ناونیشانی بابەت: کوردستان سەرچاوەی زمانە هیندۆئەوروپاییەکانە
نووسەر: د. #مەهدی کاکەیی#
13 توێژەری جیهانی لێکۆڵینەوەیەکیان ئەنجام داوە لەبارەی سەرچاوەی زمانە هیندۆئەورووپاییەکانەوه. هاووڵاتێتی توێژەرەکان و ژمارەیان ئەمانەن: 3 نیوزیلەندی، 1 بەلژیکی، 2 هۆڵەندی، 2 ئوسترالی، 4 ئەمریکایی، 1 بەریتانی، کە کاردەکەن لە ناوەندى توێژیین و بەشی زانستى ئەم بابەتانە: {کۆمپیوتەر، مایکرۆبایۆلۆژی و بەرگریی جەستەیی، زانستی زمانی سایکۆلۆژیی، مێشک (زانستی ناسینی مێشکیى و ڕەفتار) ، سایکۆلۆژی، کولتور و مێژوو و زمان و زانست لەبارەی ئاسیا و ئۆقیانۆسی ئارام، زانستی زانیاریی تەندرووستیی و زانیاریی بایۆلۆژی، ژینگەی مۆلیکیۆل و پێشکەوتن، فەلسەفە، زانستی بیرکاریی بایۆلۆژی، زانستی ستاتستیکی بایۆلۆژی، زانستی ژێنێتیکی مرۆڤی، زانستی تێگەیشتن و پێشکەوتنی مرۆڤ}.
لەم توێژیینە، ئەم ناوەندە زانستانە و زانکۆیانە بەشداریان کردووە: زانکۆی ئۆکلاندی نیوزیلەندی، ناوەندی زانستى ڕێگای بەلژیکی، ناوەندی زانستى ماکس پلانکی هۆڵەندی بۆ زمانی سایکۆلۆژی، زانکۆی ڕادبۆدی هۆڵەندی، زانکۆی نەتەوایی ئوسترالی، کۆڵیژی پزیشکیی زانکۆی نیویۆرکی ئەمریکایی، زانکۆی کالیفۆرنیای ئەمریکایی، زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی. توێژیینەکە بڵاوکراوەتەوە لە گۆڤاری زانستیی بەناوبانگی ئەمریکایی (Science) لە ساڵی 2012 زایینی. ئەم گۆڤارە و گۆڤاری بەریتانی (Nature) بەناوبانگترین گۆڤاری زانستن لە جیهاندا. تەنیا توێژیینی ڕەسەن بڵاودەکەنەوە، واتا تەنیا بڵاوکردنەوەی دۆزینەوە بۆ یەکەم جار و داهێنانی نوێ.
لەم توێژیینە دوو بۆچوون تاقیکراونەوە وەک سەرچاوەی خێزانی زمانە هیندۆئەوروپاییەکان: بۆچوونی ئاسایی، کە دەڵێت ڕاسایەکانی پۆنتیک (کۆماری ئۆکرانیا) شوێنی پەیدابوونی زمانە هیندۆئەورووپاییەکان بووە پێش 6000 ساڵ. بۆچوونی دوەم دەڵێت زمانە هیندۆئەوروپاییەکان بڵاوبوونەتەوە لە ناوچەی #ئەنادۆڵ# (#باکووری کوردستان#) بۆ وڵاتانی ئەو گەلانە، کە ئێستا زمانیان هیندۆئەورووپاییە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کشتووکاڵ پێش 8000 تا 9500 ساڵ.
توێژەرەکان لە لێکۆڵینەوەکەیان، شێوازی لێکۆڵینەوەی پڕۆسەی مێژووییان بەکارهێناوه، کە لەوانەیە بەرپرس بێت لە بەشکردنی جوگرافی ئێستای مرۆڤ. توێژیینەکە ئەنجام دراوە بە تەماشاکردنی بەشبوونی جوگرافی مرۆڤ بەپێی زانستی ژێنێتیکیى، بەتایبەت زانستی ژێنێتیکی خەڵکی، شان بە شان وشەی سەرەکی 103 زمانی هیندۆئەورووپایی کۆن و نوێ، بۆ درووستکردنی فۆرمێکی ڕوون بۆ بڵاوبوونەوەی خێزانى ئەم زمانانە و هەڵبژاردنی دوو بۆچوونە ناوبراوەکان.
لە ئەنجامدا، توێژەرەکان بەڕوونی بۆیان دەرکەوت کە زمانە هیدوئەوروپاییەکان بڵاوبوونەتەوە لە باکووری کوردستانەوە (ئەنادۆڵ) ، نەک لە ئۆکرانیای ئێستاوە. کاتی بڵاوبوونەوەکە و شوێنی ڕەگی زمانە هیدوئەوروپاییەکان زۆر ڕێکن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کشتوکاڵ لە باکووری کوردستانەوە، کە دەستیبێکردووە لەنێوان ساڵانی 6000 تا 7500 پێش زایین. ئەم ئەنجامە تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی مەزنی سەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی جوگرافی بۆ بەشبوونی مرۆڤ بە ژێنێتیکییانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ململانێیانە کە دەکرێن لەبارەی چەرخی پێش مێژووی مرۆڤایەتیی.
