$چی نەوترا لە شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا$
#ئیدریس مستەفا#
لە کۆی هەموو ئەو قسەوباسانەی لە میدیا و نووسینە جیهانی و نێوخۆییەکانەوە دیتمان و گوێبیستی بووین، نەگووتنی یەک ڕاستی بوو سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل-حەماس. ئەو شتەش غائیب کردنی ژیری بوو. مانەوەی کێشەی فەڵەستین بەو جۆرە و درووستکردنی حەماس و هەموو ئەو ڕەوت و قەوارە ئیسلامی و دەسەڵاتە سەرکوت و گەندەڵکارانەی ناوچەکە تەنیا یەک ئامانجی هەیە ئەویش لێدانە لە بیرکردنەوەی تەندرووستیانە، عەقڵی سالم. ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەی ئێمەدا هەن و هەندیکیان تاوناتاوێ، وەک ڕووداوی ئیسرائیل-حەماس، دەردەکەون کە هەموو جیهان پێوەی سەرقاڵ دەکەن هیچ نین جگە لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو شەپۆلە لە بێ ئاوەزی و ڕق و توڕەیی و دەمارگیری و هەڵچونە سیاسی و ئایینی و فکری و کۆنەپەرستیەکانە کە لەمسەری چەپەوە بۆ ئەو سەری ڕاست تادەگات بە ئیسلامی و کریستیان و ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست و بیریارەکانیش تێی دەکەون. ئەمریکا و غەرب، هەموو دەسەڵاتدارە دەوڵەتی و حکومی و دینیەکان نایانەوێت هێمنی و ئارامی بەرقەرار بێت لە ناوچەکەدا، چونکە هێمنی و ئارامی بیرکردنەوەی مەعقوڵ و عەقڵی تەندرووست دەهێنێتە کایەوە کە ئاڕاستەیەکی تر دەگرێ جیاواز لەو ئاڕاستەیەی دەسەڵاتدارە نێوخۆیی و جیهانییەکان کێشاویانە.
عەقڵی تەندرووست ئەوەیە هەر بە ئارامی بمێنێتەوە و بە هێوری تەماشای شتەکان بکات. عەقڵی تەندرووست ئەوەیە نەشێوێ بە دیمەنەکانی ئەو ڕووداوانە و ئاو بە ئاگری هەڵەشەیی و سۆزداریدا بکات و چیرۆکی میدیاکان نەجوێتەوە و نەکەویتە نێو فرمێسکەکانی گریان و فیغانی تیمساحیانەی میدیای باو و سیاسەتی زاهیریەوە. هێوربوونی لەو ڕووداوانەدا ئامادەیی ژیری دەردەخات. ئامادەیی ژیری ئەوەیە کە نابێتە تەڕەفداری هیچ لایەک و حوکم بە فاکتەکان دەکات و سەرکۆنەی سەرچاوەی هەڵایسانی شەڕەکان دەکات نەک داکۆکی لە کۆنەپەرستی و تیرۆر و هێزە مۆمیاکراوەکان بکات بە ناوی داگیرکاری خاک و کوژراوی خەڵکانی مەدەنی و تاوانکاری مێژوو و هتد. ئەو دیدەی سەیری شەڕی ئیسرائیل-حەماسی دەکرد تەواو دیماگۆجی و پاسیفیست بوو، دووربوو لە دونیای سیاسی فکرەوە کە سیاسەت لە بەرەکانی پێشەوە نابینێ بەڵکوو لە دوا دواوەی بنە و بەیتونەکانی هێزە بڕیاردەرەکانەوە دەبینێ.
ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەداش بەم دواییانە دەورێکی زۆریان هەیە لە مانەوە و پشتیوانی کردن و درووستکردنی هێز و لایەن و کەسە کۆنەپەرستەکان و تەنیا ئامانجیشیان ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شتێک بوونی نەبێ بە ناوی عەقڵەوە ئیتر چ ڕەوتێکی ڕۆشنبیری یان سیاسی یان فکری و فەرهەنگی بێ. ئەمە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە و چەندان دۆکیومێنت و بابەتی جۆراجۆری ڕۆشنبیری و ئیستیخباراتی هەن لەم بارەیەوە جگە لە سیاسەت و میدیای ڕەسمی و باوی ڕۆژاوا کە هەموویان کۆمەک بە بیروباوەڕ و فەرهەنگی کۆنەپەرستی دەکەن لەژێر ناوی ئازادی ئایین و کەلتور و دیموکراسی و مافی مرۆڤدا.
