ناو: پیرمووس
نازناو: پیرۆ یوسف
ناوی باوک: عومەر خەلیل
ساڵی لەدایکبوون: 1916
ڕۆژی کۆچی دوایی: #23-03-1997#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #هرور# ی شاری #دهۆک#
شوێنی کۆچی دوایی: شارۆچکەی #زاخۆ#
$ژیاننامە$
پیرموس عومەر لە ساڵی 1916 لە گوندی هرورى سەربە شارەدێی کانی ماسێ لە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، پاش چوونى بۆ یەکێتى سۆڤیەت لەبەر بە تەمەن داچوونى، نەیتوانیوە بچێت بۆ زانکۆ و لە کارکردن بەرەوام بووە، هەر لە یەکێتی سۆڤێت دوو جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، جاری یەکەم لەگەڵ خەجیجە و خاوەنی کچێک بوونە بەناوی خالیدا، کە ساڵى 1959 کە ئەو گەڕایەوە کوردستان، خەجیجە لەگەڵى نەهاتەوە و جاری دووەم ژیانی هاوسەری لەگەڵ سدقیە نیشان محەمەد کە خەڵکی کۆماری ئازەربایجان بوو پێکهێناوە و خاوەنی دوو کچ و کوڕێک بوونە بەناوی ڕەمەزان پیرموس کە لە ساڵى 1955 لەدایکبووە. ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن حکومەتی ئێڕاق گواستراوەتەوە بۆ کانی ماسێ، ساڵی 1977 گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگای تەلکەبەر و دواتر لە تەشیش بۆ ماوەی پینج ساڵ نێشتەجێ دەبێت و پاشان ماڵی خۆی گواستوەتەوە بۆ چەم سەدیدا، لە کاتی هێرشکردنی حکومەتی ئێڕاق بۆ سەر گوندەکان ماڵی خۆی بردە ناو ئەشکەوتێک لە بەری نزاری و ماوەی دوو ساڵ لەناو ئەشکەوت دەژیان، لە ڕێکەوتی 23 ئاداری 1997 لە زاخۆ کۆچی دوایی کردووە.
خەباتنامە
پیرموس عومەر ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و بەشداری شەڕەکانی بلێ، ڕێزان و بارزان کردووە، لە ڕێکەوتی 6 تشرینی دووەمی 1943 بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی گۆڕەتووى کردووە، لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفی سەربازی ئێڕاقی دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراو و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە 5ی ئەیلوولی 1945 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووه، لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ #مستەفا بارزانی# و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە #مەهاباد#، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان و لە هەولێر نیشتەجی بووە و دوای چەند مانگێک چووەتە ئامێدی و دواتر بۆ هرور و سیارەتویکا.
ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، ساڵی 1988 لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی ئەنفال لەلایەن حکومەتی ئێڕاقی بۆ ناوچەی بادینان وەک پەنابەر ڕوو \دەکاتە کۆماری تورکیا و لە ئارۆش نیشتەجێ بووە و دواتر لە کۆمەڵگای موش و ماردینى باکووری کوردستان نیشتەجێ دەکرێت، ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان، لە ڕێکەوتی 16 ئابی 1996 لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕیندا لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، یاوەریى بارزانى بەرەو یەکێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێبەخشراوە.
[1]