عەبدولحسێن شەعبان
کاتێ پەڕڵەمانی کاتەلۆنیا (لە 9ی تشرینی دووەمی 2015) بڕیارێکی دەرکرد کە پڕۆسەی Prossec دەستپێبکات بە مەبەستی دامەزراندنی کۆماری سەربەخۆی کاتەلۆنیا و کاتێکی بۆ دیاری کرد کە ماوەی 18 مانگدا بوو واتا (ساڵی 2017) ، لێدوانەکانی چەند بەرپرسێکی کوردم هاتەوە یاد لە سەروویانەوە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تایبەت بە سەربەخۆیی بەپێی مافی چارەی خۆنووسین، کە ئەمەش پرسێکە هەموو جارێ کە قەیرانی نێوان بەغدا و هەولێر سەرهەڵدەدات، ئەمیش دێتەوە گۆڕێ.
جا ئەگەر ئاستی داخوازی دامەزراندنی کۆماری کاتەلۆنیا لەم چەند ساڵەو مانگانەی دواییدا بەرزبووبێتەوە بەهۆی هەڵکشانی قەیرانی ئابووری لە ئیسپانیا، ئەوا داخوازی بە سەربەخۆبوونی کوردستان و دامەزراندنی قەوارەیەکی تایبەت بەخۆی لەگەڵ هەڵکشانی قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری لە ئێراق زۆرتر بەرزبۆتەوە، نەخاسمە دوای دەسەڵاتی داعش بەسەر پارێزگای موسڵ و نزیکەی سێیەکی خاکی ئێراق.
دوو فاکتەر پاڵیان بە کاتەلۆنییەکانەوە ناوە لەو داخوازییەیاندا زیاتر گەرموگوڕبن، یەکەمیان مێژووییە پەیوەستە بە ناسنامە و تایبەتمەندیی ڕۆشنبیریی کاتەلۆنیا، بە تایبەتی زمان، دووەمیان ئابوورییە، چونکە کاتەلۆنیا کانتۆنی شەشەمە لەو حەڤدە کانتۆنەی ئیسپانیا دەوڵەمەندترە، بەڵام پشکی ئەو لە خێروخۆشی خزمەتگوزارییەکان و خۆشگوزەرانی کەمترە، لەکاتێکدا کە 20%ی پوختەی داهاتی نەتەوەیی لەوێوە دێت، تەنانەت ڕووبەرەکەی لە 6%ی وشکایی خاکی ئیسپانیا ڕەت ناکات و ژمارەی دانیشتووانیشی حەوت ملیۆن و نیوەو 15%ی دانیشتووان پێکدەهێنن.
پەڕڵەمانی کاتەلۆنیا بڕیارێکی دەرکرد بە دامەزراندنی کۆمارێکی سەربەخۆ بۆ کاتەلۆنیا بە زۆرینەی 72 پەڕڵەمانتار لە کۆی 123 ئەندام، بەپێی بڕیارەکە نابێ لەمڕۆوە پەڕڵەمانتەرانی کاتەلۆنی گوێڕایەڵیی دامەرزاوەکانی دەوڵەتی ئیسپانیا بکەن، بەتایبەتیش بۆ دادگای دەستووری، بەڵام ئەوەی دوایی ئەم بڕیارەی بە پێچەوانەی دەستوور لەقەڵەم دا، بۆیە پابەندبوون بە جودابوونەوە، بە یاخیبوون هەژماردەکرێت، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ماریانۆ ڕاخۆی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ڕێگەنادات کاتەلۆنیا جیابێتەوە، بڕیارەکەی پەڕڵەمانی کاتەلۆنیای بە سووکایەتیکردن بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەوڵدان بۆ هەرەسهێنانی دیموکراسی لەقەڵەم دا.
