ستیڤن بلۆکمانس
لە کاتێکدا بە بنبەست گەیشتنە خوێناوییەکەی سووریا درێژەی هەیە، ئەوا خاکی ئەو وڵاتە زیاتر و زیاتر لێکدەترازێت. ڕژێمەکەی ئەسەد دەسەڵاتی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا – کە چڕترین دانیشتووانی هەیە- دەچەسپێنێت. هێزە یاخیبووەکان دەسەڵاتی خۆیان لە دۆڵی فوراتدا تۆکمە دەکەن، گرووپەکانی سەر بە ئەلقاعیدە لە خەلافەتەکەیاندا- کە دەکەوێتە ناوچەگەلی بیابانی ڕۆژهەڵاتی سووریا- شەریعە جێبەجێ دەکەن، گرووپە کوردییەکانیش هەرێمێکی خۆبەڕێوبەریان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا دامەزراندووە. هەروەک لێی دەترساین، شەڕی ناوخۆیی سووریا پەڕیوەتەوە بۆ دەوڵەتە دراوسێکانی، لاوازترین وڵاتیان بریتییە لە لوبنان، کە وڵاتێکی لاوازە و دانیشتووانەکەی پێنج ملیۆن کەسن، حاڵی حازر 700، 000 پەنابەری سووری لەخۆگرتووە کە زۆربەیان سوننەن. هێرشی توند و سەخت لەنێوان شیعە و سوننەدا ڕوو لە زیادبوونە.
سنووری دوور و درێژی نێوان بیابانی ڕۆژهەڵاتی سووریا و بیابانی ڕۆژاوای ئێراقیش لە واقیعدا بوونی نەماوە، چونکە چەکدارانی ئەلقاعیدە بە ئازادی هاتوچۆی پێدا دەکەن. شەڕی ناوخۆیی سووریا دووبارە ئاگری شەڕی تایفەگەری هەڵگیرساندەوە کە لە دوای داگیرکردنی ئێراقەوە لە ساڵی 2003وە خامۆش نەببوو. لە هەر سێ دەوڵەتەکەدا، دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی لە داکشاندایە، لە کاتێکدا گرووپە ئیتنی و ئایینییەکان بەرەو هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییە پارێزراوەکانی خۆیان دەکشێنەوە. لە ئێستادا نێوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکهاتووە لە وڵاتگەلێکی لێکترازاو کە لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە بەرەو ئێران درێژ دەبێتەوە.
هەروەها سنوورە دەرەکییەکانی ئەم بەشە سنوورگەلێک نین کە قابیلی پێشێلکردن نەبن. گوللە هاوەنی سووری لە بەرزاییەکانی جۆلاندا- کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراون- کەوتوونەتە خوارەوە، توندوتیژییەکانی سووریاش بە بەرداومی پەلیان هاویشتووە بۆ تورکیا، کە لەو وڵاتەوە گرووپە یاخیبووەکان پێشڕەوی دەکەن و دواتر دەکشێنەوە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بە کۆتایی هاتنی سایکس پیکۆ، ڕێککەوتنە بەدناوەکەی ساڵی 1916 کە تێیدا فەڕەنسا و بەڕیتانیا کاریان لەسەر «پرسی سووریا» کرد.
بەڵام ناتوانین وێنای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا و تۆکمە بکەین، ئەگەر هێزەکانی جیهان دەستبەرداری سایکس پیکۆ نەبن. پێویستە ئەو شەڕ و ناکۆکییە گەورەیە فەرامۆش بکەن کە لە سووریادا لە ئارادایە و بریتییە لە ململانێیەکی هەرێمایەتی لەنێوان شیعە و سوننەدا، هەروەها ناکۆکییەکی درێژخایەنی نێوان حزبوڵا- لەژێر سەرپەرشتی ئێراندا- و دوژمنە تەقلیدییەکانی ئێرانە، کە دیارترینیان سعودیەیە، لەگەڵ بوونی ناکۆکی لەنێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییە دراوسێکانی کە پەیوەستە بە خاکەوە، هەروەها خواستی سەربەخۆیی لای فەلەستین و کورد. کەواتە ئەمە مەرگی سایکس پێکۆیە و پێویستە لە گۆڕبنرێت. چونکە ڕێگرە لە بەردەم هێنانەئارای ئاشتییەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەر دەروازیەکیش بۆ دەرچوون لەم گێژاوە پێویستی بە ڕێککەوتنێکی گەورە هەیە- ڕێککەوتنێک کە نیزامێکی نوێی بێنێتەئاراوە لەسەرتاسەری ناوچەکەدا و بە گوێرەی ئەو نیزامەش سنوورەکان دابڕێژێرتەوە.
سەرچاوە: Time to redraw the map of the Middle East
نووسینی: Steven Blockmans.[1]