وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک بۆ کارئاسانی و بەدیجیتاڵیکردنی دۆسیە و مووچەی خانەنشینان و کاراکردنی زیاتری دۆسییەی شەفافیەت لە داهات و خەرجی سنووری پارێزگای #سلێمانی# و ڕێکخستنەوەی کاروبارە بانکییەکان دەردەکات.
#ئاوات شێخ جەناب#، وەزیری دارایی و ئابووری، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ سلێمانی ڕایگەیاند: سەردان و کۆبوونەوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوودیان لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە کە دەستیان پێکردووە بۆ بەجێگەیاندنی دۆسییەی شەفافیەت لە داهات و خەرجی سنوورەکە و ڕێکخستنەوەی ئیشوکارە بانکییەکانی سلێمانی و بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان و دیجیتاڵکردنی دۆسییەکانیان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە #05-01-2023# بڵاویکردووەتەوە، وەزیری دارایی لەسەردانێکیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی، بڕیایدا بە:
یەکەم: بینای بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تەواوی تەرخان بکرێت بۆ خانەنشینی و کار بکرێت بۆ کارئاسانی مامەڵە و سەردانی خانەنشینان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە.
دووەم: هەریەک لە بانکی باخان و بانکی کوردسات تێکەڵ بکرێن و لە چوارچێوەی یەک بانکدا ئیشوکارەکانیان ڕێکبخرێتەوە.
سێیەم: سەرجەم دۆسییەی خانەنشینان بەدیجیتاڵی بکرێت و شێوازی نوێ لە ئەرشیفکردنی دۆسیە و دیکۆمێنتەکان کارا بکرێت.
چوارەم: بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان و درووستکردنی کارتی زیرەکی مووچەکانیان، کە وەزارەتی دارایی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردووە، قۆناغەکانی کاراتر و تەواو بکرێت. [1]