ناونیشانی پەرتووک: لە مەهابادەوە تا بایکانۆر؛ بیرەوەری کوردێک لە زیندانەکانی ستالین
ناوی نووسەر: #ڕەحمانی حەلەوی #
ناوی وەرگێڕ: #ڕەسووڵ سوڵتانی #
وەرگێڕان لە زمانی: فارسی
شوێنی چاپ: #هەولێر#
دەزگای پەخش: ناوەندی ئاویەر
ساڵی چاپ: 2023
ژمارەی چاپ: یەکەم
[1]
ئەم پەرتووکە بەسەرهاتی کوردێکە، کە ساڵی (1946) دەچێتە وڵاتی سۆڤیەت بۆ خوێندنی پزیشکی، بەڵام کتوپڕ لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئێران بە فێڵێک ئەوانەش لە سۆڤیەتەوە دەنێردرێنەوە بۆ ئێران. لە ئێران ساواک لێی دڕدۆنگ دەبن و گومانی ئەوەی لێ دەکەن دەزگای سیخوڕیی سۆڤیەت ناردبێیانەوە بۆ سیخوڕی، هەر بۆیە ناوبراو لە ترسی ئەوەی نەیگرن، بە قاچاخەڕێدا خۆی دەگەیەنێتەوە خاکی سۆڤیەت، بەڵام لە یەکەم بازگەی ئەوێ دەیگرن و قۆڵبەستی دەکەن و ژیانی پڕ تراژێدیای دکتۆر ڕەحمان حەلەوی لەوێوە دەستپێدەکات و بەشێک لە سیاسەت و سیستەمی سیاسی و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی ئەم پەرتووکەدا دەردەکەوێ.
بیرەوەرییەکانی (ڕەحمانی حەلەوی) جۆرێکی ترە لە بایۆگرافیا، چونکە نووسەر خۆی بە پاڵەوان ناداتە قەڵەم و خاوەنی داستانەکانیش نییە، بەڵکوو تەنیا بیروەرییەکانی دەخاتەڕوو، لە زۆر جێگادا کەم کاریی لە دەربڕینی بۆچوون و باسکردنی ڕووداوەکاندا دەکات. کارێکی تری کۆچکردوو بڕوا و باوەڕ بە خۆبوون و ماندووی نەناسی ئەو مرۆڤەیە بۆ زانست و خوێندن، لە گشت قۆناغەکانی ژیانیدا کۆڵی نەداوە و بەڕاستی سەرکەوتنی بە دەستهێناوە، لە ژیاندا دەکرێت وەک مرۆڤێکی نموونەی و سەرکەوتوو حسابی بۆ بکرێت و هەوڵ و خەباتی وانەیەک بێت بۆ نەوەکانی داهاتوو.
بیرەوەری و چەرمەسەرییەکانی کوردێکی مەهابادییە، بەناوی (ڕەحمان حەلەوی) کە چیرۆکی ژیانی لە ڕۆژەهەڵاتەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەتی جاران دەستپێدەکات.
چیرۆکێک لە (ژێکاف)ەوە، سەرەتاکانی دەستپێدەکات و ماوەی دە ساڵ زیندانەکانی ستالین، دەبێتە ماڵ و مەنزڵگای و دواتر بەکۆڵنەدان و سەرکەوتنی کوردانە ژیانی کۆتایی دێت.
چیرۆکی ژیانی (ڕەحمان حەلەوی) ئەزموونێکە، کە ئازارەکانی کوردبوون و بێدەوڵەتی و بێکەسی نەتەوەیەک دەردەخات، لە هەمانکاتدا دەرخەری خۆڕاگری و عەشقی زۆری مرۆڤە بۆ خوێندن و گەڕان بۆ گەیشتن بە زانین و بەدیهێنانی خەونی بوون بە پزیشک.
ئەم پەرتووکە بەسەرهاتی نەهامەتییەکانی مرۆڤە لە زیندانە ترسناکەکانی سۆڤییەت و لەژێر حکومڕانی ساڵین دا، ئەو ڕژێمەی بەناوی کۆمۆنیست و کۆمۆنیزم و دادپەروەری و ژیانی وەک یەکی و یەکسانییەوە، بەحکومێکی پۆلیسی پڕ لە سیخوڕەوە، دونیایان بۆ ملیۆنان مرۆڤ کرد بە دۆزەخ و تەمەنی هەزاران گەنجی بێتاوانیان پیرکرد و بەناحەق خەونەکانیان کوشتن.
لەم پەرتووکەوە تێدەگەین کە بانگەشەی هەموو حزب و ئایدۆلۆژیاکانی دونیا، تەنیا قسەی پڕو پوچی بێبنەمان و لەبری خزمەتی هەمووان، تەنیا خزمەتی چەند کەس و پلەدارێک دەکەن و کۆمەڵگەکان وەک داشی دامە دەبێت لە خزمەت مانەوەو خۆشگوزەرانی ئەواندابن.
ئەم پەرتووکە لە سەرەتادا بە زمانی فارسی نووسراوە، بەڵام دواتر بە زمانێکی جوان و پاراو لەلایان وەرگێڕ (ڕەسووڵ سوڵتانی)ەوە کراوە بە کوردی.
خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە بەتەنیا هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانی کوردێکی ڕۆژهەڵاتی نییە، بەڵکوو ژیانە لەگەڵ ژیانی مرۆڤێک کە دایک و باوکی ناویان لێناوە (ڕەحمان) بەڵام بەرداشی ژیان ویستی بێڕەحمانە تەمەنی بهاڕێ، بەڵام ئەو بەبەهێزی و بە بڕوای کوردانەو بە نەفەسی لەبن نەهاتووی بەڕووی چیاکانی کوردستانەوە، بەرەنگاری ئازارەکان بویەوەو چۆکی بە شکست و نەهامەتییەکان دادا.
[2]