پڕۆفیسۆر دانا خدر مەولوود
بەشی یەکەم
پێشەکی
لەم ماوەیەی دواییدا بەهۆی کەمیی ڕێژەی باران بارین، بابەتی ئاو بووەتە جێی قسە و باسی میدیاکان لە هەرێمی کورستاندا، هەروەها بوو بە کێشەیەکی دیار کە بانگەشەی بۆ دەکرێت و، جەختی لێ دەکرێتەوە. لەسەرەتاوە پێویستە باس لەوە بکرێت کە ئەگەر لە ساڵێکدا باران نەبارێت، یان لافاو ڕووبدات، ناکرێت کێشەکە گەورە بکرێت، ئەگەر سیستەمێکی تۆکمە و زانستیی پێشوەختە لە ئارادا هەبێت. ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەیە بۆ کەمتەرخەمی لە سیاسەت و پاراستنی ستراتیجیی ئاو لە هەرێمی کوردستان و هەموو ئێڕاقدا، چونکە تاکو ئێستا هیچ پلانێکی درێژخایەن بۆ ئەم مەبەستە لە هەرێم و ئێڕاق دانەنراوە، لە هەمان کاتدا دانانی پلانێکی تۆکمە و پێشوەخت پێویستە بوودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان بکرێت. ئەو دیراسەی کە لەم ڕاپۆرتەدا باسی ئاوی حەوزەکانی هەولێر دەکات، تیایدا ڕەوشی ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئاو نیشان دەدات. بۆیە دەتوانین بڵێین کە سیاسەتێکی ڕاست و درووستی ئاومان نییە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاو و عەمبارکردنی بە شێوەیەکی ئەندازەیی ڕاست و درووست، بۆیە پێویستە پسپۆڕی تایبەت لە بواری زانستی ئەندازەی هایدرۆلۆجی کاری لەسەر بکەن.
ئاشکرایە ئاوی ژێر زەوی سەرچاوەیەکی بنەڕەتیی دابینکردنی ئاوە لە هەموو جیهان، هەروەها جێگرەوەی ئاوی سەر زەوییە، بەڵام بە مەرجێک بە شێوەیەکی درووست پلانی بۆ دابنرێت.
ئێمە زۆر جار لە میدیاکاندا گوێمان لێ دەبێت کە دەکرێ ئاوی ژێر زەوی پارێزگاری لێ بکرێت، بە بێ ئەوەی بنەمایەکی زانستی هەبێت بۆ بەکارهێنانی بە شێوەیەکی زانستیی گونجاو. بەڕاستی جێی داخە کە ڕۆژانە لە میدیاکاندا بە بێ بوونی بەڵگە و داتای زانستی قسە لەسەر بابەتی ئاو دەکرێت. کە دەبێت پسپۆڕی تایبەت بە زانستی هایدرۆلۆجی ئاو قسە لەسەر ستراتیجیی ئاو بکات. هاوکات پێویستە ڕێگەی زانستی و جێگرەوەی هەبێت، بۆ کاتێک کە ئەگەر بێتو لافاوێک ڕووی دا، ئیفرازی 1و 2 و3 و ئیفرازی 4 لە داهاتوودا هەموو بکەوێتە ژێر ئاوی لافاو، بە مانای ئەوەی کە ئاوەکە لێڵ نابێت بۆ چەند ڕۆژێکی کەم، بەڵکوو هەر ئاو نامێنێت بۆ شاری هەولێر، کە پێویستە پسپۆڕانی بواری ئاو پلانێکی تۆکمە و زانستی بۆ داهاتوو دابنێن و چارەسەری گونجاوی بۆ دابنێن، چونکە ئەگەر لافاوێک ڕووبدات لە تورکیا و ئێران لەبەر ئەوەی سەرچاوەی ئاوەکە لەوێیە، ئەوکاتە ئێمە ئاوێکی لێڵمان بۆ دێت. کە لە زانستی هایدرۆلۆجی شتێکی زانراوە، ئایا پسپۆڕان پلانی گونجاویان بۆ داناوە؟ ئایا چارەسەری جێگرەوە بۆ ئەم کێشەیە هەیە؟
