بابەت: هزری
نووسین: #فاروق هۆمەر#
$خوێنەر وەک کەسێکی میهرەبان$
من وای دەبینم خوێندنەوە هەر بۆ بەدەستهێنانی زانیاری نییە . خوێندنەوە هەر فرێدانی پەڕتووک لە دوای پەڕتووک نییە . پەڕتووک هەیە بە درێژایی تەمەن لەگەڵ ئینسان دەمێنێتەوە . پەڕتووک بە بچکۆلەیی و گەورەیی نییە و بەوەش نییە لە چ بوارێک دا دەخوێنیتەوە.
کەسانێک هەن تەنیا ناوهێنانی وشەگەلی وەکوو ( من فەلسەفە دەخوێنمەوە، من ڕۆمان نەبێ نایخوێنمەوە، حەزم لە نووسەری ئەوروپییە … نووسەری ڕۆژهەڵاتی دەقی گەورەیان بەرهەم نەهێناوە و هتد) لە دەمیان دەوەرێ و کەچی تەنیا بەرگی پەڕتووک دەخوێننەوە .
$لە ئەزموونی خوێندنەوەوە ئەگەر تۆ میهرەبان نەبوویت ئەوا بزانە هەڵەیێک لە شوێنێک دا هەیە$.
مرۆڤی میهرەبان کەسێکە ڕۆحی گەورە و لێوانلێوە لە خۆشەویستی . ئەو مرۆڤە هەموو خەڵکانی دی وەکوو خوشک و برای خۆی خۆشدەوێت . جیاوازی کچەکەی خۆی و کچێکی سەر شەقام کە تەنیا ڕێکەوت کۆیان دەکاتەوە، ناکات . کاتێک لەگەڵ خەڵکان دەدوێ شیرین دەدوێ و ئامادەیی گوێگرتنی لە قسەکردن زیاترە . پڕە لە تەماشا و هێمنی و لێخوردبوونەوە .
مرۆڤی میهرەبان هەمیشە یەک جۆر ڕەفتار دەنوێنێ و هەرگیز و لە هیچ شوێنێک نابێ بە گورگ . دوژمنەکەی بەر لە دۆستەکەی دەبەخشێ . لە دونیای ئێمە ئەو کەسە میهرەبانانە ناڵێم نین بەڵام زۆر دانسقە و کەمن . پڕۆسەی خوێندنەوە لە شارێکا بە پڕی هۆڵەکانی شانۆ و فرۆشتنی ژمارەی پەڕتووکی زۆر و هتد، ناپێورێت بەڵکوو بەو شارانەی کە پڕن لە مرۆڤانی میهرەبان . تەنیا جارێک لەخۆت ڕابمێنە و لەخۆت بپرسە ئایا پەڕتووک ئەو گۆڕانکارییانەی تیا ڕواندوییت ؟ ئەگەر نا هەڵەیەک هەیە هەوڵ بدە بەدووی بگەڕێیت. [1]
ڕێکەوتی: #20-07-2017#