پڕۆفیسۆر ئەندێراس هانسکلێڤەر
پڕۆفیسۆر ئەندێراس هانسکلێڤەر ئوستادی دیراساتی ئاشتی و پەیوەندەییە نێودەوڵەتییەکانە لە زانکۆی تیوبینگ لە ئەڵمانیا و تایبەتمەندە لەسەر پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ قسەکردن لەسەر ڕەوشی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی تیرۆریستانی #داعش# و پرسی کورد لە ناوچەکە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی پرۆفیسۆر ئەندێراس هانسکلیڤەر کرد و ئەویش بەم نووسینە وەڵامی گوڵانی دایەوەو ئەمەش دەقەکەیەتی.
«من وا لە ناکۆکییە چەکدارییەکانی باکووری ئێراق و سووریا تێگەیشتووم کە بریتین لە دەرئەنجامی ستراتیژیەتی شکستخواردووی پڕۆسەی بنیاتنانی ئاشتی لە دوای داگیرکردنی ئێراقەوە لە ساڵی 2003دا. هەروەها گۆڕانکارییەکانی ئەوەی پێی دەگوترێت «بەهاری عەرەبی» کە هەڕەشەیەکی قووڵ بوو بۆ سەر سیستمە خۆسەپێنە جێگیرەکانی ناوچەکە. لە کاتێکدا میسر و لیبیا و سووریا دەوڵەتگەلێکی بەهێز بوون، بەڵام بە هەمان ئەندازە داماڵدرابوون لە شەرعییەت، ئەوا ئێراق دەوڵەتێکی کارای نەبوو. پێکەوە تێکەڵەیەکی مەترسیدار لە ناوچەکەدا هەبووە. سەبارەت بە بارودۆخی سووریا ئەوا لە ڕوانگەی منەوە ئەوە ئاکامی دەوڵەتی شکستخوارد نەبوو، بەڵکوو ئەوە حوکمڕانی خراپ بوو کە سەری کێشا بۆ ڕوودانی کارەسات لە سووریا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونی حوکمڕانی خراپ بەس نەبوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام (داعش) و گرووپە چەکدارە هاوشێوەکانی ئەوەندە بەهێز بن. لە کۆتاییدا ململانێی ئیقلیمی لەسەر دەسەڵات ئەوسا و ئێستاش ڕۆڵێکی کوشندەی هەبووە و هەیە. بارودۆخی ناوچەکە هێندە ئاڵۆزە زەحمەتە لەم دوورەوە و لە بورجی عاجی ئەکادیمییەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە. لەڕووی مەبدەئییەوە، کورد مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هەرچۆنێک بێت، پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن دەکرێت لە سایەی هەل و مەرجی ئێستای ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانیدا مافی بڕیاردانی چارەنووس مومارەسە بکەیت کە چەندین یاریزانی جیاواز هەن کە خاوەنی بەرژەوەندی ناکۆک بە یەکن.
