$بۆ کیژێک لە هوانەی #سلێمانی# پەلامار درا و چارەسەر چییە؟$
نووسینی: #سۆران حەمەڕەش#
یەکێک لە پایە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، دادوەری و ئارامییە. لە سەرەتای مرۆڤایەتیەوە دەرک بە گرنگی ئەوانە کراوە و بۆ فەراهەم کردنی، یاسا هێنراوەتە کایەوە. هەر لەبەر ئەم گرنگیە بووە کە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر سۆمەریەکان یاسایان نووسیوە و بناغەی شارستانیەتەکەیان پێ بەهێز کردووە. ئەو یاسا نووسینە بۆ مەبەستی ئەوە بووە کە کۆمەڵگەکەیان ڕێکبخرێت، ناکۆکیەکان چارەسەر بکرێت و مافەکان بپارێزرێن و بەوجۆرە کۆمەڵگەی داداوەری و ئارامی درووست بکەن. هەر ئەو کاتە بە ڕوونی یاساکان دەڵێن، ئەگەر کەسێک چاوی کەسێکی کوێر کرد، دەبێت سزاکەی بدات. بۆ ئەوەی سزاکە کۆتایی بە کێشەکە بهێنێت و لەوێدا کێشەکە پەرە نەستێنێت و کۆمەڵگە لە ئارامی و ئاساییشدا بێت و تاکەکان هەست بکەن کە مافیان پارێزراوە. لەبەر ئەوە هەمیشە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە یاسا تێیاندا سەروەرە، کۆمەڵگەیەکی ئارامن و کەمتر کێشە تییاندا ڕوودەدات.
جا لە دوێنێ وە کێشەی پەلاماردانی ئەو کیژە لە هوانەی سلێمانی، سۆشیال میدیای تەنیوە. تاکەکان بەپێی بیروبۆچوون و ئایدۆلۆجیای خۆیان، هەر یەکە و خەتاکە دەخاتە ملی لایەنێک و کێشەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ بابەتێک. زۆربەی جار ئەگەر سەیری ڕوانگەی هەر یەک لەو کەسانە بکەین بۆ کێشەکە، ئەوا بە ڕوونی دەبینین کە پەیوەستن بەو ئایدۆلۆجیایەی کە بڕوایان پێیەتی. یەکێک دەڵێت ئەو کچە بۆ چووتە ناو ئەو کوڕانەوە و یەکێکی تر دەڵێت ئەوە پەروەردەی داعشیی باشوورە. جا لەم قەرەباڵغی و کێشمەکێشی علمانی و ئیسلامیەدا کێ ڕاست دەکات؟
وەڵامەکەی ڕوونە، یاسا ڕاست دەکات. ئەو یاسایەی کە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر نووسرا، لە بنەڕەتدا بۆ ئەو مەبەستە بووە. بۆ ئەوەی کەسەکان بەپێی بۆچوونی خۆیان کێشەکان یەکلایی نەکەنەوە. بەڵکوو یاسایەک دابنرێن کە هەمووان، سەرەڕای جیاوازی بیروبۆچوونیان، پەنای بۆ بەرن وکۆمەڵگە لە شەڕو ئاژاوە و ناکۆکی بەدوور بێت. لە ناو ئەم قەرەباڵغیەدا تەنیا پیاوێک (هێندەی من ئاگادار بم) چارەسەرە لۆجیکیەکەی خستە بەردەممان، ئەویش حاکم شێخ لەتیف بوو. ئەو بەڕێزە، وەک کەسێکی یاسایی، بەم شێوەیە ئاماژە بەو کێشەیە دەکات:
بەگوێرەی مادەی 402 لە یاسای سزادان کە دەڵێ سزادەدرێ بە سزایەک کە زیاتر نەبێ لە سێ مانگ زیندنی ھەرکەسێک بە قسە بێ یان کردەوە یان بە ئاماژە دەست درێژی بکاتە سەر مێینەیەک لە شوێنی گشتیدا، وە لە تاوانەکانی مادەی 3 ی یاسای بنەما دادگەریە سزاییەکان نییە وەک ئەوەی لە ڕونکردنەوەی پۆلیسدا ھاتوە، بەلکوو تاوانی مافی گشتیەو، ئەوانە دەستدرێژیان کردووە تەنھا دەست درێژیان نەکردۆتە سەر ئەو کیژە بەلکو دەستدرێژیان کردۆتە سەر ئاساییشی گشتی کۆمەڵگا و نیزامی گشتی پێویستی بەسکالا نییە و پێویستە لەسەر پۆلیس و دەزگاکانی لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ھەموو ئەوانە بکەن کە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە.
