بابەت: وتاری ئەدەبی
نووسین: #فاروق هۆمەر#
$پڕۆژەی کانەبی بۆ درووستکردنی چیرۆک$
379 جار خوێنراوەتەوه
کاتێک دەوەستین و ئاوڕێک لە باڵەخانەی چیرۆکی کوردی دەدەینەوە کتوپڕ ئەو پرسیارە ڕاماندەگرێت ئایا لەڕێی چیرۆکی کوردییەوە دەتوانین دونیای کوردی بە گرفت و خەمەکانییەوە بخوێنینەوە . چیرۆکی کوردی بۆ دەنووسرێ و بۆ کێ دەنووسرێ و بە چ زمانێک دەنووسرێت .
ئەو نیگەرانییە لە کاتێکا دەخوڵقێت کە تۆ دەتەوێت لەڕێی چیرۆکەوە کولتورێک بناسیت . ئێمە بەدرێژایی مێژوومان بە گەلێک هەوراز و نشێودا سەرکەوتوین و داگەڕاوین، خاک و ئاومان داگییرکراوە و وەکوو ئینسان هەقی ژیان و هەناسەدانمان پێڕەوا نەبینراوە . گەلێک جار بەر شاڵاوی پاکتاوکردن و سڕینەوەی زمان و کولتور و مێژوومان کەوتووین . گەلێک کۆستمان دیتووە و بەبرینداری لێی هاتوینەتە دەرێ . لە خەمێک نەڕەخساوین خەمێکی دی ئێخەی پێگرتووین . ئەنفال کراوین، وەکوو باران ژەهرمان بەسەرا بارێنراوە و بەرەنگاری دڵڕەقترین دوژمنەکانی خۆمان بووینەتەوە . هەزاران کوڕوکاڵی جوانمان لەو شاخ و کێوانە کوژراون و بونە خۆراکی قەل و داڵ . هەتاوەکو ئێستاش ئەو ژینە تاڵەمان لەڕێی زار و دەماودەم لە گوێی ئاگردان دەگێڕدرێنەوە و بە بارستایی قورسایی خەمەکانمان بۆمان نەکراوە ئەدەبێکی زیندووی لێ بخوڵقێنین کە بۆمان بکرێ هەم ئاییندەی خۆمان و هەم ئاییندەی جیهانی لێ ئاگادار و پێ ڕۆشن بکەینەوە .
ئەنفال تێپەڕی و لەگەڵ خۆی هەزاران چیرۆکی بە کەساسی لێ بەجێمان و خەریکە لەناو دەچن . ژەهرباران کراین و هەموو ئەوانەی تیابوونە قوربانی خەریکە تەواو لەبیردەچنەوە. زۆرێکی نەماوە ئەو ڕەشەبای جیهانگیرییەی خەریکە هەموو دونیا لەگەڵ خۆی هەڵدەللوشێ، کوردیش لەگەڵ خۆی ببا. بەڵام چۆن لەگەڵ خۆی دەبا. میللەتێکی ڕووتکراوە لە خەم و ئازارەکانی، میللەتێکی بێ چیرۆک و بێ ڕابردوو کە تەنیا پیرەمێرد و پیرێژنەکانی زۆر بە کاڵوکرچی شتێکیان لە ڕابردووی ئەو گەلە لەبیر ماوە. ئەوە تەنیا ئەوانن بەدەم فرمێسکەوە و بەوپەڕی قەهر و ژانەوە باس لە مەرگ و کوژرانی کوڕەکانیان، مێردەکانیان، کچەکانیان دەکەن و ئەدەبێکی ئەوتۆمان بەرهەمنەهێناوە کە ئیدی بۆی بکرێ لەبری ئێمە، ئەو بڕواتە ناو جیهانەوە و شاهیدێکی زیندووی ژیان و بوونی ئێمە بێ.