شایەنی باسە کانتۆنی کاتەلۆنیا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا و ڕووبەرەکەی 32.106 کیلۆمەتر دووجایەو لە چوار پارێزگا پێکدێت، بارسلۆنا کە ژمارەی دانیشتووانی پێنج ملیۆن و 511 کەسە، وێڕای پارێزگاکانی جرندە و لاردە و تەراگۆنا، کاتەلۆنیا بۆ یەکەم جار هێزە سەربەخۆخوازەکانی لە دوا هەڵبژاردنی پەڕڵەماندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
هەرێمی کاتەلۆنیا لە ساڵی 1931و لەسەردەمی کۆماری دووەمی ئیسپانیا ئۆتۆنۆمی وەرگرت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشتیوانی لە کۆماریخوازەکان کرد لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا و سیاسەتی دەسەڵاتخوازی فرانسیسکۆ فرانکۆ دوای ساڵی 1936 و بەردەوامبوونی تا کۆچی دوایی لە 1976 مافی کاتەلۆنییەکان و داخوازییە ڕەواکەیان دووچاری پشتگوێ خستن ونکوڵی لێکردن بووەوە، ئەمە وێڕای پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، کاتێ ڕێگە گیرا لە بەکارهێنانی زمانی کاتەلۆنی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و بۆنە گشتییەکاندا، هەروەها سەرۆکی ئەو کاتەی کاتەلۆنیا بە تۆمەتی ( یاخیبوونی سەربازی) لەسێدارەدرا. بەڵام لە ساڵی 1979 جارێکی دیکە کار بە یاسای ئۆتۆنۆمی کرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاتەلۆنیا هەردەم هەستی بە ستەملێکردن دەکرد، بە تایبەتیش ڕێگەنەدان بە پیادەکردنی ئەو مافەی داوای دەکرد، کە بریتی بوو لە وەدەستهێنانی باجەکانی، شان بەشانی هەردوو هەرێمی باسک و ناڤار ئەویش دوای دابەشکردنی وڵات بۆ 17 هەرێم.
تێکچوونی ڕەوشی ئابووری لە سەرتاسەری ئیسپانیا ڕەنگدانەوەی نەرێنی بۆ سەر هەرێمی کاتەلۆنیای لێکەوتەوە، کە دانیشتووانەکەی هەست بە شکست بکات لە کاتێکدا کە مەرجەکانی چاودێریی تەندرووستی و ئاستی پەروەردەو خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە کەمیی کردووە، بۆیە بەهۆی ئەو بارودۆخە مەیلی هەستی نەتەوەیی بەرزبووەوەو پابەندبوونی کاتەلۆنییەکان بە ناسنامەو تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیی و زمان و ئینتیمای یەکگرتوویان زۆر هەڵکشا. مەڵبەندیی توێژینەوەکانی بیروڕا چەندین ڕیفراندۆمی کردووە کە دەریانخستووە ئارەزووی سەربەخۆیی زۆر زیاتر بووە، لە ساڵی 2005دا ڕێژەی پشتیوانیی بۆ سەربەخۆیی 13.5% بوو، بەڵام لە ساڵی 2012 ڕێژەکە گەیشتە 34% لە میانی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەماندا، لە کاتێکدا لە نیوەی دووەمی ساڵی 2014دا گەیشتە 40.5%. یەکێک لە هۆیەکانی بەرزبوونەوەی شەپۆلی سەربەخۆبوون لە شانشینی ئیسپانیا سیاسەتەکانی (راخۆی) ی سەرۆک وەزیرانە لەوەتەی ئەم پۆستەی وەرگرتووە لە ساڵی 2011 و بەپیرەوەهاتنی داخوازییەکانی یەکێتیی ئەوروپا ئەویش بە گرتنەبەری میتۆدی دەستگرتن بەهۆی قەرزە کەڵەکەبووەکان.
لە نۆی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا واتا لە ساڵی 2014 دا ڕیفراندۆمێک بۆ مافی چارەی خۆنووسین»هەتا ئەگەر بە شێوەیەکی ڕەمزییش بێت» ئەنجامدرا، ئەنجامەکەی بریتی بوو لەوەی کە 81% ڕازی بوون بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەروەها 10% ڕازی بوون کە جیاببنەوە، بەڵام بێ ڕاگەیاندنی دەوڵەت، بەو هۆیەوە لێپرسینەوە لە ئارسۆر ماس سەرۆکی کاتەلۆنیا کرا و لەوەتەی مانگی کانوونی یەکەمی 2014 زنجیرە لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵدا کرا، لەبەر ئەوەی دژی دەسەڵاتەکانی یاسای وڵات وەستابۆوە.
ئایا بڕیاری پەڕڵەمانی کاتەلۆنیا لە 9ی تشرینی دووەم (ئەم مانگە) ی ساڵی 2015 دەبێتە کۆتایی پرسەکە، یان قەیرانێکی گەورەتر و مەترسیدارتر هەیە وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش هەڵدەچێت؟ دەکرێ هەڵوەستە لەسەر سێ سیناریۆ بکەین تایبەت بە ئاییندە، کە دەشبێت بۆ کوردیش بە هەمان شت بێت لە وادەیەکی زۆر نزیکدا.
