ڕیچارد هاس
سەرۆکی ئامۆژگای پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا:
سەرۆکی ئامۆژگای پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکایە (Cfr.org) و لەسەردەمی ئیدارەی کلینتۆن سەرۆکی ستافی پلاندانەری سیاسەت بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها لە ئامۆژگای پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا، یەکێکە لە گەورەترین سینکتاکسەکانی ئەمەریکا و جیهان و گۆڤاری فۆرێن ئەفێرز کە بڵاوەکراوەیەکی ئەم ئامۆژگایەیە، بە گرینگرترین گۆڤاری فیکری سیاسی لە جیهاندا دادەنرێت و بەشی هەرە زۆری تیۆرە سیاسییەکانی سیاسەت و حوکمڕانی لەو گۆڤارە بڵاوکراونەتەوە، هەربۆیە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی ئامۆژگای پێوەندییەکانی دەرەوە و بیروبۆچوونەکانی ڕیچارد هاسی سەرۆکی لەسەر ئاستی حکومەتی ئەمریکا و جیهانیش جێگەی بایەخ و هەڵوەستەکردنن، لەم ڕوانگەیەوە بە پێویستمان زانی ئەم وتارەی ڕیچارد هاس کە بە ناونیشانی (ئاشتبوونە لەگەڵ سایکس پیکۆ) کە ڕۆژی 26ی ئایار لە ماڵپەری (the syndicate project) بڵاوی کردۆتەوە بۆ خوێنەرانی گوڵان-ی بکەین بە کوردی، ئەمەش دەقی وتارەکەیە.
ئەم مانگە یادی تێپەڕبوونی سەدەیەک بە سەر ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ-دا لەخۆ دەگرێت، ئەو ڕێککەوتنە نهێنییەی لەنێوان بەڕیتانیا و فەڕەنسادا ئەنجام درا و بووە هۆی ئەوەی لە ماوەی دەیەیەکدا زنجیرەیەک هەموارکردن لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای عوسمانیدا بێتەئاراوە. زۆربەی لێدوانەکان لە بارەی ئەم یادەوە لێدوانگەلێکی سلبی بوون، کە پێیانوایە ئەم ڕێککەوتنە ئۆباڵێکی گەورەی لە ئەستۆیە بۆ دووبارەبوونەوە و درێژەکێشانی ناکۆکییەکانی ناوچەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕاڤە و لێکدانەوەیە نزیکە لە موبالەغەکردنەوە. ئامانجی (مارکس سایکس) و (فرانسوا جۆرج پیکۆ) داڕشتنی پلانێک بوو تاوەکو بەڕیتانیا و فەڕەنسا نەکەونە ڕکابەرییەکی کارەساتبارەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کە تا ڕاددەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوون، پلانەکەشیان بووە هۆی ئەوەی کە ئەم ناوچەیە نەکەوێتە بەر بەرداشی دوو هێزی ئەوروپییەوە، هەروەها لە توانایدا هەبوو سەدەیەک درێژە بکێشێت.
بۆ ئەوەی دڵنیابین، ئەوا زۆرێک لە سنوورەکانی سایکس پیکۆ ڕەنگدانەوەی ڕێککەوتنێک بوو کە لە ئەوروپا ئەنجام درا، نەک بەرجەستەکەری واقیعە دیموگرافی، یان مێژووییەکان بێت. ئەمەش بە دەگمەن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ناوچەیەکی دەگمەن، چونکە میراتی ئەو سنوورانەی لە جیهاندا هەن، کەمتری پەیوەستن بە پلانداڕشتنێکی ژیرانە، یان بژارەیەکی جەماوەرییەوە، بەڵکوو پتر گرێدراون بە تێکەڵێک لە توندوتیژی، تمووح، جوگرافیا و دەرفەتەوە.
واقیعە تاڵەکە ئەوەیە کە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرئەنجامی ئەو کارە خراپە بووە کە خەڵکەکە و سەرکردەکانی پێی هەڵساون لەپێناو داڕشتنیدا. ناکرێت ئۆباڵی نەبوونی لێبووردەیی و ئازادی سیاسی و یان بوونی قوتابخانەی خراپ و مامەڵەی ناڕەوا لەگەڵ ئافرەتان لە ناوچەکەدا بخەینە ئەستۆی سایکس و پیکۆ. بەشەکانی دیکەی جیهان ( لەنێویاندا ئەو بەشانەی کە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوت و غاز نین) قۆناخی کۆڵۆنیاڵیزمیان تێپەڕاندووە و لە دۆخێکی باشتریشدان.
ئەو هۆکارانەی وا لێک دەدرێنەوە کە شرۆڤەی تۆماری پڕ لە شکستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن- مێژوو، کەلتوور، ئایین و کەسایەتییەکان- شایستەی ئەوەن پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت. بەڵام هەنوکەییترین پرس لە ئێستادا کە ئەم یادە بیورووژێنێت کەمتر پەیوەستە بە شرۆڤەی مێژووییەوە، بەڵکوو پتر گرێدراوە بە سیاسەتی ئێستاوە.
