د. ڤیلادیسلاڤ سۆتیرۆڤیچ
لە ئێستادا چەندین گەل و نەتەوە هەن لە جیهاندا کە خاوەن قەوارەی سەربەخۆی خۆیان نین و دەکرێت پێیان بوترێت: «نەتەوە بێ دەوڵەتەکان» یان باشترە بڵێین «کەلتوورە بێ دەوڵەتەکان» یان «گرووپە ئیتنییە- زمانەوانییە بێ دەوڵەتەکان»، بەڵام ئەوەی سەرنج دەدرێت ئەو ڕاستییەیە کە لەنێو ئەم گەلانەدا هەستێکی باڵا و هەڵکشاوی ناسنامەی هاوبەش بەدی دەکرێت، بەڵام لە دەرئەنجامی ڕووداووە مێژوییەکانەوە ئەم گەلانە نەبوونەتە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، تاوەکو ئەو دەوڵەتە هەڵبستێت بە نوێنەرایەتیکردنیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لەسەر شانۆی سیاسەتی جیهانی. کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەم نموونەی ئەم واقیعە و هەم قوربانیی دەستی داپڵۆسینی دەوڵەتە بەتایبەتی لە تورکیا و ئێراقی سەردەمی سەددام حسێندا. لە هەردوو وڵاتەکەشەدا حکومەتی ناوەندی وەک توخم و پێکهاتەیەکی نامۆ لە کوردیان ڕوانیوە.
خاکی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە سەربەخۆیە بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە ئەم ناوچەیەش لانکەی کۆنترین و دێرینترین شارستانیەت و کەلتووری مرۆییە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە تا ئێستا ئەم دەوڵەتە نەهاتۆتەئاراوە، ڕەنگە ئەمەش یەکێک لە نادادپەروەرترین حاڵەتەکان و بە دڵنیاییەوە یەکێکە لە شەرمەزارکەرترین تاوانی مرۆڤایەتی لە ڕۆژگاری هاوچەرخدا، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی چەند ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر:
1. کورد یەکێک لە کۆنترین گەلانی ناوچەکە و یەکێک لە کۆنترین گرووپی ئیتنی و زمانەوانییە لە جیهاندا.
2. کورد گەورەترین گرووپی ئیتنی-زمانەوانیی بێ دەوڵەتە لە جیهاندا و چوارەم گەورەترین گرووپی ئیتنی و زمانەوانییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
3. کوردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوچەیەکدا چڕبوونەتەوە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە درووستکردن و داڕشتنی سنووری دەوڵەتێک کە کورد زۆرینە بێت تێیدا کارێکی سەخت و دژوار نابێت.
4. کورد تاکە گرووپی ئیتنییە لە ناوچەکەدا کە دابەشکراوە بەسەر پێنج دەوڵەتدا، بەڵام لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەشدا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا چڕ بۆتەوە.
5. کورد یەکێکە لە ستەملێکراوترین و چەساوەترین گرووپە ئیتنییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
6. بە گوێرەی میساقی نەتەوە یەگگرتووەکان و پرەنسیپەکانی پەیوەست بە مافی بڕیاردانی چارەنووس لە سایەی حوکمڕانیی کۆلۆنیاڵیدا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کورد شایستەی ئەوە بوو دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆی هەبێت.
لە ئێستادا، کورد لە تورکیا، سووریا، ئێراق و جۆرجیا و ئێران وەک کەمینەیەکی بەهێز نیشتەجێن، هەروەها لە ئازەربایجان و ئەرمینیا و تاجیکستانیش وەک جالییەکی پەرت و بڵاو دەژین. لە ئێستادا مەزەندەی ئەوە دەکرێت ژمارەی کورد بگاتە 30 ملیۆن کەس کە 11 ملیۆنیان لە تورکیان ( لە سەدا 20ی دانیشتووانی تورکیا) و چوار ملیۆن لە ئێران (لە سەدا هەشتی دانیشتووانی ئێران) و لە ئێراقدا 2، 5 ملیۆن (لە سەدا 15ی دانیشتووانی ئێراق، لە سووریا 800، 000 کەس (لە سەدا 8ی دانیشتووانی سووریا) و لە جۆرجیا 400، 000 کەس ( لە سەدا 8ی تێکڕای دانیشتووانی جۆرجیا) پێکدەهێنن. هەروەها لە چەند شوێنێکی دیکەی وڵاتانی ئەرمینیا و ئازەربایجان و تورکیا و ئێران و تورکمانستان دەژین.
