ناو: پیرۆ
ناوی باوک: چێچۆ عەزیز
ساڵی لەدایکبوون: 1922
ڕۆژی کۆچی دوایی: #15-11-2006#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #گوێزێ#
شوێنی کۆچی دوایی: #بەحرکە#
$ژیاننامە$
پیرۆ چیچۆ عەزیز ساڵی 1922 لە گوندی گویزێى سەربە شارەدێی #شێروانی مەزن# لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤێت ژیانی هاوسەری لەگەڵ سەخیبە سخاوەددین پێکهێناوە، خاوەنی کچێک بوونە بەناوی زلیمر پیرۆ کە لە ساڵى 1955 لەدایکبووە، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە کارگەی شەکر لە مووسڵ دامەزرا، لە کاتی دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول، ماڵی خۆی گواستوەتەوە بۆ گوندی گویزێ، ساڵی 1978 لەلایەن ڕژێمی بەعس گواستراوە بۆ کۆمەڵگای بەحرکە و دواتر لە هەولێر لە گەڕەکی بەستەپیازە نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵ، ساڵی 1991 وەک پەنابەر ڕوو دەکاتە کۆماری ئیسلامی ئێران و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان، ساڵی 1996 لەبەر شەڕی ناوخۆ ماڵی خۆیان بەجێ هێشت و چوونە کۆمەڵگای بەحرکە، شارەزایی لە هەردوو زمانی کوردی و ڕووسی هەبووە، لە ڕێکەوتی 15 تشرینی دووەمی 2006 کۆچی دوایی کردووە و لە بەحرکە بەخاک سپێردراوە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و لە شەڕەکان بەشدار بووە و دوو جار برینداربووە، لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفی سەربازی ئێڕاقی دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراو و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ#مستەفا بارزانی# و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە و بەشدارى شەڕەکانى بەرەى سەقزى کردووە.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان بەشداریی شەڕی #نەغەدە# و شەڕى #شنۆ# ى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و #مزورى#.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان. [1]