گەلێکی وەکوو جوولەکە زۆر زیرەکانە ورد و درشتی کارەساتەکانی خۆیان نووسییەوە، تەنانەت ئەرمەنەکان لە دەم و کارەساتی جینۆسایدا ئەو نامە سادانەشیان کۆکردەوە کە لەنێوان خۆیان دا بۆ زانینی هەواڵی یەکدی ئاڵوگۆڕییان پێکردووە و پاراستوویانە . لە ئەفریکاش دا بەهەمان جۆر ڕەشەبایێکی نووسین هەڵیکرد خواروژووری شەڕی براکوژی و بەرەنگاری خۆیان و گرفتەکانی ژیانی خۆیان نووسییەوە و ئەمڕۆ ئەدەبی ئەفریکی لەنێو جیهان دا بەیەکێک لە گرنگترین ئەدەبەکانی دونیا تەماشا دەکرێ . لەنێو چیرۆکی کوردی دا تاوەکو ئێستا هێڵێکی ڕۆشنی ئەوتۆی تیا نادۆزیتەوە کە بۆت بکرێ خەم و ژانی میللەتێکی تیا بناسیتەوە.
دەکرێ بپرسین کوان و لە کوێن ئەوانەی ناوی نووسەربوونیان بەخۆیانەوە هەڵگرتووە؟ بۆ کاتێک ڤیستیڤاڵ و ئاهەنگێک ڕوو دەدات بە سەدانیان لە شار و شارۆچکەکانەوە دێن و کۆدەبنەوە و هەر ئەوەندەش ڤیستیڤاڵ کۆتایی هات ئیدی کەسێک نازانێ ئەوان بۆ کوێ دەڕۆن و چییان لێ دێ ؟ ئەم کەشە ڤیستیڤاڵییە بەجۆرێک دونیای ئێمەی داپۆشیووە خەریکە هەموو وزە و تواناکانی ئێستا و داهاتوومان دەخنکێنێ .
نووسەری کوردی وا فێری داوەت و پارە و دیاریی کردووە کە خەریکە کتومت دەیکاتە ئامێرێک و ئەگەر داوەت و پارە و دیاری تێفڕێ نەدرێ کار و جووڵەی لێوە نەیەت . ئێمە لێرەوە دێین و گەنجانێک لە خۆمان کۆدەکەینەوە کە وەکوو کەروێشک بەردەوام بتوانن بجوڵێن و بیر بکەنەوە . حەزی مەشق و ڕاهێنان لەناو ڕۆحیاندا دەچێنین و ڕێگایێکی سادەی نووسینی نیشان دەدەین، کە دەتوانێت زۆر بەباشی ڕێگای بەردەمی بۆ ڕۆشنبکاتەوە .
پڕۆژەی کانەبی، پڕۆژەیێکە نەک هەر پێویستی بە پارە و بودجە و دەستگیرۆیی هیچ دەزگا و ڕێکخراو و زانکۆییەک نییە، بەڵکوو پڕۆژەیێکە بە هیچ جۆرێک پارەی تێناچێت. کارکردنێکی بەردەوامە لەناو خودی ئینسان خۆی و درێژەی هەیە و کۆتایی ناناسێ . ئەو دەتوانێ بە وزەی زۆر و پڕی خۆی کە لە گیان و بینین و ئامادەیی ئەو گەنجانەوە وەریدەگرێ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێی کۆدەبنەوە و دەیکەینە ماڵی خۆیان، هەناسە بدات و هەناسەش بەبەری داهاتووی چیرۆکی کوردیدا بکات . ئێمە زۆر سادە لەناو جەرگەی کارکردنەوە هەنگاو دەنێین و هێواش هێواش دەست و پەنچەی خۆمان لەگەڵ مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام دا نەرم دەکەین .
کاتێک بەردی زل هەڵناگرین، خاڵیش نابین لە خەونی ڕۆشن و گەورە . بەڵام هەموو خەونێکی گەورە هەنگاوی بچکۆلە بچکۆلەی گەرەکە . ئەو هەنگاوە بچوکەشمان لەو سەرنجەوە لە دایک بوو کە پیرەمێردێک بەناوی (مام کانەبی) لەشارۆچکەی تەقتەقەوە سەرنجی ڕاکێشاین . پیرەمێردێک تەمەنی هەفتاویەک ساڵە و ژنی نەهێناوە. بابەتێکی زۆر سادەی لەو جۆرە ڕۆژانە لێرەولەوێ بۆ چەندینجار بەرگوێمان دەکەوێ و کەس سەرنجی لەسەر ڕاناگرێت . لەکاتێکا میدیای دەنگی و ڕەنگی لە نا-ئامادەیی نووسین دا زۆر زیرەکانە و بەوپەڕی بوێرییەوە دەچێتە ناو خەڵکەوە و ئەو هەلە دەقۆزێتەوە لە دواندنی خەمەکانیان .
