ناونیشان: #ئایینی ئێزدی# و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا/ بەشی شەشم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
جگە لە مەزارگەی #شێخ ئادی#، چەند مەزارگەی دیکە لە #لالش# هەن، کە ئەوانیش شوێنی ناشتنی کەسایەتیی گرنگ و پایەداری ئایینیین.
لەدوای شێخ ئادی، کوڕی برای بە ناوی (سەخڕ کوڕی سەخڕ کوڕی مسافر) ناسراو بە (#ئەبوو بەرەکات#)، بوو بە جێنشینی، کە کەسایەتییەکی زانا و لێبووردە و میهرەبان و دڵسۆز بوو و لەسەر ڕێباز و ڕێچکەی شێخ ئادی بۆ ڕێکخستن و چاکسازیی لەم ئایینەدا بەردەوام بووە.
دوای ئەبوو بەرەکات، کوڕەکەی بە ناوی (ئادیی دووەم) شوێنی گرتەوە و ئەویش هەوڵی زۆری خزمەتکردنی ئایینی ئێزدی و پەیڕەوکارانی داوە. شێخ حەسەن کوڕی شێخ ئادیی دووەم، دوای باوکی دەبێتە میر و سەرکردەی ئێزدییەکان.
بە گوتەی سەرچاوەکان، شێخ حەسەن کەسایەتییەکی کاریگەر و زانا بووە و لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەی ئێزدیدا ڕۆڵێکی یەکجار بەرچاو و گرنگی هەبووە، شێخ حەسەن ناوچەکانی ئێزدییانی دابەش کردوون و میرنشینی بۆ دانان، بە جۆرێک میری هەر ناوچەیەک ئاڵای تایبەت بە میرنشینەکەی هەبووە.
جگە لە پیرۆزی و تایبەتیی لالش و هەبوونی چەند مەزارگەیەک، وەک باسمان کرد، جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان و جەژنەکانی تایبەتی ئێزدی لە لالش، گرنگییەکی تایبەتتر دەداتە ئەم شوێنە.
یەکێک لەو جەژنانەی ساڵانە لە لالشی نوورانی دەکرێت، (#جەژنی جمای#)یە، کە بە جەژنی پاییزیش بەناوبانگە، ئەم جەژنە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەڕێوە دەچێت.
وشەی جەمای، بە واتای کۆکراوە و هەموو دێت، ئەویش بەو مەبەستەیە، کە لەم جەژنەدا کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە دەچن، هەندێکیان تایبەتن بەو جەژنە، واتە ساڵێ جارێک بەڕێوە دەچێت و هەندێک لە ڕێوڕەسمەکانیش هەمیشەیی و ڕۆژانەن، کە لەم جەژنەشدا جێبەجێ دەکرێن.
ڕێوڕەسمەکانی جەژنی جەمای هەروەک ڕێوڕەسمەکانی حەج لە ئایینی ئیسلامدایە، تەنانەت چۆن لە ئایینی ئیسلام ئاوی زەمزەم هەیە و پیرۆزە، هەرواش لە ئایینی ئێزدی ئاوی (کانیی سپی) هەیە و لای ئێزدییەکان پیرۆزە، ئەم ئاوە بۆ مۆرکردن بەکار دێت، واتە هەموو ئێزدییەک لە ژیانیدا دەبێ جارێک بەو ئاوە مۆر بکرێت، وەک هێمای ئێزدیبوون، بۆ ئەوەی خوا لە گوناهەکانی خۆش بێت و منداڵەکان بەتایبەت دەبێ بەو ئاوە مۆر بکرێن و یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم ئاوە.
$لە ڕێوڕەسمەکانی ئەو حەوت ڕۆژە:$
- ڕۆژی یەکەم دیاری کراوە بۆ بەیتی ئێوارە و سەمای ئایینی.
- ڕۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرەستگەی لالش بەڕێوە دەچێت.
- ڕۆژی سێیەم و چوارەم تەواوی ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژەکانی پێشوو دووبارە دەکرێنەوە.
- لە ڕۆژی پێنجەمی ئەم جەژنە، مەراسیمی (7 پەری)یە، کە 7 کچ وەک پەری خۆیان بە جلی سپی دەڕازێننەوە، کە نیمادی 7 فریشتەی ئاسمانین.
- ڕۆژی شەشەمی جەژنی جەمای، ڕێوڕەسمی (قەباغ) بەڕێوە دەچێت، لەم ڕۆژەدا گایەک وەک قوربانی سەر دەبڕن و بە گۆشتەکەی خواردنێکی پیرۆز لێ دەنێن، کە (سمات)ی پێ دەڵێن.
- ڕۆژی حەوتەم و دوارۆژی جەژن، بە مەراسیمی (بەربەر سوارکردن) دەست پێ دەکات و کۆتایی پێ دێت، مەبەست لە بەربەر سوارکردن، واتە پێش خۆرهەڵاتن دەبێ مەراسیمی ئەو ڕۆژە دەست پێ بکات.
بە گوتەی سەرچاوەکان، مێژووی ئەم جەژنە بۆ دوو- سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە لە هەمان کاتی ساڵدا جێبەجێ کراوە، هەروەها ساڵوەگەڕی کۆچی کەسایەتیی ئایینی ئێزدی شێخ ئادی لەم کاتەی ساڵدا بووە، بۆیە لە مەراسیمی بەربەر سوارکردن مەبەستێکی دیکە هەیە و ئەویش یادکردنەوەی ناشتنی تەرمی شێخ ئادییە، کە لە ساڵی 1116 لە ڕۆژێکی وەک ئەو ڕۆژە پێش خۆر هەڵاتن نێژراوە.
جگە لە جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمی جەژنەکان، ڕێوڕەسمی (میر و میرایەتی) کە یەکێکە لە ڕەسمە سیاسی و ئایینییە هەرە گرەنگەکانی ئایینی ئێزدی، لە لالشی نوورانی بەڕێوە دەچێت، کە ئەویش گرنگی و پیرۆزیی ئەم شوێنە زیاتر دەکات.
هەر لەسەر مێژووە کۆنەکەی لالش، هەوڵی ئەو هەیە، کە وەک شوێنەوارێکی ئایینیی گرنگ بخرێتە ناو لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ، بەڵام بە گوتەی نوێنەری ئێزدییەکان بەهۆی کەمتەرخەمی و بەدوادانەچوون، ئەم بابەتە پشتگوێ خراوە.[1]