ڕوانگەیەکی مێژوویی
کورد بنەڕەتێکی هیندۆئەوروپی هەیە، ڕەچەڵەکیان دەچێتەوە سەر مێدیاکان (مادەکان) کە لە ڕۆژگاری کۆندا لەئارادا بوون و لای نووسەرەکانی یۆنان و نووسەرانی دیکە ناسراو بوون و لە پەیمانی کۆندا ئاماژەیان پێکراوە و لە چیای زاگرۆسەوە لە باشووری-رۆژئاوای ئێرانی ئێستاوە سەرچاوەیان گرتووە. کورد خەڵکێکی غەیرە عەرەبن و لە ڕۆژگاری ئێستاشدا زۆرینەیان سوننە مەزهەبن. ئەوان لە سەدەی 7دا و لەسەروەختی گەیشتنی عەرەبە موسڵمانەکاندا بوونە ئیسلام کە لەو کاتەدا عەرەبەکان بە «کورد» بانگیان دەکردن، ئەگەرچی ئەوان 3000 ساڵ پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی بە ئیسلامکردن گەیشتبوونە کوردستان. لە ئێستادا 800 هۆز و خێڵ لە کوردستاندا هەن. لە سەدەی 11دا کوردستان لەلایەن تورکە سەلجوقییەکانەوە داگیرکرا و 200 ساڵ دواتریش لەلایەن مەغۆلەکانەوە داگیر کرا. پێش هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیش ئەو ناوچانەی کوردی تێدا نیشتەجێ بوون، سەر بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمان بوون .
دوای ئەوەی بۆ چەندین سەدە لە سایەی سەڵتەنەتی عوسمانیدا ژیانیان بەسەر برد، کورد وەک موسڵمانەکانی دیکەی نێو دەوڵەتەکە هیچ ناسنامەیەکی ئیتنی فەڕمی سەربەخۆی نەبوو، جگە لە ناسنامەی هاوبەشی موسڵمان بوون نەبێت. هێشتا ئەم پراکتیزە لە تورکیادا پەیڕەو دەکرێت کە سەرجەم موسڵمانەکان لە ڕووی ئیتنی و زمانەوانییەوە بە تورک لە قەڵەم دەدرێن، کە ئەمەش بە باشترین ڕێگە دادەنێت بۆ چونیەککردنی ئیتنی لەنێو دەوڵەتێکی عەلمانیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، لە کۆتایی سەدەی 19دا کوردی نێو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بە چەشنی گرووپە ئیتنییە غەیرە تورکەکانی دیکەی چوارچێوەی سەڵتەنەتەکە کەوتە ژێر کاریگەریی شەپۆلی ناسیۆنالیزم و هەڵکشانی ناسنامەی نەتەوەییەوە.
بەو پێیە کورد بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەشەوە – کە تەواو گەڵاڵە ببوو- پێی نایە سەدەی بیستەوە کە ئەو ناسنامەیەش لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای زمان و کەلتوور هاتە دامەزراندن نەک ئایین ( ئیسلامی سوننە) .
یەکەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی کە پرسی کوردی تاوتوێ کردبێت، بریتی بوو لە پەیماننامەی سیڤەر (1ی ئابی ساڵی 1920) کە بە گوێرەی ئەو پەیماننامەیە دەبوو خۆبەڕێوەبەرییەکی کوردی دابمەزرێت. هەروەها گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە شاندی کوردی لە کۆنفرانسی ئاشتیی پاریس بەشداری کرد لە ساڵی 1919دا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پەیماننامەیە جێیەجێ نەکرا، لەبەر ئەوەی پەڕڵەمانی عوسمانی پەسەندی نەکرد. لەوەش زیاتر، لە دوای هەڵمەتە سەربازییە سەرکەوتووەکەوە بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال (کە دواتر ناوی ئەتا تورکی لێنرا، کە بە واتای باوکی تورک دێت) لە شەڕی یۆنان- عوسمانی (تورکی) لە ساڵی 1919- 1922 ڕێککەوتنێکی نوێی ئاشتی واژووکرا لەگەڵ کۆماری تورکیادا لە لۆزان ( 24ی تەمموزی ساڵی 1923) کە تێیدا هیچ ئاماژەیەک بە کورد نەکرا. بەڵکوو بە پێچەوانەوە خاکی کورد ئەوەندەی دیکە دابەشکرا، کاتێک بەڕیتانیا سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی ئینیتداب – لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە کە تازە لەسەر دەستی خۆیان دامەزرا بوو- بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی موسڵەوە لە ئێراقدا.
ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکوتکردنی بێڕەحمانەی خەباتی کورد لەپێناوی سەربەخۆییدا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە کوردستانی ئێراق و ئێران دەوڵەمەندن بە کێڵگەی نەوت. یەکەم هەوڵی کورد بۆ سەربەخۆیی لە ساڵی 1924-1932 کاردانەوە بوو لەبەرانبەر ئاوێتەکردنی موسڵ و کەرکووک لەنێو ئێراقدا کە لەو کاتەدا ئێراق لەژێر دەستڕۆیشتوویی و کۆنتڕۆڵی بەڕیتانیادا بوو. دووەم شەڕ و شۆڕشی جددیی کورد لەپێناوی سەربەخۆییدا لە ساڵانی شەستەکاندا ڕوویدا کە ئەوەش بەشێک بوو لە خەباتێکی چەکداری بەرفراوانتری نێوان ساڵانی 1958-1974 کە هۆکارەکەشی ئەوە بوو حکومەتی نوێی ئێراق ڕێزی لە مافەکانی کورد نەگرت (کە ئەمە حاڵەتەکەش بوو لەسەرجەم ئەو دەوڵەتە دراوسێیانەی کە کوردیان تێیدا نیشتەجێ بوو) .
یەکەم خۆبەڕێوەبەری نەتەوەیی: «کوردستانی ئێراق»
شەڕی ئێراق و ئێران لە ساڵانی 1980-1988 یەکێک بوو لە ڕۆژگار و ڕووداوە یەکلاکەرەوەکانی پڕۆسەی بەرەوپێشچوونی «پرسی کورد» لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەسەرەتادا کوردی ئێراق سوودیان لە شەڕەکە بینی. بەڵام هەرچۆنێک بێت، لە کۆتایی شەڕەکەدا سوپاکەی سەددام بە چڕ و پڕی چەکی کیمیایی لە دژی کورد بەکارهێنا، بەتایبەتی لە مانگی ئازاری ساڵی 1988دا. دوای شەڕەکە، لەبەر ئەوەی لەلایەن هیچ هێزێکەوە نەدەپارێزران، کوردی ئێراق دوچاری سەرکوتکاری و دلڕەقییەکی بەربڵاو بوونەوە لەسەر دەستی ڕژێمی ئێراق. سەرکردە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد ڕووبەڕووی هەڵمەتی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و هەوڵی کوشتنیان بوونەوە. لە میانەی یەکەم شەڕی کەنداو لە ساڵانی 1990-1991 جارێکی دیکە کوردی ئێراق دووچاری پێکدادان بوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئێراقدا.
ڕۆژگاری سەرکوتکردنی کوردی ئێراق لەسەر دەستی حکومەتەکەی سەددام کۆتایی هات، کاتێک ئێراق لە ساڵی 1991دا شەڕەکەی دۆڕاند و کوردی ئێراقیش لەو کاتەوە تاوەکو ساڵی 2003 ( دووەم شەڕی کەنداو) بەهرەدار بوو لە خۆبەڕێوەبەرییەکی پارێزگاری لێکراو لەلایەن هێزەکانی ناتۆوە لە تورکیا. هەر لە ساڵی 1991دا ئێراق ناچار کرا بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان قبووڵ بکات لەبارەی خۆبەڕێوەبەرییەکی نەتەوەییەوە بۆ کورد لە ناوچەکانی باکووری ئێراقدا. لە ڕاستیدا، باکووری ئێراق بووە «نەوای ئارام» بۆ کورد - کە دوو ساڵ دواتر هەمان میکانیزم پیادە کرا کە ئەوە بوو سێ «نەوای ئارام» بۆ ئاوارە موسڵمانەکانی بۆسنیا-هێرزەگۆڤێنیا درووست کرا کە شارۆچکەی سێبرینتچاشی لەخۆگرت. ئەمە لە واقیعدا بە مانای ئەوە هات کە بوار نەدەدرا هێزە ئەمنییەکانی ئێراق لەسەرووی هێڵی 36ەوە بوونیان هەبێت و لە حاڵەتی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتنەشدا هێزە ئاسمانییەکانی ناتۆ لە تورکیا بەرپرس بوو لە هێرشکردنەسەریان.