ئەگەر سادە بڕوانین بەخۆمان دەڵێین؛ مام کانەبی ژنی نەهێناوە چ پەیوەندییەکی بە دونیای ئەدەب و بە ژانرەکانی ئەدەبەوە هەیە؟ بەڵام کەمێک ورتر لەو ڕووداوە بڕوانین و لە خۆمان بپرسین ئایا گرفتی ڕەبەنی و دواجار قەیرەییش لە کوێوە سەرچاوە دەگرن . ئایا ئەو جەنگە درێژخایەنانەی بەرۆکی خەڵکانی ئێمەی گرتووە سەروکارێکیان پێوەی نییە . میدیای ڕەنگی لەچاوتروکانێکدا بۆی دەکرێت پیاوێکی گۆشەگیری دوور لە دونیا بدۆزێتەوە و لەپڕێک و بەوپەڕی سادەیی بیهێنێتە ناو ماڵەکانی هەموومانەوە. ئەو میدیایە کەلێرەدا بۆ ئەمانەت NRT زۆر زیرەکانە کار لەسەر ژانری چیرۆک دەکات. لە کاتێکدا ئێمەی چیرۆکنووسان بۆ خۆمان ئەو ژانرە گرنگەمان پشتگوێخستووە و لەبەرانبەر ئەو میدیایەدا دادەنیشین و بەوپەڕی بێئاگایی خۆمانەوە دەممان پان کردۆتەوە و لێی دەڕوانین.
ئێمەش لەو ڕوانگەیەوە بیرمان لەوە کردەوە دەکرێ هەمان پیاو بهێنین و لەجێی ڕاپۆرتێکی سادەی تیژتێپەڕی تەلفیزۆنی دەیان چیرۆکی لەسەر بنووسین . تاقیگەیێک بۆ وردبوونەوە لە تاقە پیاوێک کە دەکرێ لە دەیان شوێنەوە پشکنینی بۆ بکەین . من بۆ خودی خۆم کاتێک ئەو بابەتەم فڕێدایە دەرەوە دڵنیابووم لەوەی دەیان کەسی لێ کۆدەبنەوە.
ئەوە دونیای ئەدەبی ئێمەیە پێداویستی تەواوی بە کرانەوە و گەڕان و بینینی قووڵ هەیە . لەناو سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار و دەزگای ئەدەبی و پەیمانگە و زانکۆدا خەریکە شتێک نامێنێ بە ناوی ئەدەبەوە و بەتایبەتیش ژانری چیرۆک . ئێمە ڕۆژانە ئەوەندەی سەرقاڵین بەباسکردنی ئەدەبەوە و ڕووکاری دەرەوەمانی پێجوان دەکەین و بەرەو (خۆنمایشکردن) دەڕۆین، ئەوەندە ناچینە ناو خودی پڕۆسەی نووسین و کارکردن لەناو ئەدەب دا . لەو زەمینە وشکەوەبووەدا هەمیشە کەسانێک هەن کە هەڵوەدای هەوای پاک و ڕۆشنایین .
