ستێڤن کووک
( (ئەم وتارەی ستیف کوک گەورە تۆژەری ئامۆژگای ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بۆچوونی چاودێرێکە بۆ ئەو بارودۆخە نالەبارەی لە ئاکامی هێرشەکانی حەشدی شەعبی و سوپای ئێراق بەسەر کەرکووک و کوردستان هات، هەروەها پیشاندانی ئەو ڕووداوە مەزندە نەکراوەن کە لەدوای ڕیفراندۆم لە ناوخۆی کوردستان و ئێراق و هەڵوێستی ئەمریکا ڕوویانداوە، لەبەر گرنگی ئەم وتارە بۆ پیشاندانی واقیعەکە بە پێویستمان زانی بۆ خوێنەرانی گوڵانی بکەین بە کوردی) ) .
ڕۆژی 16ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی حکومەتی ئێراقی- بە هاوکاری یەکەکانی #حەشدی شەعبیی# هاوپەیمان لەگەڵ ئێراندا- دەستیان بەسەر شاری کەرکووکدا گرت. لەم هەوڵ و هەنگاوەیاندا سوودیان لە هاوکاری پەنهانی بەشێک لەو هێزە سەربازییە کوردییانەی- کە بە پێشمەرگە ناسراون- وەرگرت کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
ئاشکرایە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەرە لە ئێراقدا، بەڵام گەلی ئەو هەرێمە خوازیاری بەدەستهێنانی زیاترن. لە 25ی مانگی ئەیلوولدا، هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا کە تێیدا لە سەدا 93ی دەنگدەران خواستی خۆیان دووپات کردەوە بۆ جیابوونەوە لە ئێراق. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەغدا بەشێک بوون لە هەوڵەکانی پووچەڵکردنەوەی ئەو دەرئەنجامە، بەتایبەتی کە پێشتر کەرکووک بەشێک نەبوو لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە دوای ئەوەی داعش خەلافەتەکەی خۆی ڕاگەیاند و چەند بەشێکی باکووری ئێراقی داگیرکرد لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014، ئەم شارە بەتەواوەتی کەوتە دەستی هێزەکانی پێشمەرگە.
بەڵام لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لە دوای ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی کەرکووک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئێراق، حەیدەر ئەل عەبادییەوە، ( بەهۆی هاوکاری بەشێک لە هێزەکانی یەکێتی) پێشمەرگە ناچار بە پاشەکشە کران، بۆ ئەوەی دەستبەرداری شارەکە و، بنکەیەکی ئاسمانی و کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە ببن. ئەمە سەرکەوتن بوو بۆ عەبادی و شکستێکی گەورە بوو بۆ کوردستان، ئێستاش کە حکومەتی مەرکەزی کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەی کردووەتەوە کە پێش داگیرکارییەکەی داعش لە ئارادا بوون، ڕایدەگەیەنێت کە کاتی ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەنێوان بەغدا و سەرکردایەتی کورد لە هەولێر. بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە چۆن و کەی ئەو گفتوگۆیە ڕوودەدات، چونکە ئێستا پێگەی کوردستان لاواز بووە و سیاسەتیش لە کوردستاندا بۆتە گێژاوی یەکتر تۆمەتبارکردن و یەکتر تاوانبارکردن بە ئەنجامدانی ناپاکی.
لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین ئەمە لە چەند ڕوویەکەوە ساتەوەختێکی باش نەبوو بۆ واشنتۆن، هەروەها ساتەوەختێکی باشیش نەبوو بۆ ئەو شرۆڤەکارانەی کە پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد ڕەوتی ڕووداوەکان بەم شێوەیە وەرچەرخێت، بەتایبەتی ئەم ڕووداوەی ئێستا.
