$بۆچی تاڵیبان و داعش دەگەڕێنەوە؟$
#ئیدریس مستەفا#
دوای بیست ساڵان بزووتنەوەی تاڵیبان وادەگەڕێتەوە سەر تەختی دەسەڵات یان شەریکە بەشی دەسەڵات لە ئەفغانستان. ئەم پێشڕەویە مەیدانیانەی تاڵیبان دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا لە مانگی ڕابردووە دەستی کردووە بە چۆڵ کردن و بەجێهێشتنی سەربازی لەو وڵاتەدا. ئەو ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەفغانستان هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانێکی، سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە کە سێ ڕۆژ پێش ئێستا وتی: مەترسیەکانی داعش بەردەوامە. ئەگەر هاوپەیمانان، واتە ئەمریکا، گەر پاشەکشە بکات ئەوا کارەسات درووست دەبێت لە ئێڕاقدا چونکە داعش لەسەرتاسەری ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی بوون و سونەنشینن چالاکییان زیاتربووە و زیاتریش دەبێت، بۆیە کشانەوەی هاوپەیمانان دەبێتە کارەسات بۆ ئێڕاق.
ئەفغانستان و ئێڕاق، هەرێمی کوردستانیش لەنێویدا، تەنیا دوو دەوڵەتی دونیان کە نەک بەرزترین ڕێژەی گەندەڵی و خراپەی دەسەڵات و ئیدارەی تێدایە بەڵکوو گەندەڵی و فەسادی ئیداری و حوکمی مافیایی سیستەمی ئەو دوو وڵاتە پێکدەهێنێ؛ بە ڕادەیەک کە نەک هەر لە مێژووی ئەو دوو وڵاتەدا بەڵکوو لە مێژووی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەر بڵێم جیهانیش زێدەڕۆیی نیە، بوونی نەبووە.
کرۆکی مەسەلەی گەڕانەوەی تاڵیبان و سەرهەڵدانەوەی داعش دوورونزیک پەیوەندی بە کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ و ئەمریکاوە یاخود بەهێزی تاڵیبان و داعشەوە نییە وەک بەرپرسە سەربازیەکەی هەرێم دەڵێ کە داعش ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەهێزبووندایە؛ بەڵکوو پەیوەندی بەو پڕۆژە شکستەی دەسەڵات و خراپەکاریانەی هەردوو چینی دەسەڵاتداری ئەفغانستان و ئێڕاق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە. مێژووی بیست ساڵەی حوکمی دەسەڵاتیدارێتی لە ئەفغانستان و مێژووی سی ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی و ئەوانی تر وا لە گەنجان و خەڵکانی تر دەکات ڕوو لە تاڵیبانەکان و داعشیەکان بکەن چونکە هیچ مەنفەسێک بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانە، واتە دوور لە خۆفرۆشی و تەنازول بۆ حزب و دەسەڵات، نەماوەتەوە.
لە لایەنی کلتووری و فەرهەنگیشەوە، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات هۆکاری سەرەکی بوون لەسەرهەڵدانی هەر بەها و ئەخلاقیاتێکی کۆنەپەرستی وەک درووستکردنی مەلا و بانگەخواز و قەوارەی ئیسلامی سەر بە خۆیان کە ئیش و کاریان تەنیا بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی فەرهەنگی و هزری کۆنەپەرستی چ بە ڕووە ئایینییەکەی و چ بە ڕووە غەیرە ئایینیەکەی. فەرهەنگی پیاوسالاری ئایینی وەک دووژنە و چەند ژنە و سێکس و خەمی ناوگەڵ کە هەمیشە وێردی سەرزاری ئایینیەکانە؛ هزری کۆنەپەرستی، بینینی ژن وەک کاڵایەکی سێکسی و تام چێژ بۆ پیاوان کە بریتییە لە هێنانەپێشی کچان و ژنانی بە ناو مۆدێل و گۆرانی و شاجوانی شاران و وڵاتان و دامەزراندنی چەندان کەناڵی میدیایی بەتاڵ و حەتاڵ. چ لە ئەفغانستان و چ لە کوردستان و ئێڕاق هەمان تاس و حەمام بەڕێوە دەچن بێ هیچ جیاوازیەک.
ئەمریکا کە دەکشێتەوە، دەیەوێ زیاتر ئەو وڵاتانە ڕۆ بچنە نێو نائارامی و شەڕ و ئاژاوەی نێوخۆییەوە. ستراتیژی ئەوەڵ و ئاخیری ئەمریکا وێرانکردنی هەر شوێنێکە کە بۆی دەچێ. دیموکراسی و هەڵبژاردن دوو درۆی گەورەی دەستی ڕۆژاوان بۆ هێنانە سەر حوکمی خەڵکانی خۆیان وەک شیعە و سوونە و سەرکردە کوردەکان لە ئێڕاق و کوردستان و موجاهیدەکانی جارانی ئەفغانستانی دژ بە ڕوسیا. ئەوانەشی کە خۆیان دەیانهێننە سەر کورسی دەسەڵات دەبێ شۆرابێتنەوە لەهەر شتێکی باش و گونجاو. تاڵیبان و داعشیەکانیش ڤێرژنێکی تری ڕۆژاوا و ئەمریکان و لەهەر جیگایەک بیانەوێ خەرابە (وێرانی) درووست بکەن دەیانهێنن و پشتیوانی مادی و لۆجستیان بۆ دابین دەکەن. ئەوەی لەو نێوەدا دەفەوتێ خەڵک و جووڵانەوەی بەرهەق و هزری سالمانە و ڕەوتی مەدەنیەت و پێشکەوتووخوازی و ئازادیخوازیە لەو وڵاتانەدا. [1]