ئەوەی لە دوای یەکەم شەڕی کەنداوەوە و ئەوەی لە واقیعدا دەگوزەرا ئەوە بوو دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی ئێراق بەسەر باکووری ئێراقدا داکشابوو و بگرە لەئارادا نەمابوو. ئەمەش لە بەشێکیدا بەهۆی ئەو ڕاستییەوە بوو کە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەڕیتانیا ناوچەی «دژە فڕێنیان» دامەزراند بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شیعە و کورد بکەن لەبەرانبەر تیرۆریزمی سەددام حسێندا.
یەکەم خۆبەڕێوەبەری لە مێژووی «پرسی کورددا» هاوشێوەی ئەو خۆبەڕێوەبەرییە سیاسییە بوو کە ئەلبانییە کۆسۆڤییەکان لە سربیا بەدەستیان هێنا لە ساڵانی 1974 بۆ 1988. کە لەو کاتەدا هەڵبژاردنی پەڕڵەمان و سەرۆکایەتی لە کوردستانی ئێراقدا ئەنجام دران کە بەغدا ئیعتیرافی پێنەکرد، ئەمەش بە پێچەوانەی حاڵەتی کۆسۆڤوە کە بە شەرعی لە قەڵەم درا لەلایەن دەسەڵاتی سربیاوە. دوو پارتی سیاسی و سەرەکی لە کوردستاندا لەئارادابوون یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ینک) و پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) .
هەرچۆنێک بێت، کوردستانی ئێراق لە ڕووی ئابوورییەوە کەوتە ژێر کاریگەرییەکی گەورەی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی (ئابڵوقەی ئابووری) کە بەسەر ئێراقی سەردەمی سەددام حسێندا سەپێندرابوون.
«کۆسۆڤۆ»ی تورکیا
کورد لە تورکیادا دوچاری جیاکاری و سەرکوتکارییەکی زۆر بۆتەوە بە بەراورد بە دەوڵەتەکانی ئێستا کە کوردیان تێدا نیشتەجێیە. کورد لە تورکیا وەک کەمینەیەکی ئیتنی و زمانەوانیی ئیعتیرافی پێناکرێت کە خاوەنی زمان و کەلتووری خۆیان بن، ئەمە بە چاوپۆشین لەو ڕاستییەی کە ئەوان یەک لەسەر پێنجی تێکڕای دانیشتیووانی تورکیا پێکدەهێنن و لەگەڵ یۆنان و ئەرمەنییەکاندا کۆنترین دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنن کە لە ئەنادۆلیا ژیابێتن و 3000 ساڵ بەرلە تورکە سەلجوقییەکان لەوێ بوون، کە ئەم تورکانە لە کۆتایی سەدەی 11دا هاتنە ئەو ناوچەیە.
لە ڕاستیدا سێ هۆکاری بنەڕەتی هەن بۆ جووڵانەوەی جوداخوازیی کورد لە تورکیا، کە تێیدا کورد خواست و مافی ئەوەی هەیە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بێت، وەک یەکێک لە کۆنترین گەلانی –گرووپی ئیتنی زمانەوانی- هەم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم لە جیهانیشدا:
1. دواکەوتوویی ئابووریی بەرچاوی ناوچە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا بە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە وەک دەرئەنجامی سیاسەتێکی ئابووری و گەشەپێدانی لاسەنگ لەلایەن ئەنقەرەوە.