لەبەر ئەوەی من ناتوانم لە بری هیچ کەسێکی دیکە قسە بکەم، من تەنیا گوزارشت لە بۆچوونی خۆم دەکەم و ڕایدەگەیەنم کە ئەمە ساتەوەختێکی شەرمەزارییە. چونکە من دڵنیابووم لەوەی عەبادی پەنا ناباتەبەر، یان ناتوانێت پەنا بباتەبەر گرتنەبەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و قەناعەتم وابوو کە هەڕەشەکانی تەنیا بۆ باشترکردنی پێگەی خۆی بوو لە گفتوگۆکاندا، بەڵام ئێستا کاتی پێداچوونەوە و پرسیارکردنە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ پێشبینیم هەبوون، ڕاست دەرچوون. بۆ نموونە، من دەمزانی، کە بارزانی داوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کرد و ڕۆژێکی بۆ دیاری کرد، ئەوا هیچ ڕێگەیەک نەبوو بۆ قەناعەتپێهێنانی بە دواخستنی. بە بۆچوونی من ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕێگایەکی ژیرانە بوو بۆ ئەوەی بارزانی هەڵبستێت بە چارەسەرکردنی کێشەکان. پارتی دیموکراتی کوردستان لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ (رکابەر و شەریکەکەی) کە ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەروەها لەگەڵ باڵێکی جیابووەوەی ئەو حزبەش کە گۆڕانە. بەڵام هەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەم بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانییان لەسەربەخۆیی دەکرد، بەڵام بە دڵگەرمییەوە نا، لەبەر ئەوەی ئەوان خوازیاری کوردستانێک نین کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەریدا باڵادەست بێت.
بارزانی تەحەددای ڕکابەرەکانی دەکرد بۆ بەرهەڵستیکردنی سەربەخۆیی، واتە حیسابی ئەوەی کردبوو کە زۆرینەی زۆری کورد دەنگ بە جیابوونەوە لە ئێراق دەدات، ئەو کاتەش دەیتوانی کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان بگۆڕێت بە پرسی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکومەتەکانی ئێراق و تورکیا و ئێراندا، کە خۆی و ڕاوێژکارەکانی باوەڕیان وابوو دەتوانن ئیدارەی ئەم حکومەتانە بکەن، ئەویش بە پشتیوانی ئەمریکا، کە بۆ چەندین ساڵە ئەمریکا کاری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کردووە و پشتیوانی لێکردووە و لە هەمان کاتدا پێداگیری لەسەر سیاسەتی «یەک ئێراق» کردۆتەوە.
من باوەڕم وابوو کە تورکیا سەربەخۆیی لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان قبووڵ دەکات، کە ئەمەش ناڕاست بوو. هەروەها من مشتومڕی ئەوەم دەکرد، ئەگەر بێتو ئەنقەرە بەرهەڵستی ئەو ڕێگایە بکات کە بارزانی گرتوویەتەبەر- کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا پەرەی بە پەیوەندی زۆر باش دابوو لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و پارتەکەی (پارتی داد و گەشەپێدان) ، ئەوا تورکیا چەند بژارەیەکی کەمیان دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە ڕیفراندۆمەکە، یان لە بەردەم هەر هەوڵێکدا کە کورد بیخاتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆمەکە. ئەمە تا ڕاددەیەکی زۆر ڕاست بوو. چونکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی ڕیفراندۆمەکەدا، وتاری ئەرۆدغانیش توندتر بوو، کاتێکیش ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە ڕاگەیەنرا، هەڕەشەی داخستنی سنوور و ڕاگرتنی بازرگانی (لەنێویاندا نەوت) و تەنانەت هەڕەشەی داگیرکاریشی کرد، بەڵام هیچ یەکێک لەمانە ڕووینەدا، ئەگەرچی تورکیا بەشداری نەکردووە لە هیچ یەکێک لەو ئابڵوقانەی خراونەتەسەر کوردستان، بەڵام گەشتی ئاسمانی بازرگانی بۆ دوو فڕۆکەخانە مەدەنییە نێودەوڵەتییەکەی هەرێمی کوردستان ڕاگرت.
من نیگەران بووم لەبارەی ئەگەری ڕوودانی توندوتیژی لە ناو کەرکووک و لە دەوروبەری ئەو شارەدا، بەڵام کێ نیگەران نەبوو؟ چونکە زۆر شت هەیە لە ناو کەرکووک و لە دەوروبەری کە پەیوەستن بە ناسنامەی کوردبوون و بوونی نەوتێکی زۆرەوە. کەواتە ئەگەر توندوتیژی ڕووی بدایە، ئەوا لە کەرکووک ڕوویدەدا.
