ئەندامێکی مەکتەبى سیاسیی #یەکێتىی نیشتمانىی کوردستان# چەند زانیارییەکى گرنگ لەبارەى پەیوەندییەکانى نێوانیان لەگەڵ #پارتى دیموکراتى کوردستان# ئاشکرادەکات، ڕاشیدەگەیەنێت، لە ماوەیەکى نزیکدا کۆدەبینەوە و قوباد تاڵەبانیش دەگەڕێتەوە کۆبونەوەکانى حکومەت.
#سەعدى ئەحمەد پیرە# ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی وتووە، زەمینەسازیی بۆ کۆبونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی دەستی پێکردووە بە مەبەستی چارەسەرکردنى کێشەکان و ئەنجامدانى ئەو گۆڕانکاریانەى هەردوو تیمى وەزاریى پارتى و یەکێتى کردویانە.
مەکتەب سیاسییەکەى یەکێتى باسى لەوەشکردووە، پرسی گفتوگۆ لەگەڵ #بەغدا# لە خاڵەکانى دیالۆگى نیشتمانى و بودجە و پەیوەندیى لەگەڵ دەوڵەتانى ئیقلیمى و دارایى و ئاساییش و گرفتى پارێزگاکان لە کۆبونەوەی وەفدى باڵاى هەردوولا گفتوگۆیان لەسەردەکرێت.
بە وتەى سەعدى ئەحمەد پیرە، گرژییەکانى نێوان پارتى و یەکێتی خاوبونەتەوە و شەڕى میدیایى فەرمى و سێبەری هەردوولاش وەستاوە، ئێستاش هەموولایەنەکان هاندەرن بۆ سەرخستنى پڕۆسەى گفتوگۆى نێوانمان.
ئەوەشى وت: ئێمە و پارتى لەسەر گۆڕانکارییەکانى ناو تیمى وەزاریمان لە حکومەت ڕێککەوتوین و لەدانیشتنێکى پەڕڵەمانیشدا ڕێککەوتنەکە جێبەجێدەکرێت.
سەبارەت بەپرسى گەڕانەوەى #قوباد تاڵەبانى# بۆ کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران، پیرە وتویەتى، ئەو بابەتانەى باسمکردن جێبەجێبوون، قوباد تاڵەبانى دەگەڕێتەوە بۆ کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم. [1]