ئێوە دیقەت بدەن کاتێک کە ڕووداوێک لەم ناوچەیەی ئێمە ڕوودەدات بەتایبەت شەڕی ئیسرائیل-فەلەستین چ هەرایەک بە دوای خۆیدا دەهێنێ کە پڕە لە نەزانی و هەڵچوون و سۆز و دەمارگرتن و ئەوەی تێیدا غائیبە عەقڵە. هەمووان دەزانین ئەوەی ڕوودەدات هەمووی دەستکیسەی هێزە دەوڵەتی و حزبیەکانی وەک حەماس و ئیسرائیل وغەرب و ئێرانە و هەر یەک لەلای خۆیانەوە ئاگرێک دەکەنەوە و کۆمەڵێ خەڵک دەکەن بە قوربانی و لەژێر ناوی خاک و دین و مێژوودا سیاسەتەکانی خۆتان دەبەنە پێشەوە. بەڵام ئەم دیدە بۆخۆی غائیب بوونی ژیری نیشان دەدات. دەکرێ بەئاگایی ئێمە بێ لە ڕووداوەکان بەڵام لە هەمان کاتدا عاقڵبوونی ئێمە نیشان نادات. لەو ڕووداوانەدا، عەقڵی کوردیش بە هەڵەداوان هاتن و سۆزی بێ ئاوەزی خۆیان هەڵڕشت و تیۆری و بابەتی ئەکادیمی کرچ و کاڵیان لەسەر نووسی بێ ئەوەی بزانن خۆیان بوون بە بەشێک لەو ماکینە گەورەیەی ڕووداوەکان درووست دەکات و هیوریان دەکاتەوە و دوایی درووستیان دەکاتەوە و دیسانەوە هێوریان دەکاتەوە.
************
زانکۆی تۆرۆنتۆ، پەڕتووکخانەکەی نزیک بە یازدە ملیۆن پەڕتووک و سەرچاوەی تێدایە، بە درێژایی ئەو پێنچ ساڵەی قوتابی بووم لەو زانکۆیە، دەگەڕام و دەگەڕام تاکو سەرچاوەیەکم دەست بکەوێ کە ئایا دەوڵەتانی غەرب لە مێژووی خۆیاندا یارمەتی هیچ کەس و لایەنێک و ڕەوتێکی ڕۆشنبیری و ئازادیخوازی و سیاسی پێشکەوتووخوازیان دابێ، بەرچاوم نەکەوت و نەکەوت کەچی پڕ بوون لە بابەت و بەڵگە و نووسین کە ڕۆژاوا چ دەورێکیان هەبووە لە درووستبوون و یارمەتیدان و پشتیوانی کردنی کەس و لایەنە کۆنەپەرست و مرۆڤکوژ و جاهیل و مافیاکان هەر لە بەرگی ئایینەوە تادەگات بە بەرگی دیموکراسی و نەتەوەچیتی و کێشەی فەلەستین یەکێک بوو لەو فایلە دەوڵەمەندانە.
ئەم شەڕەی دوایی ئیسرائیل-حەماس و و ئەوانی ساڵانی تریش بەشێکە لەو تابلۆ نابودەی وڵاتانی ڕۆژاوا کێشاویانە بۆ ناوچەکەی ئێمە تاکو هەمیشە خەڵک بە هەموو ئاستەکانیەوە بە سۆزداری و هەڵچوون و هەڵەشەیی و توڕەیی و ڕقەوە سەیری ڕووداوەکان بکات نەک بە عەقڵێکی سەلیمەوە.
ئەم خاڵەی من باسی دەکەم ئاستە جیهانەکەشی بە هەمان دەردەوە دەتلێتەوە و دەوڵەتانی ڕۆژاوا خۆیان ناهێڵن ژیری ئامادەیی هەبێت وەک چۆن دەبینین لە شەقامەکانی شارەکانیاندا چی ڕوودەدات لەنێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلیەکان و لایەنگرانی هەردوولادا. [1]