سیناریۆی یەکەم: بریتییە لەوەی حکومەتی مەدرید مل بدات بۆ داواکارییە دارایی و ئابوورییەکانی هەرێمی کاتەلۆنیا، بەمەش دەکرێ ڕاگەیاندنی بیرۆکەی سەربەخۆیی تەواو لەلایەن کاتەلۆنییەکانەوە دوابکەوێت، یان دوابخرێت، بەتایبەتیش لە کاروباری ئابووری و دارایی و ئاستێکی باڵای سەربەخۆیی ئابووری، هەروەها لە هەموو کایەکاندا بێ جیاوازی، دەکرێ ئەم بیرۆکە کاتەلۆنیایە هی کوردیش بێت، بەواتای ئەوەی کە بەغدا سەربەخۆییەکی ئابووری و دارایی بداتە هەرێم و کێشەکانی نەوت لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گەیشتنی داهات بۆ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت، هەروەها چەندین کێشەی دیکەش بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر بکرێت لەوانە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، هەتا ئەگەر ئەم چارەسەرانە پلانێکی درێژخایەنیشی پێویست بێت، دیارە ئەمەش پێویستی بە سەقامگیری و سازانی سیاسی و ڕزگاربوون لە داعش و دارو دەستەکانی هەیە.
سیناریۆی دووەم: بریتییە لەوەی کە مەدرید پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین بۆ کاتەلۆنییەکان پەسند بکات و بۆ ئەم مەبەستەش ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، ئەنجامەکەشی بۆ کورد هەر وایە بە مەبەستی سەربەخۆبوون، لێرەشدا پێویستە وتووێژو دیالۆگی سەرتاسەری دەست پێبکرێت تایبەت بە وردەکاری و ماف و ئەرکەکان و ئاسۆی ئاییندە لەرێی ڕێکەوتننامەیەکی گشتی و بەچاودێریی نێودەوڵەتی لەگەڵ پاراستنی بەڵگەنامەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
سیناریۆی سێیەم: مەدرید هەروەک بەغدا پرەنسیپی مافی چارەنووسین ڕەتبکاتەوەو بە ڕیفراندۆم و ئەنجامەکانی قایل نەبێت، لێرەشدا کاتەلۆنییەکان و کورد لە یەک لاوە سەربەخۆیی ڕابگەیەنن، بەمەش گەشتێکی سەختی کێشەو تەحەددییەکان دەست پێ دەکات، ئەگەر پەیمانی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا دڵنیایی بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە، ئەوا ڕەوشی ئیقلیمی لە ئێراق بەتایبەتیش دراوسێکانی هاندەری ئەم هەنگاوە نییە، لەوانە ئێران و تورکیا، لەبەر ئەوەی کێشەی کوردییان هەیە، بەڵام چارەسەر تایبەت بەم پرسە ناگاتە ئەو ئاستەی کە دۆخی ئێراق پێی گەیشتووە.
ئەوەی دووچاری ئەو سێ سیناریۆیە دێت، بریتییە لە کۆمەڵێک کێشە و ئاڵۆزی چ لەلایەن دەوڵەتە ڕەسەنەکەوە بێت، یان لە هەرێمە سەربەخۆکانەوە، نەخاسمە لە بوارە ئابوورییەکانیان و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ بارگرانیی بارودۆخی هەنووکەیی و ئاییندە پەیوەست بە خەرجیی گشتی کە حکومەتی فیدڕاڵ لەئەستۆی دەگرێت، بەتایبەتیش بودجەکانی بەرگریی سەربازی و نوێنەرایەتیی دبلۆماسی و دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابووری، ئەمە سەرەڕای توانای دەربازبوون لە ئەرێنییەکانی بازرگانی نێوان هەرێمەکان و دەوڵەتی فیدڕاڵ، ڕەنگە ئەو جۆرە کێشانە زۆر بە شێوەیەکی کاریگەرو بەهێز بەتایبەتی لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا سەرهەڵبدەن.