دۆزینەوەکانی شوێنەوارناسی ئەمریکایی پڕۆفیسۆر (ڕۆبەرت جۆن بریدوود Robert John Braidwood) و ئەنجامی توێژیینە ناوبراوەکه، یەکدەگرنەوە. پڕۆفیسۆر (بریدوود) دەبێژێت گواستنەوەی ژیانی ڕاوکردن بۆ ژیانی کشتوکاڵ لەسەر خاکی کوردستان لە نزیکەی ساڵی 6000 تا 10000 پێش زایین، ڕوویداوە. هەروەها ئەم زانایە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت گەلی کورد لە پێش گەلەکانی ترەوە بووە لە پێشخستنی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و لە پێش هەموو گەلانی دونیا ژیانی ناو ئەشکەوتی بەجێهێشتووە و خانوبەرەو پێداویستی ناوماڵی پێشکەوتوو درووستکردووە، و کشتوکاڵ و پێشخستنی بەروبووم (بەرهەمی دانەوێڵە) دۆزراونەتەوە لە کوردستان پێش نزیکەی (12) هەزار ساڵ، کە لە کوردستانەوە ڕۆیشتوونە بۆ باشووری میزۆپۆتامیا و پاشان گەیشتوونەتە ڕۆژاوای ئەنادۆڵ و لەوێوە بۆ پەهناڤی ئاریایی، و ئەوە هەشتهەزار ساڵ دەبێت بڵاوبوونەتەوە لە باکووری ئەفریقیا و پاشان لە ئەورووپا و هیند. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە کشتووکاڵی کوردستان پاش چوارهەزار ساڵ گەیشتۆتە ئەورووپا، واتا پێش نزیکەی هەشتهەزار ساڵ لەمەوبەر و ئەم کاتەیشە لەگەڵ ئەنجامی توێژیینەکە ڕێکە، واتا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەى کشتوکاڵ، زمانە هیندۆئەورووپایەکان بڵاوبوونەتەوە بۆ ئەو گەلانە کە ئێستا بەم زمانانە دەدوێن. شوێنەوارناس (بریدوود) درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: زۆر لەم بەرهەمە دانەوێڵانە کە دەیان بینین ئەمڕۆ، وەک گەنم و جۆ و گەنمەشامی، هەموویان لە کوردستان دۆزراونەتەوە. لە بارەی پێشەسازییەوە، ئەم زانا ئەمریکاییە دەڵێت: دەتوانین بڵێین شوێنەواری چیانۆ کە دەکەوێتە باکووری کوردستان، کۆنترین شاری پیشەسازییە لە جیهاندا، لەم شوێنە تا ئێستا مس تیایدا دەردەکرێت، هەروەها خشتی قوڕین تیایدا دۆزراوەتە، کە نووسینی لەسەر بووە لەبارەی گۆڕینەوەى بازرگانی. هەر لە شوێنەواری چیانۆ، پڕۆفیسۆر (بریدوود) و تیمە ئەرکیۆلۆژییەکەی، پارچە پەڕۆیەکیان دۆزێتەوە، کە کۆنترین پەڕۆیە لە جیهاندا، و درووستکراوە لە ساڵى 7000 پێش زایین.
ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوە ڕوونی هۆی ئەوە دەکاتەوە کە زیاتر لە (50%) ی وشەکانی زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە لە زمانی باوباپیرانی کورد، واتا #سۆمەرییەکان#[2]، وەک زمانناسی بەریتانی پڕۆفیسۆر (وادڵ Wadell) لە پێشەکی فەرهەنگەکەیدا ئاماژەی بۆ دەکات. ئەم فەرهەنگە دەیان ساڵ پێش ئەنجامدانی توێژیینەکە بڵاوکراوەتەوە. دەبینین، ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوە بەڕوونی پشتگیری دەکات لە سەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی (وادڵ) لەبارەی وەرگرتنی زمانی ئینگلیزی زیاتر لە نیوەی وشەکانی لە زمانی سۆمەری.
دەرکەوتنی ئەوە کە کوردستان، نیشتمانی زمانە هیندۆئەورووپایەکانه، شۆڕشێکی مەزنە لە مێژووی کوردا و دەرکەوتنی یەکەم شارستانییەتی مرۆڤایەتی کوردستان دەردەخات، و پیشانی دێڕینییەتیی گەلی کورد دەدات، و کە ڕۆڵ و تێکارکردنێکی سەرەکیی هەبووە لەسەر زمان و کولتووری گەلانی جیهان و یەکەم گەل بووە کە ئاگر و کشتوکاڵ و بەخیۆکردنی ئاژەڵ و پیشەسازیی و نووسینى، دۆزێتەوە و شارستانێتیی درووستکردووه.
کۆنترین ئاماژەی زانراو بۆ ناوی (ئەنادۆڵ) لەسەر تاڤلەی قوڕینی بزماری وڵاتی میزۆپۆتامیا کراوە، کە دەگەڕێنەوە بۆ چەرخی بابلى (2350 – 2150 پێش زاینیی) و ناوی ناسرابو بە (وڵاتی #هیتییەکان#) کە ئەوانیش لە باوباپیرانی کوردن. یەکەم ناوی تۆمارکراو بۆ نیوەدوورگەی (ئەنادۆڵ) ، کراوە لەلایەن یۆنانییەکانەوە بە ناوی (ئاسیا Ἀσία) [3] کە لەوانەیە ئەم ناویشە وەرگێڕابێت لە ناوی (ئاسوا Assuwa) کە دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵی بووە، پێکهاتووە لە 22 وڵاتی کۆن لە ڕۆژاوای ئەنادۆڵ پێش ساڵى 1400 پێش زاینیى.
$سەرچاوە$
SCIENCE، VOL 337، 24 AUGUST 2012. pp. 957 – 960.
Wadell، L. Austin. Sumer – Aryan Dictionary، London، 1927.
Henry George Liddell، Robert Scott، Ἀσία، A Greek-English Lexicon، on Perseus.[1]