ناونیشانی بابەت: سوودەکانی نیسک بۆ منداڵان و مێردمنداڵان
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
منداڵان و مێردمنداڵان پێویستیان بە خۆراکی دەوڵەمەند بە پێکهاتووە گرنگەکان هەیە لە پێناو تەندرووستیەکی باش و گەشەی هەموو خانەکانی لەشی؛ نیسک یەکێکە لە و خۆراکە باشانە کە بەهۆی هەرزانی نرخەکەیەوە جێگرەوەیەکی گونجاوە لەبری گۆشت و مریشک و ماسی.
$گرنگترین سوودە تەندرووستیەکانی نیسک بۆ منداڵ و مێردمنداڵان$
1- گەشە و بەهێزکردنی ماسوولکەکان: چونکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پڕۆتینە و هەموو ترشە ئەمینیەکانی تێدایە کە جەستە پێویستیەتی.
2- باش کردنی کۆئەندامی هەرس و کەم کردنەوە و ڕێگری کردن لە قەبزی: چونکە دەوڵەمەندە بە ماددە ڕیشاڵیەکان.
3- پاراستنی مناڵ لە کەمخوێنی و چارەسەرکردنی: بڕێکی زۆر لە ماددەی ئاسنی تێدایە لەگەڵ فۆلیدک ئەسید و مس.
4- دەوڵەمەندە بە کۆمەڵێک لە فینۆڵەکان کە ماددەی دژە ئۆکسانە.
5- بۆ گەشەی باڵای مناڵ بەسوودە: چونکە زۆربەی پێکهاتووە گرنگەکانی ئێسکی تێدایە بێجگە لە کالسێوم و ڤیتامین دی؛ وەک فوسفۆڕ و مەنگەنیز و پڕۆتین.
6- بۆ خۆپاراستن لە کێشی زۆر و قەڵەوی لە کاتی مناڵی و دواتر: بەڵام لە هەمان کات دا بەکەڵکە بۆ ئەو مناڵانە ئیشتهایان کەمە.
7- بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکرە لە و مناڵانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە بە سوودە لەگەڵ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە جۆری دووەم.
8- پاراستنی تەندرووستی دڵ.
9- کەم کردنەوەیی دڵەڕاوکێ و دڵتەنگی و تووڕەیی و باش کردنی میزاج.
10- خۆپاراستن لە هەندێ جۆری شێرپەنجە.
$هەندێک ئاگادارکردنەوەی گرنگ$
1- زۆر خواردنی نیسک ڕۆژانە و بە بەردەوامی هەندێک زیانی هەیە وەک:
- ئاوسانی سک و ئازاری ناوسک و زیادکردنی غازات لە هەندێک مناڵ دا.
- زیاد بوونی ئەگەری درووست بوونی بەردی گورچیلە لە بەشێک لەو مناڵانەی کە خۆیان کێشەی هەوکردنی درێژخایەن و بەردی گورچیلە و سستی گورچیلەیان هەیە.
2- لەکاتی لێنانی باشترە هیچ زەیت یان ڕۆنی تێ نەکرێت یان بڕێکی زۆر کەم لە زەیتی زەیتوون یان کەتان. [1]