لای ئەم هێزە ئیسلامییانە شاڕێگای گەیشتن بەو بەھەشتە ئیجبارییەی ئەوان دەیانەوێت بەسەر ھەمووندا بیسەپێنن، (ئەخلاق)ە.
ئەخلاق بەو مانا سەلەفییەی ئەوان پێناسی دەکەن و لێی تێگەیشتوون. ئەخلاقێک لە سێکس و ژیانی سێکسیدا کورتبۆتەوە. لەم ئەخلاقەدا بۆ پیاو، بێگومان پیاوی پارەدار، چوار ژن حەڵاڵە و تا دەشمرێت دەتوانێت دەیان ژن بھێنێت بەو مەرجەی لەیەک کاتدا لە چوار ژن زیاتر نەبن.
بۆ ژنانیش خۆداپۆشین و دەرنەکەوتن و بێدەنگبوون و قبووڵکردن. ئەخلاقیاتێک پیاو وەک فەحل و کەڵەگایەک وێنادەکات کە حەز و ئارەزووی سێکسی خۆی بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، بەڵام ژن وەک بوونەوەرێکی بێ سێکس و بێ ئارەزو و بێ ئیحساس و بێ داخوازیی و بێ چێژ. پیاو وەک ڕاوچییەکی برسیی و ژنیش وەک نێچیرێک ئەم ڕاوچییە فەحلەکەی ویستی، بتوانێت بیگرێت و بیخاتە باخەڵی خۆیەوە. جەوھەری ئەم ئەخلاقە لەسەر داپۆشین و کۆنترۆڵکردنی ڕووکارە سێکسییەکانی ژنبوون و نیشاندان و نمایشکردنی ڕووکارە سێکسیەکانی پیاوبوون کاردەکات.
ئەوەی ئەم هێزانە نایانەوێت لێی تێبگەن ئەوەیە نە ئەو ئەخلاقە سەلەفییە جێی لە دونیای ئەمڕۆدا دەبێتەوە، نە بەھەشتیش بە زۆر بەسەر خەڵک و کۆمەڵگادا دەسەپێنرێت، نە لەم دنیایەدا و نە لەو دنیاشدا. بەهەشت مرۆڤەکان بە ئیرادەی ئازاد و ویژدانی ئینسانیی و عەقڵی ڕەخنەیی و ویژدانێکی یەکسانخواز و ئیمانێکی پاکژ، درووستی دەکەن، نەک ئەم هێز یان ئەو هێزی ئیسلامی سیاسیی، ئەم یان ئەو مەلا و بانگخواز، بە ژیری و حەزی خۆیان بۆیان درووستبکەن و بەزۆریش بیانخەنە ناویەوە.
پەرەگرافێک لە وتاری (دژ بە بەھەشتی ئیجباریی) بە دەسکاریەکی کەمەوە. [1]
#ج#