دەبا ئاگامان لە کلتوور و مێژووەکەمان بێت
#جەمیل مەلاقەرە#
هەر گەڵێک ئاگای لە کلتوور و بەرخۆدان و مێژووەکەی خۆی نەبێ بێگومان ئەو گەلە هەرگیز بە مراد و مەخسوودی خۆی ناگا، لە بەحری زوڵەماتتدا دەژی، هەمیشە کۆیلە و بندەستی گەلانی دیکە و کەلتوورەکەشی تووشی شێواندن و چەواشەکردن دەبێت. بە حوکمی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە هونەر و ئاواز و ئەدەبیاتی کوردەکانی پشت قەوقاز باڵکێشی کردووم، لەوسەری وڵاتانی قەوقازستان بۆ ئەو سەری تەی دەکەم، لەو دەرگا بۆ ئەو دەرگا، لەو دەوار بۆ ئەو دەوار و هۆبە بە هۆبە لە کازاخستانەوە تا ناو ڕەشماڵانی کوردانی بناری چیای ناوداری ئەلەگەز بە دوای کلتووری ئەو کوردگەڵە شوونبزرەدا دەگەڕێم، دیارە لەناو ئەرشیفی ئاواز و سترانەکانی ڕادیۆی کوردییەریڤانیشدا گوێم لە سترانێک دەبوو بە ناوی (هێدی باژۆ) کە دەنگبێژ مەملیێ خەمۆ دەیچڕی، بە تەئکید دەمزانی لە پشت هەر لاوکێک و ئاوازێکی غەمگیندا چیرۆک و ڕووداوێکی دڵتەزێن و تراژیدی یان نەبەردییەک، شۆڕەسوارێک، عەگیدێکی ئەو کوردەواریە خۆی حەشار داوە، بۆیە دەمزانی ئەو کەڵامەش بەدەر نییە لە لاپەڕەیەکی دیرۆکی ئەو کوردە پەڕتەوازە و ستەمدیدەیە بەتایبەت کوردانی پشت قەوقاز، ئێستاش کە دەمی هەر یەکێک لە بەساڵاچوەکانیان دەکەیتەوە و دەیاندوێنی بە داخ و حەسرەتەوە ئەو ڕۆژگارە ڕەشەی خۆیان باس دەکەن و ئەو بێدادی و ستەمە بە بیرمان دەهێننەوە کە دەوڵەتی تورکیا لێیکردوون، لە ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەڤەری قارسێ هەڵیقەندوون و تاڵان و ئاوارەی تاراوگەی کردوون، بە تایبەت کوردە ئێزیدییەکانی ئەرمەنستان و گورجستان وەکوو ئەرمەنەکان ئەوانیش زوڵمزەدەن چۆن بەناو بەفر و سەرما و سەقەمدا و بە ڕووت و ڕەجاڵی هەریەکەیان وەکوو برایمی مەلا زێندێن لە چلەی زستانێ بەفر لە چۆکانێ لە ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان دەردەکرێن.
