ترودی ڕوبین
هیچ نەتەوەیەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (جگە لە ئیسرائیل) پێوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ ئەمەریکادا نییە، هێندی کوردی ئێراق، کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا.
لە کاتێکدا کە جیهادییەکان تەشەنەیان کردووە، کوردی ئێراق باوەڕی وایە کە هەل و مەرجەکە لەبارە بۆ ئەوەی هەرێمە نیمچەسەربەخۆکەیان بگۆڕن بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ. سەرکردەکانیان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان داوە، کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕان دەکرێت ئەنجام بدرێت، تاوەکو ڕای کوردی ئێراق وەربگیرێت لەبارەی پشتیوانییان بۆ سەربەخۆیی.
سەرۆک وەزیرانی حکومەتە کوردییەکە، نێچیرڤان بارزانی لە نووسینگە ڕازاوەکەیدا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، پێی وتم: «بەڵێ، گومانی تێدا نییە، کە ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەرئەنجامەکەشی بە مانای ئەوە نایەت کە ڕاستەوخۆ دەستبدەینە پڕۆسەی سەربەخۆیی، بەڵکوو پیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەین کە خەڵکی ئێمە خوازیاری چین.»
لەگەڵ ئەوەشدا، کورد ناتوانێت بە بێ پشتیوانی ئەمەریکا سەرکەوتوو بێت، واشنتۆنیش هێشتا پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت ئێراق وەک وڵاتێکی یەکپارچە بمێنێتەوە. کە پێویستە پێداچوونەوە بەم هەڵوێستەدا بکرێتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە تەرکیز لەسەر ئاییندەی کوردی ئێراق بکرێتەوە.
بۆ نزیکەی سەدەیەک دەبێت کورد خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینێت، واتە دوای ئەوەی کە هێزە مەزنەکان پاشگەزبوونەوە لە درووستکردنی دەوڵەتێک بۆ کورد لە پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. لەبری ئەوەی نیشتمانێک بە ئەم گرووپە ئیتنیە ناعەرەبییە ببەخشن، ئەوا هاوپەیمانەکانی جەنگی دووەمی جیهانی خاکە جوان و شاخاوییەکەی کوردییان بەسەر تورکیا، سووریا، ئێراق و ئێراندا دابەش کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، لە دوای ساڵی 1991ەوە کوردی ئێراق ئاستێکی زیاتری ئۆتۆنۆمییان بەدەستهێناوە، واتە دوای ئەوەی ئەمەریکا ناوچەی دژەفڕینی بەسەر هەرێمەکەدا سەپاند بۆ پاراستنیان لە هێرشەکانی سەدام حسێن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بتوانن حکومەتێکی ئەمری واقیع دابمەزرێنن، کە چەند ڕواڵەتێکی دەوڵەتی لە خۆگرت دوای ئەوەی واشنتۆن لە ساڵی 2003دا دەسەڵاتی سەدام حسێنی ڕووخاند.
لەئەمڕۆدا کوردستان سەقامگیرترین و لێبووردەترین بەشی ئێراقە و بۆتە پەناگەیەک بۆ کریستیانیەکان و کەمینەکانی دیکە کە لە دەستی داعش هەڵاتوون. لەوەش زیاتر، هەرێمی کوردستان گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا. کورد مەیلیان بۆ ئەمەریکا هەیە و دوژمنایەتییان لە ئاست ئیسرائیلدا نییە. ئاژانسە مرۆییەکانی ئەمەریکا دەتوانن بە ئاسانی لە کوردستاندا کار بکەن. هەروەها لە دوای دەستپێکردنی شەڕی داعشەوە، هەرێمی کوردستان بۆتە بنکەیەک بۆ هێزەکانی ئەمەریکا. لە هەمان کاتدا، لە میانەی تێکشکاندنی داعشدا، هێزە کوردییەکان بەشێکی بەرفراوانی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی ئێراقیان بەدەستهێناوەتەوە کە بە خاکی خۆیانی دەزانن، لەنێویاندا شاری کەرکووک.
لە ئێستادا کورد دەیەوێت دەستکەوتەکانی بچەسپێنێت. بارزانی دەڵێت: «ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژگاری کۆن، ئێراقی دوای شەڕی موسڵ هەمان ئێراقی پێش موسڵ نابێت.»
هەروەها، کورد ئەو ڕاستییە دەزانێت کە پێویستی بە جیابوونەوەیەکی ئاشتییانە هەیە لە ئێراق بۆ چارەسەرکردنی پرسە سەرەکییەکان کە پێوەندیدارن بە سنوور، نەوت، بۆڕی و داراییەوە. بارزانی دەڵێت: «هەڵوێستی ئێمە بریتییە لە ئەنجامدانی دیالۆگێکی جددی لەگەڵ بەغدا و گەیشتن بە چارەسەرێکی دۆستانە.» هەروەها دەڵێت: «هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدی نەهاتووە لە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسە باڵاکانی کورد و ئێراقدا.»
