ناونیشان: #ئایینی ئێزدی# و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا/ بەشی حەوتم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
هەر لەسەر هەبوونی مەزارگەکانی پیاوانی ئایینی، دەبێ باس لە مەزارگەی (#شێخ شەرفەدین#) ، لە دامێنی چیای شەنگالدا بکەین.
ئەم مەزارگەیە، کە دوای #لالش#، دووەم شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکانە، دەکەوێتە بناری #چیای شنگال# و لە ساڵی 1274 قوببەکەی بۆ گۆڕی شێخ شەرفەدین درووست کراوە و ئێستا بووەتە یەکێک لە ناسراوترین مەزارگەکانی جیهان و ساڵانە ئێزدییەکانی سەرانسەری دونیا سەردانی ئەم مەزارگەیە دەکەن.
$چیای سەربەرزی شنگال:$
چیای شنگال بێجگە لە لایەنە ئایینییەکەی، لەڕووی جیۆگرافیییەوە گرنگییەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا هەیە، هەروەها ڕۆڵێکی گەورەوی لە هونەر و ئەدەبیاتی ئێزدیدا هەبووە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەمانە دەگەڕێتەوە:
- شوێنی جیۆگرافیای چیای شنگال دەکەوێتە سەرسنووری نێوان سووریا و ئێراق، هەروەها نزیکە لە تورکیا، بۆیە شوێنێکی یەکجار ستراتیجی و گرنگە، هەم لە ناوخۆ و هەم لەدەرەوە، بۆیە هەر لە کۆندا ململانێی لەسەر هەبووە، بۆ داگیر و کۆنترۆڵکردنی، بۆیە یەکێک لەو شوێنانەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی (داعش) زوو هەوڵی داگیرکردنی دا، چیای شنگال بوو.
- زۆربەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لەسەر بیروباوەڕی ئێزدی بوون، ئەمەش دەبووە هۆکارێک بۆ ئەوەی دەسەڵاتە زاڵەکان بەسەر ناوچە و وڵاتەکە و تەنانەت هەندێ جار دەسەڵاتە دەرەکییەکانیش وەک دەوڵەتی عوسمانی، هەوڵیان داوە بۆ کۆنترۆڵکردن و خستنەوەی ئەم ناوچەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆیان و بە زۆر پێگۆڕینی ئایینیان و موسڵمانکردنیان، هەمیشە جۆرێک خەم و ترس لە ئاوارەیی بە بەردەوامی لەو ناوچەیەدا هەبووە، کە کاریگەریی لەسەر نووسین و گوتنەوەی هۆزان و هەڵبەست هەبووە و خەڵکی ئێزدی هەوڵیان داوە لەڕێگای هونەر و ئەدەبیاتەوە ئەم جینۆساید و هێرشانە باس و تۆمار بکەن و بیگەیەننە گوێی خەڵکانی تریش.
- چیای شنگال بۆ خەڵکی ئێزدی وەک پەناگەیەک بووە، کە لە کاتی هێرش و پەلامارە جۆراوجۆرەکاندا ڕوویان لەم چیایە کردووە و خۆیان حەشار داوە.
$#قوببە و مەزار#ەکان:$
قوببە و مەزار، شوێنێکی تایبەتە بۆ ناشتنی پیاوانی ئایینی، کە ئێزدییەکان پێی دەڵین (خاس و چاکێت مە) .
مەبەست لە (خاس و چاکێت مە) ئەو کەسانەیە، کە لەڕووی ئایینییەوە ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەبووە و ژیانی خۆیان تەرخان کردووە بە ئامۆژگاریی ئایینی و ڕێکخستن و پەرەپێدان بە ئایینی ئێزدی.
شێوازی ئەندازیاریی ئەو مەزارگانە زۆر جیاوازە و تایبەتە بەم ئایینە، بەتایبەت بەشی گومبەزەکە، کە دیزاین و کارێکی ئەندازەیی تایبەت بەو ناوچەیە و ئایینی ئێزدییەکانە.
قوببە و مەزارگە بێجگە لەڕووی ئایینی و جیاوازی لە ئەندازیاری، شوێنێکە بۆ سەردانی خەڵک و هیواخواستن بۆ بەدیهاتنی نزا و خواستەکانیان، کە بە گرێدانی پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگ و خوێندنەوەی نیایش و دوعا لەلایەن ئەو کەسانەی، کە داوا و پێویستیان هەیە، ئەنجام دەدرێت.
هەر قوببەیەکی ئێزدی لەسەر چوارگۆشەیەک درووست کراوە، کە مەبەست لەوە هەر چوار گۆشەی دنیایە، پاشان بازنەیەک لەسەر چوار گۆشەکە درووست دەکرێت کە بە واتای گۆی زەوی دێت و هەر لەسەر بازنەکە هەشت گۆشەیەک درووست دەکرێ، کە بە مانای هەر چوار وەرزی ساڵ و شەو و ڕۆژەکەیان دێت، کە دەکاتە هەشت و لەسەر ئەم هەشت گۆشەیە بیست و چوار تیشکی ڕۆژ درووست دەکرێت، بە ئیلهام وەرگرتن لە دوازدە مانگی ساڵ بە شەو و ڕۆژەوە، لەسەرەوەی ئەم تیشکانە دیسان چوار بازنە درووست دەکرێن، کە نیمادی خۆر و تیشکەکانیەتی لە هەر چوار وەرزی ساڵ.
لە زۆربەی ناوچەکانی ئێزدییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو قوببە و مەزارگە هەن و بەرچاو دەکەون، کە هەر یەکەیان هی سەردەمێکی جیاوازن و مێژووی کۆن و نوێیان هەیە.
ساڵانە لە وەرزی بەهار و لە دوای جەژنی سەری ساڵ، ئێزدییەکان بەپێی گوند و ناوچەکانیان، لەسەر مەزاری چاکەکانیان ڕێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە دەبەن، ڕێوڕەسمەکان لە چەشنی فێستیڤاڵی ناوچە جیاوازەکانی #کوردستان# دەردەکەون.[1]