#ئارێز عەبدوڵڵا#
دەڵێی ئەردۆگان فرچکی بە ڕۆژاوای کوردستانەوە گرتووە، هەر کە بەیانی لە خەو هەڵدەستێ تا دەخەوێ بە بۆنە و بێ بۆنە لە دژی کورد زمانی ناچێتەوە کالانێ و هەڕەشە لە دوای هەڕەشە لە ڕۆژاوا دەکات. دیارە بۆ ئەو سیاسەتەی پاساوێکی بێمانا دێنێتەوە، بەڵام سوڵتانە، هێزی هەیە و پێی دەخوڕێ!
لای هەمووان ڕوونە، کە تورکیای ژێر دەستەی ئەردۆگان نەک هەر پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دراوسێی خۆی نییە، بگرە لەگەڵ هەمووانیش دوژمنایەتی هەیە، کەچی ئەو تەنیا ئەو نیمچە قەوارەیەی ڕۆژاوا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی تورک دەزانێ. ئایا بەڕاستی ڕۆژاوا مەترسییە، یان ئەوە ئەردۆگان و دەوڵەتەکەیەتی کە لە هیچ شوێنێک چاویان بەرایی نادا کورد بە ئازادی ببینن؟
ئایدۆلۆژیەتی دەوڵەتی تورک ئاشکرایە کە ئەوان بوونی خۆیان لە نەبوونی کورد دەبینن، بۆیە تەنانەت لەگەڵ شەیتانیش ئامادەی هەموو سەودا و سازشێکن بە مەرجێک لە دژی کورد بێ. نامەوێ لێرەدا شرۆڤەی ئەو بابەتە بکەم، بەڵام دەمەوێ باسی ئەوە بکەم کە ئایا ئەگەر ئەزموونی ڕۆژاوا لە ناوبرا دڵی ئەرۆگان ئاو دەخواتەوە؟
هەرگیز نا، بەڵکوو ئەوە دەبێتە هەنگاوی یەکەم بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتێک کە لەناوبردنی هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی.
نابێ ئێمە پێمان وابێ هەڕەشەکانی ئەردۆگان لە ڕۆژاوا (ئاگرە سوورە، لەخۆم دوورە) و بەس. هەر کەس و لایەنێکیش ئەوەی پێ ڕاستبێ کە ئەوە تەنیا دوژمنایەتی و ناکۆکی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەیەدە یان تەنانەت #پەکەکە#ش زۆر ساویلکەیە، یان وەکوو مناڵ بەدەست چاوی ئەگرێ تا پشیلە نەبینێ.
پیلانە درێژخایەنەکەی تورکیا زۆر مەترسیدارە و پێویستە لەبەر چاو بگیرێ. تا کار لە کار نەترازاوە ڕەنگە ئێمەش بتوانین ڕۆڵێکی مرۆڤ دۆستانەمان بۆ خوشک و براکانمان هەبێ و مەترسی سەر هەرێمی کوردستانیش کەم کەینەوە.
نابێ جیاوازی و ناکۆکی نێوان لایەنە کوردستانیەکان پاساوی جێبەجێ نەکردنی ئەرکێکی نیشتمانی بێ لەبەرانبەر ئەو هەڕەشەیەی کە قۆناغی دووەمی بە دڵنیاییەوە پوکاندنەوەی هەرێمی کوردستانە. [1]