وەک بینیمان، گەر کۆمەڵگە بدرێتە دەست حوکمی تاکەکان، ئەوا ئایدۆلۆجیاکانمان ئاڕاستەی حوکمدانمان بەسەر ڕووداوەکاندا دەکەن و بەپێی ئەوە یەکلایی دەکەینەوە. بەڵام گەر بدرێتە دەست یاسا، ئەوا لە دەرەوەی ئەو ڕوانگە شەخسیەی خۆماندا کێشەکان چارەسەر دەکرێت. جا یاساکان بۆ لە باشووردا پشتگوێ خراون؟
ڕاستەیەکەی لەگەڵ زیادبوونی کاریگەری سۆشیال میدیا لە جیهان و بە تایبەت لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکاندا، بەرپرسەکان دەرکیان بە کاریگەری ئەو ئامرازە بەهێزە کردووە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک سوودی لێدەبینن بۆ بەهێزکردنی پێگەیان. بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتدا کە ئەمڕۆ بە گشتی یاسا و حوکمڕانی بناغەی پتەوی نیە، دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ ئەمانە بۆ خۆ دەرخستنیان. بۆیە زۆر جار دەیانبینیت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە سەر بودجەی خۆیان وەک ئەوەی کە خێر بە میللەت بکەن، هاوکاری نەخۆشخانە دەکەن، یان بە بڕیاری خۆیان، وەک ئەوەی کە خۆیان یاسا و دەوڵەت بن، شوێنێک دەکەنەوە یان دادەخەن. بەرپرسەکان لەدەرەوەی یاسا و بە مەزاجی خۆیان و بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی شەخسی، دەیانەوێت ببنە شوێنگرەوەی یاسا و لەدەرەوەی یاسادا کارەکانیان ئەنجام بدەن. زۆر جار بەرپرس کەسێک دەکوژێت، لەدەرەوەی یاسادا پارتێکی سیاسی ب ەنەریتی عەشایەری چارەسەری بۆ دەکات. بەو جۆرە بە بەردەوامی بەرپرسانی باشوور یاسا دەخەنە ژێر پێیانە و ڕۆژانە هەزاران حاڵەتی لەو شێوەیە بەدی دەکرێت. مەترسیەکە ئا لێرەوە دەست پێدەکات کە لەبری یاسا مەزاجی بەرپرس و بیروبڕوای کەسەکان ببێتە یاسا و بناغەی ڕێکخستنی کۆمەڵگە.
جا هۆکاری ئەوەی کە ئەو گەنجانەی بەو جۆرە ڕەفتاریان کرد لە هوانە، بەشی گەورەی پەیوەستە بەوەی کە سزایەکی یاسایی لە بەرچاویاندا نییە کە لێی بترسن. یاسا لە باشووردا سەروەر نییە و پۆلیس خۆی کە پارێزەری یاسایە، لێی ئاگادار نییە. بۆیە دەڵێت کەس سکاڵای نەکردووە. ئەوان ئاگاداری ئەوە نین کە وەک حاکم شێخ لەتیف ئاماژەی پێکردووە ئەوە دەسترێژیکردنە سەر ئاساییشی گشتی کۆمەڵگە. دەبوو لە کۆبوونەوەیەکی وادا، پۆلیس کە پارێزەری یاسا و ئارامییە، لەوێدا ڕێگر بووایە لەو ڕووداوە ناشرینە، نەک چاوەڕوان بکات یەکێک سکاڵا بکات. نەبوونی پۆلیس لە بۆنەی وا گەورەدا، نەبوونی سەپێنەری یاسایە و ڕێگە خۆشکردنە بۆ ڕووداوی لەو جۆرە.
لە ڕاستیدا ئەو ئارامیەی کە لە ئەوروپا بەدی دەکرێت ئەوە ئاکامی چاکی تاکەکانی نیە، بەڵکوو بەهۆی باڵادەستکردنی یاساکانە کە ڕێ لە هەموو جۆرە کارێک دەگرن کە ببنە مایەی نائارامی و نائاساییش. ڕووداوی کیژەکەی هوانە و چەندین کێشەی تر کە لە داهاتوودا ڕوودەدەن، هۆکاری زۆریان لە پشتەوەیە و دەشێت دەیان لێکۆڵینەوەیان لەسەر بنووسرێت و تەنیا لە ڕێگای لێکۆڵینەوەی زانستیەوە، لەدەرەوەی بۆچوونی سەرپێیی شەخسی خۆماندا، دەتوانرێت لە هۆکارەکانیان تێبگەین و بڕیار لەسەر چارەسەری درێژخایەن بدەین. بەڵام پێش هەمووشتێک ئەو ڕووداوە تێکدانی نا ئارامی کۆمەڵگەیە و لە بنەڕەتدا یاسا چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆ ئەوە هاتۆتە کایەوە کە ئارامی و ئاساییش دەستەبەر بکات. لەبەر ئەوە ئەگەر بۆ هەموو کێشەکانمان سەرەتا پەنا بۆ یاسا و پتەوکردنی نەبەین، ئەوا ئێمە لە داهاتوودا ڕێگەخۆشکەر دەبین بۆ دەرکەوتنی ڕووداوی هاوشێوە و هەنگاو بەرەو پاشاگەردانی تەواو و ئەوپەڕی نا شارستانیەت دەنێین. [1]