژووە ناڕوونە و بە پیرۆزکردنی ڕێڕەوی مێژووی ئایینی ئیسلام، خاڵە نادیار و کەموکورتییەکانی داپۆشیوە و قسەوباس و ڕەخنەگرتنی بڤەکردووە، بە تایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا خەڵک بە وریایی و ڕاڕاییەوە خۆی لەقەرەی ئەم شێوە باسانە دەدات و، بۆ سەلامەتی گیانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.
لە پاش شەپۆلی هاتنە ئارای ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و فشارەکانی و ڕاوبۆچۆنی توند و زبر تا ڕادەی تیرۆری ئەوانەی خۆیان لەقەرەی ئەم مێژووە و حەقیقەتەکان دەدەن، وایکردووە کە زۆر بە دەگمەن خەڵکانێک دەرکەون باوەڕ و بیرکردنەوە و ڕای خۆیان لەسەر حەقیقەتەکانی مێژووی ئیسلام و پەیوەندیی بە نەتەوەکانی ئەم ناوچەوە دەرببڕن .
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە کە کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکە زیاتر لەوبارەوە کەمتەرخەمە و خۆی بەدوور دەگرێت لە مەسەلەیەکی چارەنووسسازی گرنگی زانستی لەم شێوەیە سەرەڕای ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمی دەردانەکانی مێژووی ئیسلامە و تەنانەت وەکوو نەتەوە لە ژێر هەڕەشەی لەناوچوونی ڕەسەنایەتی سەرجەم بوارە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و فەرهەنگی و دابونەریت و تایبەتمەندییەکانی خۆیەتی.
$هۆکاری سەرەکی ئەم بارەی کورد زیاتر بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە:$
1) لەگەڵ نەبوونی دەوڵەتدا، نەبوونی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەراهەمبونی ڕێگەی پان و بەرین بۆ سەپاندنی سەرجەم بیر و باوەڕەکانی ئەویتری نەگونجاو و هەبوونی ڕێگری هەمەلایەن لە ڕۆشنبیران و خەڵکی بەتوانا بۆ ڕوونکردنەوەی حەقیقەتە مێژووییەکان و خەفەکردنی وێستگە درووستەکانی بەرەنگاری و ڕووبەڕوبونەوەی هاوردە نەگونجاو و زیانبەخشەکانی کاروانی مێژووی گەلی کوردستاندا.
2) کەمی بوێری و نەبوونی ئازایەتی ڕۆشنبیران بۆ خۆ لەقەرەدانی مەسەلەیەک کە هۆکاری سەرەکی دواکەوتن و ماڵوێرانی و بەدبەختی گەلی کوردستانە و زیاتر خۆسەرقاڵکردنێتی بە شتی لاوەکیەوە.
3) حزبایەتی تەسک و کێبرکێ و کاری پۆپۆلیستانەی هەمووان بۆ ڕازیکردنی ڕای گشتی و کۆی خەڵک لە پێناو بەرژەوەندی تەسک و کاری هەمەجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کورتخایەن و ئامانجی تەکتیکی لەسەر حسابی بەرژەوەندیی ستراتیجیی میللەت و دوورکەوتنەوە لە مەسەلە فەلسەفییەکان و حەقیقەتە مێژووییەکان.
4) نەبوونی پڕۆژە و دامودەزگای فەڕمی بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستن و باسکردنی حەقیقەتە مێژووییەکانی لەمەڕ کورد و کوردستان و ڕێڕەوی ڕەوتی ئیسلامی لەم ناوچەیەدا.
5) پاشکۆیەتی و کلکایەتی زۆر لایەن بۆ ئەویتر لە زۆر بواردا و بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بەم مەسەلەیەوە هەیە.
6) تەرخاننەکردنی هیچ توانایەکی ماددی و مەعنەوی بۆ زیادکردنی مەعریفەت و زانینی مێژووی کوردستان و هاتنی ئیسلام و حەقیقەتە شاراوەکانی بە درێژایی مێژووی ئەم ناوچەیە و باسنەکردنی بۆ خەڵک و پەندلێوەرگرتنی.
7) ترساندنی خەڵک بە پیرۆزکردنی ئەم بابەتە و نەهێشتنی خۆ لەقەرەدانی لە لایەن هیچ کەسێکی دیارەوە.
8) نەهێشتنی هیچ بوارێک لە هیچ کونجێکدا، بە تایبەتی شوێنە ئەکادیمیەکان هەرچەند کارەکە زانستیش بێت بۆ توێژینەوە و زاڵبوونی فکر و عەقڵی ئایینی پڕگیر و لاتەریب لە ناوەندە زانستیەکانی کوردستان.
9) بە گرنگ دانەنانی ئەم بابەتە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پەراوێزخستنی دەدرێت لە پێناو خۆسەپاندنی عەقڵی دواکەوتوویی بەسەر زۆربەی بڕیار بەدەستانی کوردستاندا.
بۆ فریاکەون و دەرچوون لەم چەقبەستوویەی ئەم بوارەى هەیە، پلانێکی هەمەلایەن و خەڵکانی دڵسۆز و بڕیار بەدەستی دەوێت بۆ ئەوەی گرنگێتی ئەم مەسەلەیە لەبەرچاو بگیرێت و باری سیاسی و ململانێی حزبی زاڵنەکات بەسەر پرسێکی گرنگی لەمشێوەیە، هەر هیچ نەبێت بۆ هەڵگیرسانی مۆمێک لە ڕێگەی نەوەکانی ئاییندەی گەلی کوردستاندا، سەرەڕای ئەو هەموو کەموکورتیەی لە سەرجەم بوارە ڕۆشنبیریەکاندا لەئارادایە. [1]