ئەمانە هەموو ئەو شتانە بوون کە پێشبینییەکانم لەبارەیانەوە ڕاست دەرچوون.
بەڵام ئەوەی کە بەسەرمدا تێپەڕی و زۆر گرنگترە بەلای منەوە بە بەراورد بە پێشبینییە ڕاستەکانمان. بەتایبەتی کە کاری من ئەوەیە هاوکاری داڕێژەرانی سیاسەت و خەڵکی بە گشتی بکەم، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی باشتریان لەبارەی جیهانەوە هەبێت. بەڵام لە پرسی پەیوەست بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و دۆخی دواتردا، من هاوکار نەبووم. پێش هەموو شتێک، من بەرهەڵستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانم بۆ ستراتیژیەتەکەی بارزانی بۆ ڕیفراندۆم بە کەم وەرگرت. ڕاستە ئەوان ساردوسڕ بوون لە ئاست بیرۆکەکەدا، بەڵام من گریمانەی ئەوەم کرد کە هەر کاتێک دەنگدانەکە تەواو بوو، دەرئەنجامەکەی ڕاگەیەنرا، ئەوا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ بژارەیەکی نابێت جگە لە پشتیوانیکردنی بارزانی. ئاشکرایە ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان-بە بەراورد بە پارتی دیموکراتی کوردستان- کە پەیوەندیی باشتری هەبوو لەگەڵ بەغدا و بە ملکەچکردنی بۆ عەبادی دەسەڵاتی بارزانی ڕەتکردەوە، بەوەش بژارەکانی بە کراوەیی هێشتەوە لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی و ئێرانییەکاندا.
لە ساڵی 2014دا من وتارێکم لە هەولێرەوە نووسی و باسم لەوە کرد پێویستە کورد باری سیاسیی خۆیان ڕاست بکەنەوە، پێش ئەوەی خەونی سەربەخۆیی بەدەست بهێنن. من ئەمجارەیان ئەو لایەنەم فەرامۆش کرد، پێموابوو بارزانی تا ڕاددەیەک ئەو بارەی ڕاست کردۆتەوە لە ڕێی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە، کە دەبێتە هۆی یەکخستنی کورد لە دەوری کێشەیەکی باڵا کە بڕیاردانی چارەنووسە.
بە دڵنیاییەوە من ئەو ڕاستییە دەزانم کە چەندین پارت و لایەنی جیاواز هەن کە نوێنەرایەتی بیروبۆچوونی جیاواز دەکەن لەنێو سیاسەتی کوردیدا. هەر لەبەر ئەوەش هەر کاتێک یەکێک لە هاوەڵەکانم ئاگاداری کردمایەتەوە کە هەموو کورد یەک بۆچوونیان نییە، من تێدەگەیشتم لەوەی مەبەستیان چییە.
دووەم، ئەگەرچی من دەمزانی عەبادی پێویستی بەوەیە وەک کەسێکی سەرسەخت دەرکەوێت لە پێش ڕیفراندۆمەکە و دواتریش، بەڵام من باوەڕم وابوو ئەمە تاکتیکی گفتوگۆکردنە، بەڵام دەرچوو کە وا نەبوو. چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەروەختە، ئەوا کاتی دەنگدانەکەی کورد بۆ سەربەخۆیی بۆ عەبادی زۆر خراپ بوو، واتە لەسەروەختێکدا بوو کە عەبادی سواری شەپۆلی هەواڵە خۆشەکانی داڕووخانی داعش بوو. ئەو کار و هەنگاوەی بارزانی کە بریتی بوو لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەبووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی زۆرێک لەو دەسەڵاتە سیاسییەی کە عەبادی بە ڕەوتێکی لەسەرخۆ و لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە لە ساڵی 2014دا کەڵەکەی کردبوو. کەواتە دەبوو عەبادی دەست لە هەموو ئەوانە هەڵبگرێت و خۆی ڕووبەڕووی ڕکابەرەکانی بکاتەوە، ئەگەر بهاتایە کەرکووک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی دیکەی بدایەتەدەست بارزانی، لە دەرئەنجامدا ئەو پەنای بردە بەر بەکارهێنانی هێز.
