بابەت: وتار
نووسین: #مەسعود سەرچناری#
$لەم سەردەمی بێ تەربێتی و بێ ئەدەبیەدا، #مەیار عەفرینی# تۆ ئەو هەموو تەربێت و ئەدەبە بەرزەت لەکوێوە هێنا$
لەم سەردەمی ڕق و کینە و خۆخۆریەدا، تۆ ئەو هەموو ئیحساس و ئامۆژگاریە جوانەت چۆن بە ئێمە پیشاندا؟
لەم سەردەمی نائومێدی و بێ هیواییەدا، تۆ چۆن بەم زستانە ساردە وەک گوڵاڵە سوورە سەرت دەرهێناو هیوات کردەوە بەناو دڵماندا ؟
گەر ئێستا من وەزیری پەروەردە ئەبام هەر بە بڕیارێک دایک و باوکی ( مەیار )م ئەکرد بە ڕاوێژکاری خۆم.
کۆمەڵێکی زۆریش لەو کەسانەم ئەناردەوە بۆماڵەوە کە چەندین ساڵە بەناوی پەروەردە و ئەدەبەوە خەریکی قسەی زل و چەنەبازی و گرفان پڕکردن بوون و شیرازەی کۆمەڵگاکەمانیان شێواندووە.
بڕیاریشم ئەدا ئەو وتە ئاڵتونیانەی مەیار بکرێت بە سروودێک و هەموو بەیانیەک لەکاتی ڕیزبوونی قوتابیەکان، لە گۆڕەپانەکەدا بەدەنگی بەرز بووترێت لەبری وتنەوەی سروودە سواوەکەی ئەی ڕەقیب،
ئینجا بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دایک و باوکی مەیار و چەندین خەڵکی دڵسۆزی تری گەلەکەمان، وانەیەکی ترمان زیاد ئەکرد بۆ قوتابخانەکان
وانەی ئەخلاق و ئەدەب
وانەی ڕەووشت بەرزی ئینسان
وانەی سەربەرزی و کۆڵنەدان
وانەی ڕێز و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان
ئەو وانەیەی کە گرنگترە لە هەموو وانەکان
چونکە بەداخەوە لە ڕابردوودا لە نەبوون و غیابی ئەو وانە گرنگەدا
ئێستا دکتۆرمان هەیە بازرگانی بە چارەنووسی مرۆڤی نەخۆشەوە دەکات
بەرپرسمان هەیە کە بۆ بەرژەوندی خۆی خاک و نیشتمان هەڕاج دەکات
دادوەر و پارێزەرمان هەیە کە دیفاع لە ناهەقی و ناعەدالەتی دەکات
مامۆستای ئایینیمان هەیە کە دینەکەی بەکارئەهێنێت و خۆی دەوڵەمەند دەکات
ئەندازیارمان هەیە لەبەر بڕێک پارەی زیادە بینا و ڕێگاوبان سەقەت دەکات
هونەرمەندمان هەیە بۆ مووچەیەکی بندیوار خۆی و هونەرەکەی ڕسوادەکات
نووسەر و شاعیرمان هەیە قەڵەمەکەی ئەفرۆشێ و پارە پەیدادەکات
وەستامان هەیە هەتا ئیشێکت بۆ دەکات هەزار درۆت لەگەڵدا دەکات
دوکاندارمان هەیە دووقات پارەی شتێکت لەسەر حساب دەکات
شۆفێرمان هەیە ئەوەندە بێ ئەدەبە هەر سەیارە لێخوڕینشت لەبەرچاو دەخا ت
کە لە فەرمانگەیەک یان لە جێگایەکی گشتیشدا لەسەرەیەدا ڕاوەستاویت چەند کەسێکی بێ ڕەوشت بە ئاشکرا نۆرەبڕیت لێدەکات
ئەوە بۆیە ئەبێت ئەو وتانەی مەیار گیان کە لە ماوەیەکی کەمدا هەموو سۆسیال میدیای هەژاند و خەڵکی ڕاچڵەکان، ببێت بە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ داهاتووی میللەتەکەمان
ئیتر مامۆستا لەپێش وتنەوەی وانەکان منداڵەکان فێری ئەخلاق و ئەدەب بکات
ئیتر دایک و باوکانیش جوان لەوەتێبگەن کە بڕوانامەی بەرز و پلەوپایەی داهاتووی منداڵەکانیان بەبێ بوونی ڕووشتێکی بەرز، ناو و ناونیشانی ئەوانیش ناشرین دەکات. [1]