ئێمە لەم ئەزموونەمان دا ئەو هەقیقەتەمان چەسپاند کە بەکەمترین وشە بتوانین مانا بەرهەم بهێنین . خاڵێکی دی ترسە لە نووسین. کاتێک چیرۆکنووسانی کورد لە باڵەخانەی چیرۆکی جیهانی دەڕوانن ئەژنۆییان دەشکێ. ئەو دەترسێ چیرۆک بنووسێ، چونکە وابیردەکاتەوە هەرچی بکات چیرۆکێک نانووسێ لە ئاستی چیرۆکەکانی ئەوان دا بێ. ئەوە بۆ خۆی هەم جۆرێک لە هەقیقەت و هەم بەشێکی گەورەشی لە وەهم لەگەڵ خۆی دا هەڵگرتووە. ئەو ترسە هیچ خزمەتێک بە چیرۆکنووسی کورد ناکات و تەنیا تووشی خاوبوونەوە و ئەژنۆشکانی دەکات. ئێمە چیرۆکنووسانی گەنجی کورد لەم ترسە ڕزگار دەکەین و لەڕێی مەشق و ڕاهێنانەوە گیانێکی یاخی بەبەردا دەکەین کە توانای وەستانی لەسەر دوو پێکانی خۆی هەبێ و لە داهاتووش دا بەری ئەو بوێرییە بەرهەمی گەورەی دەبێت .
ئەوەی تا ئێستا لە دونیای ئێمەدا دەربارەی نووسین دەگوترێ گوایە بەهرەیە و کاری ئەو کەسانەیە کە بەهرەمەندن بێ لە درۆیێکی گەورە هیچی دی نییە. ئەوەی چاوەڕوانی مەلایکەتی ڕەحمان بکەین تاوەکو سروشمان بۆ دەهێنێتە خوارەوە تەنیا فێڵێکە نووسەران لە خۆیانی دەکەن. ئەزموونەکانی گەلانی دی لەسەروکاریان لەگەڵ ئەدەب و هونەر دا دەمێکە ئەوەیان سەلماندووە کە نووسین مەشق و ڕاهێنانە و کارێکە هەر وەکوو ئاسنگەری و دارتاشی دەکرێ تیا قاڵ بی و کاری ناوازەی لێوە بهێنیتە دەرێ . ئەو بەشە لە نووسین کە نووساوە بەبیرکردنەوەوە لەڕێی ئەزموون و خوێندنەوەوە هێز وەردەگرێ گەر بۆ خۆت کەسێکی تاقیگەر و گەڕۆک نەبیت سەد فریشتەی نووسین بە هاناتاوە نایەت.
هیچ کاتێک ئامانجی ئێمە لە نووسین حەزێک نابێ بۆ بڵاوکردنەوە. یەکێک لە پەروەدەکانی ئێمە بۆ چیرۆکنووسان ئەوەیە کە بەر لەوەی بڕواتە دەرەوە هێندە لەناو مەشق و ڕاهێنان دا قاڵبووبێ کە بووبێتە چیرۆکنووسێکی بە ئەزموون و بە توانا و دونیای کوردی بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە . کاتێکیش ئەم ئەزموونە درێژە پێدەدەین هەموومان لەناو گرووپێکی تاقیگەر و ئەزموونکاردا دەچینە ناو ئەشکەوتە تاریک وننەدۆزراوە و پڕ تەلیسمەکانی ژیان و مێژووی میللەتی کوردەوە و هەر یەکەمان وەکوو چیرۆکنووسێکی بەتوانا بە ڕۆشنایی جیاوازەوە دێینە دەرەوە . هەر یەکەمان بەوپەڕی خۆشەویستی بۆ کارەکەمان و بۆ کاری هاوڕێکانمان سنگمان پڕ دەکەین لە گەوهەرە گرنگ و پڕ بایەخەکانی نووسین . لەناو مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام دا ئیدی دڵنیاین بەرەو کوێ دەڕۆین و بەردەممان ڕۆشنە و لە داهاتووش زێر و مرواری ئەو زەمینە نەدۆزراوەیە لەگەڵ خۆمان دەهێنینەوە . لێرەدا لەبەر نەبوونی بواری ڕۆژنامەگەری تەواو نەکرا هەموو کارەکانی مام کانەبی بخەینە ڕوو بەڵام لە داهاتوویێکی نزیکا بۆ خۆمان بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆمان دەبێ .
کۆتایی سوپاسی گەورەمان بۆ گۆڤاری کولتور مەگەزین (ئۆنڵاین و پرنت) کە بەدەستگیرۆیی خۆیان ئەو بوارە جوانەیان بە ئێمە بەخشی و هیوامانە نموونەیان زۆربێ .
کرێکاری ئەو پڕۆژەیە: فاروق هۆمەر
[1]