$ئەگەر وەزعەکە وا بڕوات؟$
#ئاوات محەمەد ئەمین#
بەئەندازەی تێگەیشتنی خۆم لە واقیعی قەیراناوی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان، پێشھات و سەرەنجامەکان وا دەبینم؛
لە دوای ساڵی 1975ەوە ھەرگیز وەک ئەمڕۆ کورد لە ئێڕاقدا ئەوەندە بێ قەزییە نەبووە. نە کێشەی سنوور و نە مادەی 140 و نە پرسی پێشمەرگە و نە مافە دەستوورییەکان ھیچیان لە ئاجێندای دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمەدا جێگەیان بۆ نەماوەتەوە بەڵکوو تەنیا یەک پرس بۆتە چەقی ململانێی نێوان دوو ھێزە باڵادەستەکەی ھەرێم کە ئەویش شەری نەوت و ئیمتیازات و پۆستی باڵایە لە #بەغدا#.
ھەروەھا ھەرگیز ئەوەندەی ئەمڕۆ ناوماڵی کورد و کۆمەڵگەی کوردی لێکترازاو و پەرتەوازە نەبووە، بە تایبەتی نێوانی پارتی و یەکێتی. لە تەک ئەوانیشدا بێ کاریگەری (ئەگەر نەڵێم ڕۆڵی سەلبی) لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن.
بێھیوایی زۆرینەی خەڵک لە ئەدا و سیاسەتی حکومەتی ھەرێم لە ھەموو بوارەکانی پەیوەست بە ژیان و ئاییندەیان گەیشتووەتە ڕادەی ھیوا خواستن بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند (ھەندێک جاریش ڕەحمەت ناردن بۆ ڕژێمی بەعس). ئەتوانم بڵێم کە بە فیعلی نەک بە ڕەسمی لە ساڵی 1998ەوە کوردستانی باشوور لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە مێژووییەکانی نێوان عوسمانی و سەفەوی جارێکی تر دابەشکراوەتەوە. (لە چاڵدێرانەوە تا ڕێکەوتنی زەھاو و ھەردوو ڕێکەوتنی ئەرزەروم).
ھەرێم لە مەسەلەی نەوت و گازدا دەرکەوت کە جگە لە وەکیلێکی بەرژەوەندیخوازی بێ ئیرادە ھیچی تر نییە (بڕوانە ئەوەی کە ئاشکرایە لە گرێبەست و ڕێککەوتنەکانی نەوت و گاز) بۆیە گەورەترین بەھەڵەداچوون ئەوەیە کە پێمان وابێت گەشەی ئابووری و پرسی سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی لەسایەی ئەم سیاسەتەدا دەستەبەر ئەکرێت.
ئەمڕۆ ھەرێم لەبەرانبەر بەغدا لاواز و پەرتەوازە و بێ بەرنامەو ستراتیجە بۆیە بە دوور نازانرێت فشارە یاسایی و سیاسییەکان بەغدا (بەتایبەتی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە) بەردەوام بێت تا ڕادەی بە ئامانجگرتنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی ھەرێم بەتایبەتی کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم خەریکە دەچنە گەمەیەکی ترسناکی ھەرێمی و نێودەوڵەتییەوە سەبارەت بە ناردنی گازی ناوچەکە بۆ تورکیا و ئەوروپا وەک جێگرەوەی گازی ڕووسی.
کەڵەکەبوونی قەیرانی دارایی و لێکترازانی سیاسی ناوخۆیی و داڕمانی کەرتەکانی خزمەتگوزاری و گەندەڵی ئیداری و لێکەوتەکانی (لەسەرووی ھەموویانەوە قەیرانی مووچە) دەبنە ھۆی بایکۆت و خۆپیشاندان و توندوتیژی تا ڕادەی پەکخستنی دامودەزگاکانی حکومەت و مەترسی ڕاستەقینە لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە.
لە بەرانبەردا دەسەڵاتداران و بنەماڵە خوێن شینەکان کە نوێنەری ئۆلیگارشی کوردین، پێناچێت لە بورجی عاجی خۆیان یەک پلەش بێنە خوارەوە تا ئەو دەمەی مەترسی ڕاستەقینە دەکەوێتە سەر دەسەڵات و بەرژەوەندی و تەنانەت وجودی خۆیان، ئەوساش کورد وتەنی کار لە کار ئەترازێت و مەگەر تەنیا خوا خۆی بزانێت ئەنجامەکان بەچی ئەگەن.
ئێڕاق دەوڵەتە، لە بەھێزی و لاوازیدا، خاوەنی سیاسەت و ستراتیجی خۆیەتی کە لەسەر بنەمای عروبە و ئیسلام پێکدێت، ئەڵبەت تێڕوانینیان بۆ مەسەلەی کورد لە ساڵی 1920ەوە گۆڕانی جەوھەری بەسەردا نەھاتووە، بۆیە قەت چاوەڕێ ناکرێت لە ئەگەری پەیوەست بوون بە بەغداوە لە مەوقعی لاوازیدا دەستکەوتی لەوە باشترمان ھەبێت کە لە سی ساڵی ڕابردوودا بەدەست ھاتووە.
بە دڵنیاییەوە، لە ئەگەری بەبنبەست گەیشتنی چارەسەری قەیرانەکانی ئەم ھەرێمە، بەتایبەتی لە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، تاکە دەرچەی دەربازبوون بریتی ئەبێت لە گەڕانەوە بۆ لای دەسەڵاتی ناوەند لە بەغدا. لەو حاڵەتەدا دەسەڵاتی حزبیی و ئیداری دەڤەرەکە لە چواچێوەی ڕێککەوتنێکدا ئەو کارە ئەنجام ئەدەن بێ ئەوەی دەستکاری فۆرمی دەستووری و ھەیکەلییەتی دامەزراوەیی ھەرێمی باشووری کوردستان بکەن وەک ھەرێمێکی فیدڕاڵ. واتە لەچواچێوەی مۆرکردنی یاداشتنامەی لێک تێگەیشتندا MOU لەنێوان حکومەتی ناوەند و پارێزگا و ئیداراتە سەربەخۆکانی ئەم دەڤەرە بە پشتبەستن بە مادەکانی 114 و 115 و 123ی دەستوور. ڕێککەوتنێک کە ناوەرۆکەکەی بریتی ئەبێت لە (مووچە بەرانبەر بە ھەموو شتێک) ئەڵبەت ئەمەش پاش بێ ئاکامی ھەوڵەکانی بەھەرێمکردنی ئەم دەڤەرە دێت...دوای ئەمانە ئینجا قسە لەسەر چارەنووسی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و نوخبە دەسەڵاتدارەکەی دێتەپێشەوە. [1]