وێنە، هەمیشە مانا و دەلالەتی خۆی هەیە. لە وێنەوە سحری کەسایەتی و کاریگەری و بەرهەم و بەرەنجام سەیر دەکرێ.
وێنە ئەو خاڵەیە کە تیایدا هەر بە تەنیا ئێمە ڕەنگەکان و زەردەخەنە و فرمێسکەکان نایبینین ، بەڵکوو ئەوە وێنەیە خۆی ئۆتۆماتیکی هەست و ئیدراک و تێگەیشتنی ئێمە سەیر دەکات.
وێنەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەرزەکارێکی عەرەب کەبەوە ناسراوە خەریکی یوتوب و شتی لەم بابەتەیە، بیرکردنەوە و پرسیاری زۆرمان لادەجوڵێنێ؛
باشە ئەبێ ئەم پێشوازیە گەرمە، بە پرۆتۆکۆڵی فەڕمی بۆچی بووبێت؟
بۆ ڕاکێشانی سۆزی عەرەب بووە بەرانبەر کورد؟
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و موچە بووە؟
یان تۆ بڵێی بۆ دانانی میکانیزمێک بوە کەچۆن پارە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێم بگەڕێننەوە؟
بەڕاست تۆ بڵێی بۆ نیشاندانی سادەیی و ساکاری سەرۆک بووبێت لەبەر چاوی میدیای عەرەبی؟
ئەرێ تۆ بڵێی بۆ قوڵکردنەوەی برایەتی عەرەب و کورد بووبێت؟
وەڵامی هەموو ئەمانە لای سەرۆکی هەرێم و دار و دەستەکەیەتی و ئێمە نازانین چییە و سحری وێنەکە کامیان نیشان دەدات.
بەڵام...
ئەو کورسیەی کە سەرۆک لەسەری دانیشتووە، خوێنی هەزاران پێشمەرگەی هەژاری ئەم کوردستانە درووستی کردووە.
کورسیەکەی سمبولی هەرێمێکە کە ئەنفال و کیمیاباران کراوە.
سەرۆکی هەرێم ڕەمزی مەعنەوی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی هەرێمە و هەزار حساب و کتابی لەسەر دەکرێ، هەر بۆیە دەبێ ورد و درشتی هەر هەنگاوێ کەدەینێت لێک بداتەوە
ماوەی سێ ساڵە #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێمە ، هەتا ئێستا سەردانێکی منداڵانی #هەڵەبجە# و کەسوکاری ئەنفالی لە #گەرمیان# و #چەمچەماڵ# و دۆڵی جافەتی نەکردووە، نەک هەر ئەمە بەڵکوو بە نوێنەرایەتی ئەم مەملکەتە لە ئەنفالستان و لە کیمیاباران لە کۆشەکەکەی منداڵێکمان نەبینی.
یان سەدان منداڵ لە شەڕی داعش بێ باوک بوون نەمانیبنی سەرۆک بۆ تەنیا جارێکیش سەردانێکیان بکات و دەستی بێنازی باوکایەتی بەسەریاندا بهێنێت.
ئەوەی یوتیوبەرێکی مێرد منداڵی عەرەب بە وێنەیەک نیشانیدان، زۆر مانای مەجازی هەڵدەگرێ بۆ ئەوانەی کە حەقیقەتی نیەت و هەنگاوەکانی سەرۆک دەبینن. [1]
د. #بەختیار شاوەیس#