$ڕووداو کەناڵێکی ژەهراوی$
#ئیدریس مستەفا#
لە پەراوێزی پرسیاری بێژەرێک و ڕووداوی لافاوەکەی #هەولێر#دا
هیچ میدیایەکی کوردی لەوی دی باشتر نییە، بەڵام ڕووداو بەلایەک و ئەوانی تریش بەلایەکی تر. مەسەلەکەش لە میدیای سەر بەدەسەڵات و سێبەر و سەربەخۆدا نییە بەڵکوو لەو ئاڕاستەی کارکردنەیە کە کەناڵی ڕووداو بە مەبەست و بە بەرنامەوە کاری لەسەر دەکات بە پشت بەستن بەو داهاتەی لە سامانی سرووشتی هەرێم بەشێوەیەکی تایبەت بۆیان دابین دەکرێت و دەمی ئەو میدیاکارانە چەور دەکات کە بە دوای پاروی چەورەوەن و زمانیان چەورە. لەسەرو ئەمەشەوە بینەر هەستدەکات دەستێکی دەرەکی لە ناو ستۆدیۆکەوە لە پشتێتی. خودی وجودی کەناڵەکە و بێژەرەکان و پێشکەشکارەکانیان بەڵگەی ئەو ئاڕاستە ژەهراویەن و لێرەدا من ئاماژەیەکی بەپەلە بە هەندێکیان دەدەم:
لەسەر ئاستی سیاسی: کەناڵی ڕووداو لە مێژە دژە کوردبوونی خۆی لە دژی ڕۆژاڤا و دژی پ ک ک دەربڕیوە. لەسەر ئاستی نێوخۆیی هەرێم:
کەناڵێکی دژە سلێمانییە و بە دوای ئەوەوەیە شتێکی خراپ لە #سلێمانی# و ناوچەی سلێمانی ڕووبدات و یەکسەر بیگوازێتەوە. لەسەر ئاستی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و پرۆفیشناڵی تابڵێی خاڵین لە مۆراڵی قسەکردن. بۆ نموونە ئەمڕۆکە بە ڕێکەوت بە دوای ئەوەوەبووم بزانم هەواڵی تازە لەسەر لافاوەکەی هەولێر چی هەیە، بە ڕێکەوت بەرنامەیەک بوو بە ناوی پەنجەمۆر کە لەگەڵ شوکرتە ڕەسوڵ دیداری دەکرد. لەوێدا شوکریە ڕەسوڵ باسی ئەو ڕۆژگارەی دەکرد کە لە ڕوسیا، سۆڤیەت، بوون و ئەو پەیوەندیانەی لە کوردستانەوە لە ڕیگەی نامە گۆڕینەوەوە هەیانبووە و وتی کاتێ کە لە ڕوسیا بووم مەسعود محەمەد نامەی زۆری بۆ دەناردم کەچی پێکەشکارەکە یەکسەر قسەکانی پێی بڕی و وتی خۆ حەزی لێ نەکردبووی. ئەم شێوازە لە بێ ئەدەبی قسەکردن لەو جارانەوە هاتووە کە هیوا جەمال بە شێوەی پرسیار بێ ئەدەبی بەرانبەر میوانەکانی دەکرد وەک جارێکیان لەگەڵ بەهمەنی قوبادیدا کردی کە بەداخەوە ئەویش لە وەڵامدانەوە بەوجۆرەی بیژەرەکە ڕۆچووە ناو ئەو زەلکاوە بێ ئەدەبیەی کەناڵی ڕووداوەوە. دیارە هەموان دیومانە شاهۆ ئەمین ڕۆژانە چ وشەی بێرێزی دەکاردەهێنێ لە کاتی پێشکەشکردنی هەواڵەکاندا کە مرۆڤ لەسەر جادەش بەکاریان ناهێنێ. لەسەر ئاستی نێوخۆیی هەولێریشدا، بۆ نموونە وەک لافاوەکەی دوێنێکەی هەولێر، لەو هەموو ڕووداوە جەرگبڕانەی ناو ئەو لافاوە کەچی ئەم کەناڵە دەهات لافاوەکی شاری مەهاباد دەهێنێ وەک ئەوەی بڵێ خۆ هەر هەولێر نییە ئەوەتا لە مەهابادیش لافاو درووست بووە. یاخود لەگەرمەی ئەو لافاوەدا کەچی ئەم کەناڵە ڕاستەوخۆ ڕووماڵی فیستیڤالی سینەمای سلێمانی دەکرد لە کاتێکدا زۆر کەم شتی باش و جوانی سلێمانی ڕووماڵ دەکات. ئەو ڕووداوەی هەولێر واپیشان دەدەن گوایە کارەساتێکی سرووشتیە و هەموو جیهان تووشی دەبن بەڵام ئەوەی لە هەولێر ڕوودەدات تەواو مەسەلەیەکی ئیداری و خزمەتگوزاریە کە بێ کەڵکی حکومەت و دەسەڵاتەکەی هەرێم پیشان دەدات، ئەوەی لە ئەمریکا ڕوودەدات ڕەشەبای تۆڕنەیدۆیە و ئەوەی لە یابان ڕوویدا تسۆنامیە ئەمانە کارەساتی سرووشتین نەک لافاوێک کە خەڵکی سادەی گەڕەکەکان دەڵێن بێ خزمەتگوازاری ئاو و ئاوەڕۆیە. [1]