وەک ئاشکرایە کێشەی گەورە ئەوەیە کە ئەگەر ماددەیەکی کیمیایی ژەهراوی، یان پاشماوەی کارگەیەکی کیمیایی لە تورکیا و لە ئێران لەگەڵ ئاوەکە تێکەڵ بوو کە تووشی پیسبوونی ئاو بوو، ئەو کاتە ئاوەکە ئیمکانیەتی خاوێنکردنەوەی نامێنێت، چونکە توانای خاوێنکردنەوەی ئاو سنووردارە. مانای وایە خەڵکەکەی هەموو ژەهراوی دەبێت. ئایا تا ئێستا بیر لەو ڕوودانە کراوەتەوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، لەبەر ئەوە دەبێت حکومەت بە پلەی بنەڕەتی کێشەی ئاو بخاتە ئەستۆی خۆی و ستراتیجییەکی ڕاست و درووستی ئاو بۆ هەرێمی کوردستان درووست بکات، چونکە سامانێکی زۆر گەورەیە بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی ئێڕاق، دەکرێت ببێتە بابەتێکی زۆر باش کە سوودی لێ وەربگیرێت، هەم لە بواری ئابووری هەمیش سیاسی، هەروەها دانانی سیاسەتی ئاو. لە هەمان کاتدا داڕشتنی سیاسەتی ئاو پلانێکی زۆر درێژخایەنە کە بوودجەکی زۆر گەورەی دەوێت، بەڵام دەکرێت پلانێکی ڕاست و درووست هەبێت هەنگاو بە هەنگاو دەست پێ بکەین بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی ئەو ئەگەرانەی کە دێنە پێشمان. ئەگەری زۆر گەورە و بچووک هەن، ئەو ئەگەرەی کە ئێستا ڕوویداوە، ئەگەر ساڵیک باران نەبارێت، کێشە نییە بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئەگەرەی کە لافاو لە تورکیا و ئیران ڕووبدات، کە ئاوەکەی لێڵ کردووە، ئەدی ئەگەر لافاو لە هەولێر ڕووبدات و ئەگەر ئیفرازەکان تێکچوون، ئەی چارەسەری جێگرەوە بۆ ئەم حاڵەتە چییە؟ لێرەدا دەتوانرێت چەند پرسیارێک ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار بکرێت، کە ئایا ستراتیجیی ئاو بەم شێوەیە؟ دامەزراندنی ئاو بەم شێوەیە؟ پاراستنی ئاو بەم شێوەیە؟ چارەسەری ئاوی لافاو بەم شێوەیە؟
بۆیە بەڕاستی دەبێت لە هەرێمی کوردستان پسپۆڕ لە بواری ئەندازەی ئاو پێک بهێنرێت و دەکرێت پسپۆڕانی بواری جیۆلۆجی و ئاودێری، وەکوو هاوکاری سوودیان لێوەربگیرێت بۆ دانانی چارەسەری کێشەی ئاو.
لە 0.35٪ ئاوی دەریاچەکانە و ڕێژەی ئاو لە چینی بەرگەهەوای زەوی 0.04٪، و تەنیا 0.01٪ ڕووبارەکانە لە جیهان و بەشی 80٪ی خەڵکی جیهان دەکات. لێرەدا وەکوو سێیەم وڵاتانی جیهان کێشەی کەمبوونی ئاویان هەیە کە بە ڕێژەی 40٪ی خەڵکی جیهانە، ئەم وڵاتانە کێشەی دابینکردنی ئاویان هەیە بۆ پێداویستییەکانی ئاوی ماڵان و گشتی و کشتوکاڵ، کەواتە 1.2 ملیار مرۆڤ کێشەی دابینکردنی ئاویان هەیە، وەکوو ئاوی خواردنەوە وشوشتن وکشتوکاڵ، 1.8 ملیار مرۆڤ کێشەی ئاوەڕۆی هەیە. جگە لەوەی لە جیهاندا نزیکەی 80٪ نەخۆش و 30٪ لە مردووەکان بەهۆی پیسبوونی ئاوەوەیە. پێشبینی دەکرێت کە 37 وڵات لە ساڵی 2025 کێشەی کەمبوونی ئاویان دەبێت، بۆ پێداویستییەکانی ئاوی ماڵان و خواردنەوە و شووشتن و کارگەکان و کشتوکاڵ.
بە پێی دوایین زانیاری کە لە بارەی بیرەکانی ئاو وەرگیراوە، ژمارەی بیری کشتوکاڵی لە هەموو پارێزگای هەولێر (4661) بیرە و بیرەکانی ئاوی خواردنەوە (4220) بیرە و ژمارەی بیرەکانی پیشەسازی دەکاتە (163) بیر بەمەش کۆی گشتیی بیرەکان دەکاتە (9044) بیر لەسەر ئاستی پارێزگا.
هەروەها بەپێی دوایین زانیاری سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر بەندە لەسەر (55%) ئاوی ئیفرازەکان، دوای خاوێنکردنەوەی لە وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاودا، هاوکات بەشەکەی دیکەیش بەندە لەسەر ئاوی ژێر زەوی بە ڕێژەی (45%)، هەروەها ژمارەی بیرەکان دەکاتە (1200) بیر لە ڕووبەری شاری هەولێر کە (400 کم 2)یە.