2. بەرهەڵستی سەرسەختانەی هەموو حکومەتە تورکییەکان بۆ ئیعتیرافکردن بە بوونی کورد وەک گرووپێکی ئیتنی جیاواز کە خاوەنی زمان و کەلتووری جیاوازی خۆی بێت، ئەویش لە دەرئەنجامی سیاسەتی عوسمانی تورکی بۆ چونیەککردنی سەرجەم دانیشتووانی موسڵمانی وڵاتەکە.
3. ڕەتکردنەوەی ئیعتیرافکردن بە پێگەی کەمینەی کورد کە-ئەم ئیعتیرافکردنە- دەبێتە هۆی ئەوەی باکووری کوردستان ببێتە خاوەنی خۆبەڕێوەبەرییەکی نەتەوەیی-کەلتووری یان سیاسی. ئەمە لە کاتێکدا ئەم خۆبەڕێوەبەرییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بە گوێرەی بەیاننامەی ئاشتی سیڤەر لە ساڵی 1920ا ئیعترافی پێکراوە.
لە کۆتاییدا سیاسەتی جیاکاری و سەرکوتکاری و دژەکوردی پەیڕەوکراو لەلایەن ئەنقەرەوە سەریکێشا بۆ درووستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی 1978دا کە هەڵسا بە گرتنەبەری شەڕی گەریلایی وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی. ئەنقەرەش لە ڕوانگەی سیاسیی خۆیەوە پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی ناشەرعی و تیرۆریستی ناساندو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم ڕێکخراوە شەڕ دەکات بۆ تێکشکاندنی سیستمی یاسایی و دامەزراوەیی وڵاتەکە، ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە ئەگەر لەم ڕوانگە تەکنیکییەوە لە مەسەلەکە بڕوانین، ئەوا ئەمە بۆ سوپای ڕزگاری کۆسۆڤۆش ڕاست بوو، چونکە سوپای ڕزگاری کۆسۆڤۆش هەمان کاری لە دژی سیستمی یاسایی و ئەمنی سربیا دەکرد لە ساڵانی نەوەتەکاندا، کەچی ئەنقەرە لە ڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە پشتیوانی لێدەکرد.
هەرچۆنێک بێت لە کۆتاییدا ئەنقەرە ناچار بوو بە فەڕمی ئیعتیراف بەوە بکات کورد لە ڕووی کلتوورییەوە پێکهاتەیەکی جیاوازە. ئەگەرچی ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی کورد وەک گرووپێکی ئیتنی و زمانەوانی بناسرێت. بەهەر حاڵ، پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە: چۆن دەکرێت کەلتوورێکی جیاوازت هەبێت، لە کاتێکدا زمانی جیاوازت نەبێت و تەنانەت گرووپێکی ئیتنی جیاوازیش نەبێت؟ چونکە ئەمە حاڵەتێکی بەربڵاوە کە لە بنەڕەتدا خەسڵەتە ئیتنی و زمانەوانییە جیاوازەکان ناسنامەیەکی کەلتووری جیاواز دەخوڵقێنن و ناسنامەی ئیتنی و زمانەوانی و کەلتوورییەکانیش وەک هاوواتا لێیان دەڕوانرێت، بەڵام ئەمە حاڵەتەکە نییە لە تورکیا لە پەیوەندی بە کورد و چەند کەمینەیەکی دیکەی زمانەوانی و ئیتنی کە ئیعتیرافیان پێنەکراوە.