سەرەڕای ئەو هێز و دەسەڵاتەی کۆیکردۆتەوە، هێشتا عەبادی شەڕێکی هەیە لە ئێراندا، کە بریتییە لە سوپای پاسداران و میلیشیاکانی پەیوەست بە تارانەوە. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ئەوەی لە کەرکووک ڕوویدا تەنیا و تەنیا بەهۆی دەستڕۆیشتوویی ئێرانییەوە بووە بەسەر بڕیاری ئێراقییەوە. چونکە عەبادی هۆکار و پاڵنەری خۆی هەبوو بۆ وەشاندنی گورزێک لە کوردستان، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێران فاکتەرێک بوو بۆ ئەوەی شەڕەکە بەو دەستوبردییە لە کەرکووک تەواو بێت. من باوەڕم وابوو کە ئێران فاکتەرێکە و دەکرێت بەکار بهێنرێت و دۆستە کوردەکانم نیگەران بوون لەبارەی هاوپەیمانێتی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئێراندا، بەڵام من پێموابوو سوپای پاسداران زۆر سەرقاڵەو هەڕەشەکانی تەنیا بۆ مەبەستی ترساندنی بارزانی-یە لە گفتوگۆکاندا.
لە کۆتاییدا، من بە هەڵە سیاسەتی ئەمریکام لێکدایەوە. ئەمە ئەرکی ئیدارەی ترەمپ نییە، چونکە بە شێوەیەکی گشتی کۆشکی سپی هەمان سیاسەتی ئیدارەی پێش خۆی گرتۆتەبەر، کە ئەو کەسەی بە ڕەسمی بەرپرسی ئەنجامدانی ئەو کارەیە بریتییە لە برێت ماکگۆرک. مشتومڕێک هەیە کە دەڵێت هەوڵە ئاشکراکانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ فشار درووستکردن لەسەر کورد بۆ پاشگەزبوونەوە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕێگاچارەیەکی ڕاست بوو، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمریکا پابەندە بە یەکێتی ئێراقەوە. من هاوڕا نەبووم لەگەڵ ئەو ڕێگاچارەیەدا و پێموابوو تەنیا دەبێتەهۆی بەهێزکردنی پێگەی ئێراق و ئێران، بەڵام لە هەمانکاتدا پێم وایە ئەگەر ئەمریکا پشتیوانی کوردیش نەکات، بەڵام بەلای کەمەوە جڵەوی بەغدا دەکات.
بە تێڕوانینی من هیچ مانایەکی نییە بوترێت ئەوە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە کە تەماشاکار بێت کاتێک ئێراقییەکان کەلوپەلی وڵاتەکەی بەکار دەهێنن لە دژی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان. چونکە بەلای منەوە ئەمە تەنیا دەبێتە هۆی هێنانەئارای ئەو بارودۆخەی کە داڕێژەرانی سیاسەت هەوڵی بەرپێگرتنی دەدەن- ئیدی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی ئێراق بێت، یان زیاتربوونی دەستڕۆیشتوویی ئێرانی بێت لە بەغدا، کە لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی دوورەپەرێزخستنی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هەر هەڵەیەکی کردبێت، ئەوا هێشتا بەرکارە لە پشتیوانیکردنی ئەمریکا لە شەڕەکەیدا دژ بە داعش. بە پێچەوانەوە، سیاسییەکانی ئێراق هەمیشە هاوپەیمانێکی دژوار بوون بۆ ئەمریکا، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی سرووشتی ئاڵۆزی سیاسەتی ئێراق و ڕۆڵی بەرچاوی ئێران لە بەغدا. ڕەنگە عەبادی کەسێکی جیاواز بێت و ڕێگای خۆی هەبێت بۆ ئیدارەدانی خواست و بەرژەوەندییە ناکۆک بە یەکەکان کە بەشێکن لە سیستمی غەنیمەی سیاسی لە ئێراقدا. هەرچۆنێک بێت، من باوەڕم وابوو کە ئەمریکا هەڵەکانی ڕابردو دووبارە ناکاتەوەو هێز و متمانەی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ درووستکردنی هاوسەنگییەکی باشتر لەنێو هێزە سیاسییەکانی ئێراقدا. من هەڵە بووم.[1]