لەلایەکەوە، دەستکەوتە سیاسی و ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان دیار و بەرچاوان، توانای دەسەڵاتی کوردی بۆ پەرەپێدان بە دامەزراوە گونجاوەکان بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێمەکە و هەروەها بەرگریکردنیان لە دژی دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام (داعش) نزیک دەبێتەوە لە موعجیزە. لەلایەکی دیکەوە، ئەزموون ئەوەمان پێ دەڵێت کە بنیاتنانی نەتەوە بە بێ ڕەزامەندیی ئیقلیمی کارێکی زۆر مەترسیدارە. بەو پێیە، لە ڕوانگەی منەوە کارێکی پێویست دەبێت، کە دەسەڵاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێراقدا هەر کارێک بکەن کە لە دەستیان بێت بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییە بۆ دراوسێکان ڕوون بکەنەوە بوونی کورد- کە ناوماڵێکی ڕێکخراویان هەبێت- سەرمایە و سامانێکە بۆ ناوچەکە نەک مەترسی. ئەگەر بە باشی ڕێکخراو بێت، ئەوا ڕەنگە لە کۆتاییدا بە مانای دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ بێت، یاخود بە مانای یەکەیەکی فیدڕاڵی کوردی بەهێز بێت لەنێو سیستمێکی فیدڕاڵی ئێراقدا کە هاوسەنگیی تێیدا ڕاگیرابێت، کە هێشتا دەبێت چاوەڕێ بکەین و ڕوودانی ئەمە ببینین. هەرچۆنێک بێت، بەلای منەوە ڕوونە کە بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان لە ئێراقدا بە شێوەیەکی سرووشتی دێتەئاراوە- هەروەها بە شێوەیەکی خێرا- ئەگەر هاتوو ڕەوشە ئەمنییەکە بە شێوەیەکی دراماتیکی بەرەوپێش نەچێت لە ماوەی مانگەکانی داهاتوودا و ئەگەر دەرکەوت حکومەتی بەغدا بێتوانایە لە پەرەپێدانی ڕوانگەیەکی فیدڕاڵی متمانەپێکراو و کارا بۆ تەواوی وڵاتەکە. لە هەمان کاتدا، هەرچۆنێک بێت، تەنانەت دەوڵەتێکی کوردی بەهێز ناتوانێت تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام (داعش) تێکبشکێنێت. بۆ ئەوەی ئەم کارە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت، ئەوا هاوپەیمانێتییەکی ئیقلیمی پێویستە، بۆ ئەوەی ئەم مەسەلە ئاڵۆز و دوور و درێژە کورت بکەینەوە.
من ئیعجابێکی قووڵم هەیە بۆ ئەو دەستکەوتانەی کورد لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا بەدەستی هێناوە. من لە خواستی بەهێزی کورد تێدەگەم بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. لەوەش زیاتر، تەنانەت پێم وایە درووستبوون و سەرهەڵدانی دەوڵەتی کوردی لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەگەرێکی بەهێز نییە. چونکە پرسیار ئەوەیە ئەم دەوڵەتە دەتوانێت ئەمنییەت بۆ کورد دەستەبەر بکات لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام (داعش) ؟ ئایا دەتوانێت ئاشتی دەستەبەر بکات بۆ کورد، ئەمە مایەی گومانێکی زۆرە، ئەویش بەهۆی بوونی پێکهاتەی دەسەڵاتە ئیقلیمییەکەوە کە لەئارادایە. لەوەش زیاتر، ناکۆکییە چەکدارییە بەردەوامەکان پێشمەرجێکی زۆر باش نین -بەلای کەمەوە- بۆ هاتنەئارای دیموکراسییەتێکی کارا و سەروەریی یاسا. من نیگەرانم لەوەی وەڵامەکانم بۆ پرسیارەکانی ئێوە زۆر یارمەتییدەر نەبن، بەڵام لە بورجە عاجییە ئەکادیمییەکەی خۆمەوە بەم شێوەیە لە جیهان دەڕوانم. لە کۆتاییدا ئەمە بڕیارێکە کە دەبێت سەرکردایەتی کورد بیدات و لەلایەن گەلی کوردستانەوە پشتیوانی لێ بکرێت، بڕیارێک کە یەکلاکەرەوە بێت بۆ ئاییندەی کۆمەڵگەکەتان- هەروەها ئەو بڕیارانەی لەلایەن -دەوڵەتە- دراوسێکانتانەوە دەدرێن. بەلای کەمەوە ئەمە ئەزموونی ئەوروپای ڕۆژاوایە: ئاشتیەکی سەقامگیر دەرئەنجامی هاوکاریکردنە و ناکرێت تاکلایەنانە بەدەست بهێندرێت- ئەگەرچی دەکرێت ئاستێک لە ئەمنییەت بەدەست بهێندرێت بەو شێوەیە».[1]