هەرچۆنێک بێت، هەر داواکارییەکی پەکەکە بۆ بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەرییەکی سیاسی، یان سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن ئەنقەرەوە ڕەت دەکرێتەوە. لە دەرئەنجامدا، لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانەوە تورکیا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەو حاڵەتە بۆتەوە کە پێی دەوترێت «حاڵەتی کۆسۆڤۆ». مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەبەرانبەر شەڕی دڵڕەقانەی پەکەکەدا بە هەمان شێوە دڵڕەقانە بوو لە بەرانبەر خەڵکانی مەدەنیی کورد لە ناوچەکانی شەڕدا لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا. ساڵانە بە سەدان چالاکوان زیندانی دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە کە لە ساڵی 1999دا سەرکەوتوو بوون لە (ئەو ساڵەی کە ناتۆ دەستتێوەردانی سەربازی کرد لە دژی کۆماری فیدراڵی یوگسلافیا بە پاساوی ئەوەی ڕێگری لە تیرۆریزمی دەوڵەت بکەن لە دژی مەدەنییە ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆ) دەستگیرکردنی سەرکردەی پەکەکە ئۆجەلان (کە بە ئاپۆ ناسراوە) کە دادگایەکی ڕواڵەتی کراو سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دڵڕەقی دەوڵەتیش بەرانبەر کورد بەرکار بوو. هەرچۆنێک بێت، تەنیا بەهۆی فشاری ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپاوە لە ساڵی 2002دا فشارەکانی دژ بە کورد تا ڕاددەیەک کەم کرانەوە. واتە کاتێک بووە کاندید بۆ ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا، تورکیا ناچار بوو یاسای لیبڕاڵی نوێ بگرێتەبەر کە بەهۆیانەوە مافی کەلتووری بە کورد ڕەوا بینرا و دواتر پارێزگاریان بۆ دەستەبەر کرا لەبەرانبەر زیندانیکردنی هەڕەمەکی و دادگاییکردنی سیاسیدا. بە کورتی، بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، یەکێک لە پێداویستییەکان ئەوە بوو کە دەبێت هەموو هاووڵاتییەک مافی گوزارشتکردنی کەلتووری پێ بدرێت، لەنێویاندا کەمینەی سەرەکیی تورکیا، واتە کورد کە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیاوە خەونەکانیان بۆ بنیادنانی نەتەوە سەرکوتکراوە.
توندوتیژیی دەوڵەت و توندوتیژیی قەوارە غەیرە دەوڵەتییەکان
خواستی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەت ڕووبەڕووی بەرهەڵسەتی سەرجەم ئەو دەوڵەتانەوە بووەتەوە کە کوردیان تێدا دەژێیت. لە ناوچەکەدا تورکیا بە شێوەیەکی تایبەتی وڵاتێک بووە کە زۆرترین ئازاری چەشتووە بەدەست لایەنە جیاوازەکانی چالاکییە تیرۆریستییەکان و جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی سیاسییەوە. خەباتی دوورو درێژی جوداخوازی لە تورکیا بووە هۆی لەناوبردنی گیانی هەزاران کەس و لە دەرئەنجامدا توندوتیژی دەوڵەت (یان تیرۆریزمی لەسەرەوە سەپێنراو) هاتەئاراوە، هەمان هەلومەرج لە ئێراقدا لە ئارادا بوو لەسەردەم سەدام حسێندا.
کەواتە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا دوو ئاستی توندوتیژی لە تورکیادا لەبەریەک کەوتندان: توندوتیژیی دەوڵەت و توندوتیژیی قەوارەی غەیرە دەوڵەتی. بەڵام کاردانەوەکانی ڕۆژاوا، بەتایبەتی ئیدارەی ئەمریکا، ئیزدواجییانە بووە، واتە تەنیا لایەنە کوردییەکە بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتبار دەکات (پەکەکە) نەک حکومەتی تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر بەراروردێک بکەین، ئەوا لەسەروەختی قەیرانی کۆسۆڤۆ 1998-1999 ڕۆژاوا و ئەمریکا تەنیا باسی کردەوە توندوتیژییەکانی حکومەتی سربیایان دەکرد، نەک ئەو کارە توندوتیژانەی کە سوپای ئازادی کۆسۆڤۆ ئەنجامی دەدان. هەرچۆنێک بێت، ئەوەی زۆر سەیرە ئەوەیە هەرگیز ئەنقەرە سوپای ئازادی کۆسۆڤۆی وەک ڕێکخراوێک، یان گرووپێکی توندوتیژ سەیر نەکردووە، بەو شێوەیە تورکیا ئەو دەرگایە لە خۆی دەکاتەوە بۆ ئەوەی پەکەکە وەک پارتێکی شۆڕشگێڕی-سیاسی بناسێنرێت کە خەبات لەپێناوی ئازادیدا دەکات.