$بە ڕەزاڵەت و چەرمەسەری$
تەواوی پاتاڵ و مەڕوماڵات و پێداویستی ژیانیان جێدەهێڵن، ئەوەی لێیان کوژرا کوژرا و ئەوەی لە ڕێگا مردن و ئەوەی دیکەیشیان کە مانەوە و لە کوشتن دەرباز بوون بە ڕەزاڵەت و چەرمەسەری بەناو دۆڵ و نهاڵ و دەشتی چەقێن و پڕ لە دڕک و داڵ و ڕەوەزە بەرد بە زگی برسی و دەستی تەزیو و هیلاکی و نەخۆشی، چەندرمەی تورکی موسڵمان بە تەقەکردن بەدوایانەوە ڕایانکردووە و بەرەو بناری کێوی سەر بەتەمی ئارارات و لە ڕووباری ئاراس بە مەشەقەت پەڕیونەتەوەو خۆیان گەیاندوتە ناو کەوشەنی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیاو لە مردن دەربازیان بووە، بەتایبەت ئەگەر پەڕتووکی ( هەوار ) حاجی جندی و بیرەوەری جاسمێ جەلیل و ڕۆمانی (شڤانی کوڕمانجا) ی عەرەبی شەمۆ بخوێنیتەوە بێگومان بۆ یەک چرکەش لە سوێی ئەو کارەساتەدا فرمێسک لە چاوت وشک نابی، وێرای ئەوەش لەناو دەیان ستران و کەڵامی برا ئێزیدیەکان لە ئەرمەنستان ئەو تراژیدیا و ڕەشەکوژیەی خۆیان بەرجەستەو باس دەکەن ... دووساڵ لەمەوپێش لە فەیسبووک و ئەو تێک تۆک و مێک تۆکە کەسانێکی بێ ئاگا لەو مێژووە تاڵە ئەو سترانەیان کردبوو بە گاڵتەجاڕی بەهۆی کەوتنیان بە ناو بەفرو شەختەدا، ئەوکات من زۆر لەو کارە پیشم دەخواردەوە و دەمزانی ئەوە دەبێتە بریندارکردنی هەستی برا ئێزیدیەکانمان و سوکایەتی کردن بە قارەمانێکی بریندار و شەهیدی وەکوو خەلێلی عەجەمی ئەو کوردەواریە.
$هەندێکیان بێ ئاگایی خۆیان$
دیارە کەناڵی تەلەڤزیۆنی ڕووداو چووە دەربارەی ئەو سترانە و چیرۆکە شاراوەکەی پشت ئەو سترانە لە شەنگال پرسیاری لە چەند کەسێکی خوێندەوار و ئۆلپەرست کردووە ئەوانیش هەندێکیان بێ ئاگایی خۆیان دەربڕیوە و خۆیان لێ نەبان کردووە و یەکێکیشیان هەر لە خۆوە حەکایەتەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ شەڕەکانی برایم پاشای میللی لەگەڵ دەوڵەتی تورکاندا، بە داخەوە ئەوە بێ ئاگاییە لە مێژووی ئێزیدیەکان و گوێنەگرتنە لە دەقی سترانەکە کە بە هیچ شێوەیەک باس لە برایم پاشا ناکات، بەڵکوو باس لە قارەمانێک دەکات بەناوی خەلیلێ عەجەم، خۆزگە عەگیدی جمۆ میری بلوور و سازبەندی ڕادیۆی یەریڤان ئێستا لە ژیاندابوایە ئەو مەتەڵەی بە سووک و ئاسانی بۆمان هەڵدەهێنا، ئەوەی من بە ڕاستی دەزانم ئەو سترانە گێڕانەوەی بەشێک لە تراژیدیای ڕەشەکوژی برا ئێزیدیەکان و هەڵاتنیان بۆ ناو دەوڵەتی ڕووسیا و پشت قەوقازە، خۆ ئەگەر بە وردیش گوێ لە گۆرانیەکە بگرێ باسی شەهیدبوونی خەلیل عەجەمی قارەمان لە سبەینەکی ساردو تەماوی و سەر ڕووبارێکی بەهاژو هوژ (دەبی ڕووباری ئاراس بی) دەکات کە بە گولەی دوژمن سەرەتا بریندار بووەو کوژراوە، وا پێدەچێ خەلیل لە شەڕێکی وادا یان هەر لەکاتی ئەو هەڵاتن و کۆچڕەوەکەدا بۆ دەربازکردنی خەڵکە سڤیلەکە ئەو لە قوونەشەڕ دابووە لەگەڵ تورکەکان و قارەمانانە شەڕی کردووە بۆ بەرگری لە گیانی پیرو منداڵی ئاوارە ڕاکردووەکان