لە ئێڕاق و هەرێمی کوردستان گیروگرفت لە بەڕێوەبردنی ئاو هەیە، بۆ نموونە هەولێر، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی باران بارینی بە خوڕ لە وەرزی زستان و بەهاردا، بووە هۆی نقوومبوونی شەقامەکانی ناو شار و گرفتی هاتوچۆ لەو شەقامانەدا، لافاو چووە ناو بەشێک لە ماڵی هاونیشتمانییەکان و شوێنی ئاو و ئاوەڕۆکان، کە بووە هۆی گەیاندنی زیانی ماددی و گیانی بە هاووڵاتی و حکومەت.
لە وەرزی هاویندا خەڵکی شار سکاڵا دەکەن لەسەر کەمیی ئاو، یەکێک لە گرینگترین خاڵەکانی چارەسەرکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا، بریتییە لە گرینگینەدان بە تۆپۆگرافیی شوێنەکان و سوودوەرنەگرتن لە ئاو لە وەرزەکانی زستان و بەهار، کە دەتوانرێت بڕێکی زۆر ئاوی تێدا گل بدرێتەوە لە شوێنە ئاست بەرزەکاندا بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە وەزی هاویندا بەهۆی هێزی کێشکردنی زەوی بە بێ پێویستی بە پەمپ و تێچوو، کە هەمیشە پێویستی بە چاککردنەوە و وەستانە بۆ ماوەیەکی زۆر و بە مەبەستی چاککردنەوە.
لە ئەم ساڵدا زۆربەی سەرچاوەکانی ئاو کەمیان کردووە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، جگە لەوەش دابەزینی بڕی ئاوی باران بارین لە هەرێمی کوردستان بە بێ هەبوونی پڕۆژەی پێویست بۆ سوودوەرگرتن لە ئاوی لافاو و گۆڕینی ئاوی لافاو لە وێرانکاری بۆ گرینگترین سەرچاوەی ئاو.
پارێزگای هەولێر ڕووبەری نزیکەی (15،074کم2)یە، کە نزیکەی (3.5%)ی ڕووبەری هەموو ئێڕاق دەگرێتەوە. ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی (2،113،000)ە و یەکێکە لە پارێزگا هەرە گرینگەکانی ئێڕاق. هەروەها چوارەم گەورەترین پارێزگایە لە ئێڕاق. ئاوی ژێر زەوی سەرچاوەی سەرەکیی کشتوکاڵ و ئاودێری و ئاوی خواردنەوەیە لە شاری هەولێر، ئاوی سەرزەوی بە زۆری گونجاو نییە بۆ بەکارهێنانی پێداویستیی مرۆڤ بە هۆکاری جۆراوجۆر. بیری هەڵکەندراو بەکاردێت بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی کە لە زۆربەی شارۆچکەکاندا هەیە. بەم شێوەیە ئاوی ژێر زەوی ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە زۆربەی بوارەکان لە شارەکەدا. پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی کێشەیەکی سەرەکییە لە کوردستان، لە هەمان کاتدا دیراسەکردن و بەڕێوەبردنی ئاو سنووردارە لە ناوچەکەدا.
حەوزەکانی هەولێر:
حەوزی هەولێر، یان دەشتی هەولێر خەزانی ئاوی ژێرزەوییە لە پارێزگای هەولێر، ڕووبەری نزیکەی (3200کم2)یە بە قووڵایی نزیکەی (800م)، حەوزی هەولێر بە گرینگترین حەوز دادەنرێت لە ناوچەکەدا بەهۆی کواڵیتیی ئاوەکەی و بڕەکەی و نزیکی لەسەرڕووی زەوی،(unconfined aquifer) مانای وایە کە باران ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ئەکویفەر(aquifer)، بەڵام هەندێک لە بەشەکانی دەبێتە (semi-confined aquifer) یان (confined aquifer) . بە گشتی حەوزی هەولێر دابەش دەبێتە سەر سێ بەشی سەرەکی بە ناوەکانی (کەپران) کە دەکەوێتە بەشی باکوور، حەوزی ناوەند کە دەکەوێتە بەشی ناوەڕاست، (باشتەپە) کە دەکەوێتە بەشی باشوور. هەروەک لە وێنەی (1) دیارە.
(*)
ئەندامی بۆردی زانکۆی کوردستان- هەولێر
سەرۆکی بەشی شارستانی/کۆلێژی ئەندازیاری/ زانکۆی سەڵاحەددین.[1]