ناو: حسێن
نازناو: حسۆ میرخان ژاژۆکی
ناوی باوک: میرخان غەزالی
ڕۆژی لەدایکبوون: 1932
ڕۆژی شەهیدبوون: #010-9-1983#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #ژاژۆک# ی شارەدێی #گۆڕەتوو#
شوێنی شەهیدبوون: #پشت ئاشان# ی دامێنی چیای #قەندیل#
$ژیاننامە$
حسۆ میرخان ژاژوکی ساڵی 1932 لە گوندی ژاژوکى سەربە شارەدێی گۆڕەتوو لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، میرخان غەزالی باوکی ساڵی 1932 بەشداریی شۆڕشی یەکەمی بارزانی کردووە. حسۆ میرخان لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و ساڵی 1959 توانی بڕوانامەی دیبلۆم لە بەشی کشتوکاڵ وەربگرێت و هەمان ساڵ پاش گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی مووسڵ دامەزراوە، زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی و ڕووسی زانیوە.
$خەباتنامە$
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزان-ى سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە و لە شەڕەکانی بەرەی سەقز لە کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشداری کردووە، دواى نسکۆى کۆمار لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەرال مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەرال مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەرال بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێراق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووه، لە کانوونی یەکەمی ئەو ساڵەدا کراوە بە فەرماندەی میحوەری سەری سیرک و تەنیرکا، لە ساڵانی 1961 و 1962دا بەشداریی زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی بادینانی کردووە، لە 21ى تشرینی یەکەمی 1961 یاوەری مەلا #مستەفا بارزانی# بووە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە گوندی سینا ناوچەی نێروە، لە 7 تا 12ى کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ بەشداریی شەڕی گەلی زاویتەی کردووە لە میحوەری سێیەم بووە. ساڵی 1963 فەرماندەی هێز بووە لە ناوچەی مزورییان، لە 14 لەسەر 15 حوزەیران بەشداریى شەڕی سەری ئاکرێی کردووە و سەرقۆڵ بووە و لەو شەڕە بریندار بووە. لە 4ى تشرینی یەکەمی 1964 بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا بە فەرماندەی هێزی کاوە لە ناوچەی #پشدە#ڕ کە سەر بە لەشکری دووی هەولێر بوو، ساڵی 1969 بەشداریی شەڕی دۆڵی شەهیدانی کردووە.
لە ڕێکەوتی 3ى تشرینی دووەمی 1971 بە فەرمانی ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش پلەی نقیبی پۆلیسی کاتی پێدراوە و بووە بە فەرماندەی فەوجی دوازدەی پاسەوانی سنوور لە قەڵادزێ، ساڵی 1974 گەڕایەوە سەر بەرپرسیارەتی پێشووی خۆی کە فەرماندەی هێزی کاوە بوو لە قەڵادزێ.
ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بە پەنابەرى ڕوودەکاتە شانشینی ئێران لە کۆمەڵگەی ڕەبەت لە ناوچەی سەردەشت نێشتەجی دەبێت، دواتر بۆ ماوەی دوو مانگ دەچێتە کۆمەڵگەی زێوە و مانگێک لە کۆمەڵگەی جەهروم و چوار ساڵ لە شاری یەزد نێشتەجێ دەبێت، بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری نەغەدە نێشتەجێ دەبێت، هەمان ساڵ بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە و فەرماندەى هێز بووە.
لە 11ى تشرینی دووەمی 1980 بەشداریی شەڕی #حاجی ئۆمەران# ی کردووە و لەم شەڕە بریندار بووە، دواتر چوو بۆ ناوچەی پشدەر و بیتوێن، ساڵی 1983 بەشداریی شەڕی دۆڵی شەهیدانی کردووە، لە ڕێکەوتی 1ى ئەیلوولی ئەو ساڵەدا بەشداریی شەڕی #قەندیل#ی کردووە و لەو شەڕە لە ناوچەی قرناقا و پشت ئاشان شەهید کراوە.[1]