هەر بۆیە ئەو لاوکە یان سترانە وەکوو شیعرەکەی شێرکۆ بێکەس داوا لە کاروانەکە دەکات کە هێواش باژۆن با خەلیلی بریندار (کە پاشان شەهید دەبی) لەسەر پشتی ئەسپی بۆزی نەکەوی وگۆڕەشار نەدرێ و ئازاری زیاتر نەچێژی، دیارە ژن ومنداڵەکانیش کە زۆر ماندوو شەکەت بوونە لەو کۆچڕەوە پێویستیان بە پشوو و هێواش ڕۆیشتنە، بێگومان لەناو مێژووی قەومێکی ڕەشیدو ئازای وەکوو ئێزدی زۆڵملێکراودا دەیان داستان و نەبەردی هاوشێوەی خەلیلی عەجەم و فلیتی قەتۆ و خەلەفی مسۆی داکۆکیکار لە میری بۆتان و چیرۆکی دەروێشی عەبدی تۆمار کراوە و لەلایەن بەیتبێژو دەنگبێژانەوە وتراوە، بەڕاستی لێکچوونێکی زۆر سەیر دەبینم لەنێوان ئەو سترانە و شیعرەکەی شێرکۆ بێکەس کە لە کەشکۆڵی پێشمەرگەدایەو لەویش بە هەورەکە دەڵێ : نەرم نەرم ببارە بەسەر کاکۆڵی ئەو شەهیدە، (نەرم نەرم ببارە) و لەولایش (هێدی هێدی باژۆ) بەستنەوەی دوو ڕووداوی شەهید بوونی دووگیانفیدای دەڤەری قارس کە ئەوپەڕی سەر حەددی باکووری کوردستانە و شەهێدێکی دیکە لە گەرمیان و ئەوپەڕی مەرزو تخومی باشووری کوردستانە!
$دەقی سترانەکە:$
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، گەلە سیارا
دە هەی لێ، وای، سبەیە، دلێم خەما ل خەمێدا
وەی لێ، وەی سبەیە، دلێم خەما لێ د خەمێدا
ئە برا سیار و پەیایێ مە سیار بوونە، خوە دانە بەر پەرێ ئەزمینە، نا وەڵڵا ڕووبارێ د مژێدا
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ بریندارم
خوە دانە بەر پەرێ ئەزمانا، نە وەڵڵا ڕووبارێ د مژێدا
گولەیەکێ بەری بەدەنا خەلیل عەجەم سیارێ بۆزی چاڤڕەشدانە
من دێرانێ، گولە مایە هەستیێ د چۆکێدا
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، بریندارم
هەی لێ وایێ، سبەیە خەلیل عەجەم ل ماڵ سیار بوو ئینا ناکێ
هەی لێ وایێ، سبەیە خەلیلێ عەجەم ل ماڵ دەرکەت ئینا ناکێ
گوڵەو بارووتێ ڤی کافری سەر خەلیلێ عەجەمدا دبارە مینا تەڤییا ڤێ تەیرۆکێ
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، بریندارم
دبارە مینا تەڤییا ڤێ تەیرۆکێ
گولەیەکی بەری بەدەنا خەلیلێ عەجەم، سیاری بۆزی چاڤڕەش دانە
من دێرانێ، گولە مایە هەستیێ چۆکێ
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، گەلە سیارا
وەی لێ وایێ، سبەیە، سوڕا سار تێ
وەی لێ وایێ، سبەیە، سوڕا سار تێ
وەیلا من دێرانێ، گولە بارووتێ ڤی کافرێ سەر خەلیلێ عەجەمدا لێ چامکال تە
هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، هێدی باژۆ، بریندارم
ئەوەش بڕگەیەک لە لاواندنەوەکەی شێرکۆ بێکەس بۆ شەهێدێکی کوردستان کە لە کەشکۆلی پێشمەرگەدا بڵاوبۆتەوە :
هۆ لوتکەی بەرز !
ئەوا ئێستە ئەگەنە لات
مل هەڵبڕەو بەو هەورە تەنیایە بڵێ
کە گەیشتنە سێبەرەکەی
نمە .. نمە .. با ببارێ
مل هەڵبڕەو سووک پێی بلێ
شەهیدێکیان لەگەڵدایە
ئەڕواتەوە بۆ دێیەکەی خۆی
لەوێ ئەنوێ
سووک پێی بڵێ
شەهیدێکەو تینویەتی و ئاوی ئەوێ![1]