هاتنەئارای هاوکارییەکی نزیکی سەربازی (چاوەڕواننەکراو) لەنێوان هێزە سەربازییە ئێراقی و کوردییەکاندا، نەگۆڕا بۆ دەستکەوتی سیاسی. بۆ نموونە، لە کاتێکدا بەغدا مووچەی میلیشیا شیعەکان دەدات، ئەوا هیچ مووچەیەکی بۆ هێزە کوردییەکان خەرج نەکردووە، کە قوربانییەکی زۆریان داوە. واشنتۆن مووچەی پێشمەرگەی دابین کردووە. تەنانەت بەغدا پێداویستی پزیشکیشی لە هەولێر گرتۆتەوە، هەرچەندە، کورد چارەسەری سەرباز و ئاوارە بریندارەکانیانی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین ئایا باسکردنی سەربەخۆیی هەر تەنیا هەڕەشە و گۆڕەشەیە؟
کورد ڕووبەڕووی بەرهەڵستیی توندی وڵاتە دراوسێکانی بۆتەوە. ئێران زۆر پێداگیرە لەسەر دژایەتیکردنی ئەم بیرۆکەیە و فشار لەسەر حکومەتی ئێراقیش درووست دەکات، بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی توند بگرێتەبەر لەم ڕووەوە.
لە کاتی سەردانیکردنیدا بۆ واشنتۆن، سەرۆک وەزیرانی ئێراق، حەیدەر ئەلعەبادی لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی هەڵوێستیان لە بارەی سەربەخۆبوونی کوردەوە، وتی: «ئێمە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین»، ڕەنگە ئەمەش بەرەوپێشچوونێک بێت، لەبەر ئەوەی نەیوت: هەرگیز، یان بە هیچ شێوەیەک.
هەروەها تورکیاش لەم هاوکێشەیەدا هەیە، کە ڕەزامەندی ئەویش زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی کوردستان سنوورێکی داخراوی هەیە، ئەوا بۆڕییە نەوتەکانی بەو وڵاتەدا تێدەپەڕن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، تورکیا پێوەندییەکی باشی سیاسی و ئابووری لەگەڵ هەولێردا هەیە. بارزانی دەڵێت: «بە شێوەیەکی ڕەسمی، ئێمە ئەم باسەمان لەگەڵ تورکیادا نەکردۆتەوە، بەڵام پێم وایە ئەوان ئامادەن بۆ ئەوەی گوێ بگرن.»
وا دەردەکەوێت کە ئەنقەرە کوردی ئێراق وەک هاوپەیمانێک لە دژی یاخیبووانی پەکەکە و کوردە گرێدراوەکانی پەکەکە لە باکووری سووریادا ببینێت. لەوەش زیاتر، کوردی ئێراق ئەوەی بە ڕوونی خستۆتەڕوو کە ئەوا بەلایانەوە گرنگ نییە خۆیان بە بزووتنەوە جوداخوازەکانی کوردەوە لە وڵاتانی دراوسێدا گرێبدەنەوە. بەڵام وێناکردنی ئەوەی تورکیا بەمە ڕازی بێت، تموحێکی بەرزەفڕانەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا گرنگە کە واشنتۆن پرسی سەربەخۆیی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.
هەرکاتێک خەلافەتەکەی داعش تێکشکا، ئەوا ئاییندەی دەوڵەتی لێتکرازاوی ئێراق بە نادیاری دەمێنێتەوە. تاکە ڕێگای بەردەم سەرکردەکانی ئێراق بۆ ئەوەی وڵاتەکە بە یەکپارچەیی بهێڵنەوە، بریتییە لە گرتنەبەری ڕێگاچارەی بە نامەرکەزیکردن و ڕێگەدان بە سوننە ناڕازییەکانی موسڵ و شوێنەکانی دیکە بۆ ئەوەی ببنە هەرێمی فیدراڵی و، گفتوگۆکردن لەبارەی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ کورددا.
ئەگەر بەغدا ئەم ئاڕاستەیە بگرێتەبەر، ئەوا ڕەنگە بتوانێت کورد بەلای خۆیدا کێش بکات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی کۆنفیدڕاڵیدا (پێوەندیی نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆ) لەگەڵ ئێراقدا بمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەرئەنجامێکی لەم شێوەیە پێویستی بە ناوبژیوانییەکی چڕ و پڕ هەیە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و بۆ بەرپەرچدانەوەی فشارەکانی ئێران.
ئایا ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت، یان دەیەوێت هاوکاری کورد بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان؟ ڕوون نییە. ڕەنگە کۆشکی سپی ئەو ڕاستییە سەرنجی ڕاکێشێت کە کوردستان دەبێتە پێگەیەکی سەقامگیر بۆ جێگیرکردنی سەربازانی ئەمەریکا بە بەردەوامی. بارزانی دەڵێت: «ئەگەر ئەمەریکا پێویستی بە بنکەیەک هەبێت لە کوردستاندا، ئەوا سەرکردایەتی ئێمە پێشوازی لێدەکات.»
پوختەی مەسەلەکە ئەوەیە: ئەگەر واشنتۆن خوازیاری ڕاگرتنی باڵانسە لەگەڵ ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر خوازیاری سەقامگیرکردنی ئێراقە، ئەوا دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پرسی کورددا بکات. بارزانی دەڵێت: «ئەگەر ئەمەریکا ئێراقێکی یەکگرتووی دەوێت، ئەوا چیتر لە ڕووی واقیعییەوە لەئارادا نەماوە، ئەگەر سەقامگیرییان دەوێت، ئەوا دەبێت مامەڵە لەگەڵ پرسی بنەڕەتی کوردستاندا بکەن.»
ئەم بابەتە لە سایتی the inquirer daily news بڵاوکراوەتەوە:
http://www.philly.com/philly/columnists/trudy_rubin/20170323_Worldview__Rubin__Time_for_Kurdish_independence_.htm.[1]