مۆلەتی گەشتیارییان هەیە و کاری لەشفرۆشی تێدا دەکرێت
#عومەر گوڵپی# ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان پۆستێکی لەسەر ئەو منداڵە کردووە کە لە شاری #هەولێر# پارە بەسەر سەماکەرێکدا هەڵدەدات و لە بەشێکیدا نووسیویەتی:
دەرکەوت ئەو منداڵەی پارە بەسەر سەماکارێکدا هەڵدەدات لە شاری هەولێر دەژی و شوێنەکەش هەولێرە، ئەو هەولێرەی کە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا بە ناوی گەشتوگوزارەوە مۆڵەت بە دەیان شوێن دراوە کە بە ناونیشانی یاسایی کاری نایاسایی و شەرمئاوەریان تێدا دەکرێت.
لەو شوێنانەی کە زۆرێکیان بەناو مۆڵەتی ”گەشتیاری”یان هەیە کاری لەشفرۆشی و قومار و تەنانەت بازرگانی بە مرۆڤ دەکرێت، لە زۆرێک لەو شوێنانە ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ ئافرەتان دەکرێت (کە زۆرێکیان بیانین) مەگەر تەنیا لە سەدە تاریکەکاندا بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ کرابێت.
هەولێر یەکەم پایتەختی دەستورییە کە کورد خاوەنی بێت، پێویستە دەسەڵاتداران کار بکەن بۆ ئەوەی ناوبانگ بە زانکۆکانی و پیشەسازی و پێشکەوتنە مرۆییەکانی پەیدا بکات نەوەک وەک بەیروت بە مەلها و شوێنەکانی لەشفرۆشی و قومارخانەکانی، ناکرێت لەشکڕ و لەشفرۆش لە شارەکانی ئێڕاق و وڵاتی ئێران و وڵاتانی ترەوە ڕوو لە هەولێر بکەن بۆ دزێوترین و قێزەونترین ڕەفتار، ئەمە ناوبانگی هەولێر و کوردستانیش ناشیرین دەکات و هەمووشمان پێویستە شەرم دامانگرێت لە دۆخێکی لەو جۆرە. [1]