لە کاتەلۆنیا ئەوەی دەگاتە مەدرید بریتییە لە 49 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا ئەوەی لەنێو هەرێمدا خەرج دەکرێت دەگاتە 35.4 ملیار دۆلار و زیادەکە لە 13.6 ملیار زیاتر دەبێت کە لە هەرێمەکانی دیکەو دانەوەی قەرزەکانی ئیسپانیادا خەرج دەکرێت، بەڵام لە ئێراق 17%ی داهات پشکی هەرێمی کوردستانە، کەواتە دەبێ وێنای چی بکەین کاتێ ئەم پشکە لە هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، بۆیە تەنانەت پەکخستنی بەشێکی یان دواخستنی پێدانی ئەو پشکە قەیرانێکی مەترسیداری لە کوردستان هێنایە ئاراوە و هەڕەشەی بۆ سەر وەبەرهێنان درووستکرد، ئەمەش شتێکە کە پێویستە بیری لێبکەینەوە.
ڕیفراندۆمی ڕەمزیی کاتەلۆنیا، هەروەها پێشتریش ڕیفراندۆمی ڕەمزیی کوردستان کە 98%ی دەنگی پشتگیریی بەدەستهێنا، چەند پرسیارێکی ئاڵۆزو قورس و ئەگەری سەختی لێکەوتەوە، ئەو پرسیارە کراوانە تایبەت بە ئاییندە هیچ وەڵامێکی یەکگرتوویان بۆ نییە، ئەمە جگە لەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، ئەمەش شتێکە لە کوردەوە خراوەتەڕوو، لێدوانەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی 2015دا ڕوون و ئاشکران، کاتێ کورد دووپاتیان کردەوە کە دەستیان کردووە بە هەڵێنانی هەنگاوگەلی ڕاستەقینە بۆ سەربەخۆیی و هەر بەم ئاڕاستەیەش بەردەوام دەبن، بەڵام زۆر واقیعی بوو کاتێ ئاماژەی بەوە کرد کە زەحمەتە کاتەکە دیاریبکرێت.
ئەم جۆرە لێکدانەوەیە ئاییندەی هەردوو هەرێمی کاتەلۆنی و کوردی کە پڕ لە کێشەی ئابووری و ململانێی هەنووکەیین خستە بەر باس و گفتوگۆ، بەتایبەتیش یەکتربڕین و تێکهەڵکێش لەگەڵ فەرمانگە سیاسی و یاساییەکانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، لێدوانەکانی بان کی مۆنی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یکگرتووەکان وروژێنەرو سەیر بوون، کاتێ وتی: نەتەوە یەکگرتووەکان جودابوونەوەی هەرێمی کاتەلۆنیای لە ئیسپانیا لەیەک لاوە بە ڕەوا نازانێت.
شایەنی باسە دادگای دادی نێودەوڵەتی لە 24ی تەمموزی 2010 ڕای خۆی لەمەڕ سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ ڕاگەیاند، بەوەی کە ئەم سەربەخۆییە پێشێلی یاساکانی نێودەوڵەتی ناکات، هەروەها خودی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕازی بوو لەسەر جودابوونەوەی باشووری سوودان لە ڕیفراندۆمێکی میللیدا کە باشوورییەکان زیاتر لە 95%ی دەنگەکانیان وەک پشتگیریی بەدەست هێنا، دواتر نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی 2011 دانی بە دەوڵەتی باشووری سوودان نا، هەر خودی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڕیاری دا دەوڵەتی تەیمووری ڕۆژهەڵات دابمەزرێت دوای جودابوونەوەی لە ئەندەنۆسیا ساڵی 2002، هەر ئەویش بوو پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل کرد بەپێی بڕیاری کۆمەڵەی گشتی ژمارە 181ی ساڵی 1947، وەک سەرپێچییەک لە بەڵگەنامەو مەبەست و ئامانجەکانی، لە کاتێکدا کۆمەڵەی گشتی لە دۆخی ئاساییدا ڕازی دەبێت بە مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیاری ژمارە 2625 کە لە 24ی تشرینی دووەمی 1970 دەرچووە، کە بڕیاری ژمارە 1514ی تێپەڕاند بە پاکتاوکردنێکی کۆڵۆنیالی کە لە 15ی کانونی یەکەمی 1960 دەرچووە، ئەمەش لە ناوەرۆکدا نەک تەنیا کۆتایی هێنان بوو بە کۆلۆنیالیزم، بەڵکوو بەدیهێنانی داخوازیی ماف و ئازادیی گەلان بوو لە دیاریکردنی چارەنووسیان.[1]