ئەوەی پەیوەندی بە ئێراقیشەوە هەبێت، ئەوا سیاسەتێکی تیرۆریستی لەلایەنی دەوڵەتی ئێراقی سەردەمی سەددامدا پیادە کرا کە جار دوای جار سەرکوتکاری ئەنجام دەدا لە دژی کورد، بە چەشنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال کە لە ساڵی 1982دا ئەنجامدرا ( واتە لەسەردەم شەڕی ئێراق-ئێراندا 1990-1988) ، هەروەها دڵڕەقانەترین کردەوەی سەربازی لە دژی کورد لە ساڵی 1988دا ئەنجام درا، کاتێک سوپاکەی سەددام حسێن زیاتر لە 2000 گوندی کوردی وێران کرد، بەڵام بە بێ ئەوەی ڕووبەڕووی سزای ئەمریکا ببێتەوە، چونکە ئەو کاتە ئێراق هاوپەیمانی واشنتۆن بوو لە ململانێکەیدا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران (شیعە) بە چاوپۆشین لەو ڕاستییەی کە مەزەندە دەکرێت لەم هەڵمەتی جینۆسایدەدا نزیکەی 200، 000 کورد کوژرابێتن.
دەرئەنجام
کێشەی کورد لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە تەنیا نموونەیەکە لەبارەی ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی دەوڵەت چیتر نابێتەهۆی پاراستنی یەکێتی دەوڵەتەکە، هەروەک ئەوەی پێشتر ئەمە حاڵەتەکە بوو، بۆ نموونە لە حاڵەتی فەڕەنسا لە دوای شۆڕشی 1789-1794. بە دڵنیاییەوە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە چەشنی زۆرێک لە «کەلتوورە بێ دەوڵەتەکان» یان «نەتەوە بێ دەوڵەتەکان» لە جیهاندا، وەک باسک، یان فەلەستینیەکان بەرکار دەبێت لە خەباتکردن بۆ سەروەری و سەربەخۆیی. کوردی ئێراق کە پشتیوانییان لە ڕوخانی سەددام حسێن کرد، لە دوای ساڵی 2003وە هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەدەن، بەڵام یەکێک لە ئاستەنگە هەرە سەرەکییەکان بریتی بووە لە بەرهەڵستی هاوبەشی تورکیا و سووریا و ئێران. کە ترسیان هەیە لەوەی ڕەنگە کوردی وڵاتی ئەوانیش جیا ببنەوە، کە ئەمەش دەبێتەهۆی هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سێ دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچۆنێک بێت، ڕاگەیاندنی جۆرێک لەسەربەخۆیی لەلایەن کوردەوە تەنیا مەسەلەی کاتە کە بەلای کەمەوە بەشێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئیعتیرافی پێدەکات بە چەشنی ئەوەی لە حاڵەتی کۆسۆڤۆدا لە ساڵی 2008 بینیمان.
لە ئێستادا، خۆبەڕێوەبەرییەکەی هەرێمی کوردستان کە سێ پارێزگاریی کوردی لە خۆگرتووە لە ئێراقدا گەشەکردووترین بەشە بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم کوردستانی سەربەخۆ.
لە کۆتاییدا، کورد لە ئێستادا شایستەی ئەوەیە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەربەخۆی خۆی، ئەویش بە گوێرەی چەند پێوەرێکی جیاواز (وەک ژمارەی دانیشتووان، توانا و سەرچاوە ئابوورییەکان، ڕەسەنی دانیشتووانەکەی، سەرکوتکاری و .. هتد) ، کە ڕەنگە لە زۆرێک لە دەوڵەتە بچووکەکانی ئێستای جیهانیش شایستەتر بێت، بۆ نموونە، گرووپی ئیتنی لاتڤی لە ساڵی 1991دا بووە دەوڵەتێکی سەربەخۆ (دووەم جار بوو کە سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت) ئەمە سەرەڕای ئەوەی دانیشتووانەکەی تەنیا 2، 6 ملیۆن کەس بووە کە نزیکەی لە سەدا 3یان لە ڕووی ئیتینەوە ڕووسین و هیچ سەرچاوەیەکی وزەیان نیە و تەنیا چەند سەرچاوەیەکی کەمی سرووشتییان هەیە، بە بەراورد بە کورد کە ژمارەیان 30 ملیۆن کەسە.[1]