سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی جامی کەنداوی 25 ، گەیشتە بەسرە.
ئێوارەی هەینی، #06-01-2023#، #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی #حەمەی حەمەسەعید#، وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان، #فەلاح مستەفا#، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان،
#ئومێد خۆشناو#، پارێزگاری #هەولێر#، #هەڤاڵ ئەبوبەکر#، پارێزگاری سلێمانی، #عەلی تەتەر#، پارێزگاری دهۆک و، دکتۆر #شاکر سمۆ#، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوان گەیشتنە بەسرە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە هاتبووین [بۆ کردنەوەی جامی کەنداو 25] ئەمە ڕووداوێکی گرنگە بۆ ئێراق، یەکەمجارە لە دوای 2023، پێم وایە ئەوە گرنگترین ڕووداوە کە ئەمڕۆ لە بەسرە [بەڕێوەدەچێت]، ئێمە وەکوو شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پیرۆزبایی هاتووین بۆ بەسرە و پێمان خۆش بوو ، خۆشحاڵین بەم سەردانە.
بڕیارە جامی تۆپى پێى کەنداوى 25 لە شارى بەسرەى باشوورى ئێراق بە بەشداریى هەشت هەڵبژاردەى کەنداو دەستپێبکات.
جامی کەنداو 25، بە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئێراق و عومان دەستپێدەکات، یارییەکە کاژێر 19:00 لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت و ڕاستەوخۆ لە پەیجی ڕووداو سپۆرتیش دەگوازرێتەوە.
ئەمە دووەمجارە ئێراق لە مێژووی خۆیدا میوانداریی ئەو جامە بکات، دوای ئەوەی جاری یەکەم لە ساڵی 1979 لە بەغدا میوانداری کرد.
هەشت هەڵبژاردە بەشداریی جامەکە دەکەن کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون، یەکەمیان هەڵبژاردەکانی ئێراق، سعودیە، عومان و یەمەن لە خۆدەگرێت و یارییەکانیان لە یاریگەی نێودەوڵەتیی بەسرە بەڕێوەدەچن. هەڵبژاردەکانی کۆمەڵەی دووەم لە: قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و کوێت پێکدێن، یارییەکان لە یاریگەی نێودەوڵەتیی مینا بەڕێوەدەچن.
جامی کەنداوی 25 دووەم گەورەترین بۆنەی وەرزشیی تایبەت بە تۆپی پێیە کە ئێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا میوانداریی کردبێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 لە شارەکانی کەربەلا و هەولێر میوانداری پاڵەوانێتی ڕۆژاوای ئاسیای کرد.[1]