لە زۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ململانێی توندوتیژ لەسەر باڵادەستی بۆتە شتێکی باو. لە چوار، یان پێنج وڵاتی ناوچەکە مشتومڕ لەسەر ئەوەیە کە حکومەتی ئەو وڵاتانە کۆنتڕۆڵیان بەسەر بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەیاندا لە دەست داوە. بۆ چەندین دەیەیە لوبنان لەم دۆخەدایە، ئێراقیش بۆ پتر لە دەیەیەک و سووریا و لیبیا و یەمەنیش بۆ ماوەی پێنج ساڵە لەم دۆخەدان. میلیشیاکان، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، جەنگاوەرە دەرەکییەکان و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بە ڕاددەیەکی جیاواز دەسەڵاتی مەحەلی خۆیان چەسپاندووە. هەروەها کوردیش خەونی نەتەوەیی بەدینەهاتووی هەیە (بەشێکی زۆریان لە تورکیا، ئێراق، سووریا و ئێران دەژیین) ، لەگەڵ پرسی چارەسەرنەکراوی پەیوەست بەوەی چۆن واقیعی ئیسرائیل لەگەڵ ئامانجە سیاسییەکانی فەلەستیندا بگونجێنرێت. بە شێوەیەکی عەمەلی سنوورەکانی نێوان سووریا و ئێراق سڕدراونەتەوە. بە ملیۆنەها پیاو و ئافرەت و منداڵ هەن کە لە وڵاتێکدا دەژیین کە وڵاتی خۆیان نییە.
کەواتە دەبێت چی بکرێت؟ یەکێک لە بژارەکان بریتی دەبێت لە پاراستنی-یاخود، وردتر بڵێین، گەڕاندنەوەی- ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی کە سایکس-پیکۆ هێنایەئاراوە. بەڵام خستنەگەڕی هەوڵی یەکپێگرتنەوەی ئەو وڵاتانە کە لەسەر نەخشەن بوونیان هەیە و کارکردن بۆ ئەوەی سنوورەکانی نێوانیان گرینگی هەبێت، کارێکی گەمژانەیە. جارێکی دیکە ئەم وڵاتانە ناگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشوویان، لە زۆر حاڵەتدا وابەستەبوون بە ناوچە، ئایین، خێڵ، گرووپی ئیتنی، یان ئایدیۆلۆژییەوە باڵاترە لە وابەستەبوون بە ناسنامەی نەتەوەییەوە.
بژارەی دووەم بریتییە لە هەوڵدان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەرجەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، کە جێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سایکس پیکۆ بگرێتەوە. ڕەنگە ئەمەشیان شکستێک بێت کە باجێکی گەورە بدرێت لەبەرانبەریدا. ڕەنگە ڕۆژێک بێت دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەکان مومکین بێت، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا، ئەو ڕۆژە دەیەیەک لێمانەوە دوورە. لە ڕاستیدا کۆدەنگییەک نییە لە بارەی ئەوەی دەبێت بە چ شێوەیەک ئەو نەخشەیە دابڕێژرێتەوە، هیچ لایەنێک، یان هاوپەیمانێتییەکیش ناتوانێت بیسەپێنێت، یان پارێزگاری لێبکات.
بە پێودانگی ئەزموونی عەمەلی، تەنیا ئەو کاتە دیپلۆماسییەت سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت کە مامەڵە لەگەڵ ڕاستییەکانی سەر ئەرزی واقیع بکات، نەک ئەو ڕاستییانە بخوڵقێنێت، هەروەها کاتێک ئەو ڕاستییانەی سەر ئەرزی واقیع دەبنە ڕێگری لە بەردەم گەیشتن بە چارەسەرێکی ئیقلیمدا. هەموو ئەمانە سەردەکێشن بۆ بژارەی سێیەم: قبووڵکردنی ئەو ڕاستییەی کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوشێوەی ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نییە کە لەسەر نەخشە و لە جیهاندا دەردەکەوێت. ئەمە مشتومڕێک نییە بە ئامانجی دوورەپەرێزبوون. دۆخەکان چەند خراپ بن، ئەوا هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە خراپتر بن. بەڵام بۆ ئەوەی خراپتر نەبن، ئەوا دەتوانرێت و پێویستە ئەو حکومەت و ڕێکخراوانە بەهێز بکرێن کە لە ئاستی ستانداردگەلێکی دیاریکراودان، ئەوانەش لە ئاست ئەو ستانداردانەدا نین، دەتوانرێت و پێویستە لاواز بکرێن. بەڵام چەند هەوڵ بدرێت، ئەوا واقیعە بنەڕەتییەکەی ناوچەکە ناگوڕێت. سنوورەکان گرینگییەکی کەمیان هەیە و حکومەتەکانیش تەنیا بە ڕاددەیەکی کەمتر گرینگن. ئەگەری ئەوە هەیە کە سووریا، ئێراق و لیبیا تەنیا بە ڕواڵەت وڵات بن، چونکە –باش بێت، یان خراپ- چەند بەشێکی گرینگی ئەم وڵاتانە دەبنە ناوچەگەلێکی خۆبەڕێوبەر. ئەو ڕاستییەی کە تورکیا، ئێران، سعودیە، ئیسرائیل، ڕووسیا و ئەمەریکا لەسەر مەرامی ناکۆک بە یەک کار دەکەن، ئاماژەیەکی دیکەیە بە ئاییندەیەکی پڕ لە پشێوی، بە بێ ئەوەی بناغە و بنچینەیەکی یاسایی هەبێت.
لە هەندێ ڕووەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێش سایکس پیکۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام بە بێ بوونی ئەو نیزامەی کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە سەپێنرابوو. لە دەرئەنجامدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی داهاتوو زیاتر دووچاری نەهامەتی دەبێت بە بەراورد بە سەدەی ڕابردوو، ئەو واقیعەی وامان لێدەکات کە ئاواتەخواز بین بۆ ڕۆژگاری سایکس و پیکۆ.[1]