بابەت: ڕامیاری
نووسین: #بڵێسە جەبار فەرمان#
ناونیشانی بابەت: $دوو زۆنی دژ بەیەک لە هەرێم، نەخشەی داگیرکەرانی کوردستانە$
ڕکابەرێتی و پێشبڕکێ (مونافەسە) یەکێکە لە خەسڵەتی مرۆڤەکان، مرۆڤەکان بەگشتی حەز دەکەن لەوانەی تر باشتربن و دەرکەوتووتربن.بەسرووشت حەزی باشتربوون و کێبڕکێ لە پیاودا زیاتر بەرجەستەیە تا لە ژندا.
لە دێرزەمانەوە پیاوەکان هەوڵیان داوە بە زۆرانبازی و ئەسپسواری و تیرهاویشتن و چەندەها شێوازی تری جیاواز بەسەر ئەوانەی تردا سەرکەون و براوەبن. لە زۆرێک لە بوارەکاندا پێشبڕکێ سوودی زۆری هەیە و هاندانێکە بۆ زیاتر خۆ ماندووکردن و پێشکەوتنی تاکەکان.ئەم جۆرە لە پێشبڕکێ لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا زۆر دەکرێت و بەوشێوەیە هانی خوێندکارەکان دەدرێت بۆ بەرەوپێشچوون.
پێشبڕکێ یەکێکە لەو بابەتانەی لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەریش دا هاتووە و بە خەسڵەتێکی باش ناودەهێنرێت و لەهەمانکاتیشدا لە خراپ بەکارهێنانی هۆشیاری دەدرێت.منافەسە بێجگە لەنێوان تاکی مرۆڤەکاندا، لەنێوان خێڵ و دەڤەر و شارەکان و وڵاتەکانیش دا هەیە.ساڵانێکی زۆر پێشبرکێیەکی توند لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتدا هەبوو لە چوونە سەرمانگ و درووستکردنی مانگی دەستکرد، درووستکردنی چەکی بایەلۆجی و بوون بە بەهێزترین وڵاتی جیهان لە بەڕێوەبردنی سیاسەت و ئابووری لە جیهاندا.ئەم کێبڕکێیە ئەوەندە توند بوو کە بە جەنگی سارد و جەنگی جیهانی سێیەم ناودەبرا.پێشبرکێیەکی زۆر لەنێوان وڵاتانی ئەوروپیدا هەبوو لە داگیرکردن و ژێردەستکردنی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا.دواتر پێشبرکێی پێشکەوتنی پیشەسازی و بەهێزکردنی ئابووری کەوتە نێوان وڵاتان.
هەروەها منافەسەیەکی توند هەیە لەنێوان وڵاتانی جیهاندا لە ڕووی درووستکردنی چەکی پێشکەوتوو و بەهێزکردنی وڵاتەکانیان لە ڕووی سەربازییەوە و بەکارهێنانی وڵاتانی تر وەک گۆڕەپانی جەنگی خۆیان.پێبڕکێکان گۆڕانکاری دێننە کایەوە پێشبرکێ و منافەسە، هندستان و پاکستانی کردە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و حیساب بۆ کراو لەلایەن وڵاتانی دونیاوە.واتا پێشبڕکێ لەنێوان مرۆڤەکان و خێڵ و وڵاتەکاندا هەمیشە هەبووە. ئەو پێشبرکێیە دەکرێت باش و بەسوود بێت، هاندان بێت بۆ بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی و دەشکرێت خراپ و تێکدەربێت و ببێتە هۆی درووستکردنی ترازان و ئاژاوە.لە هەرکام لەو ڕوانەوە تەماشای بکەین واتا پێشبرکێی باش یان خراپ بۆتە هۆی بەهێزکردنی وڵاتەکان.ئەگەر تەماشایەکی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەوا دەبینین کە منافەسەیەکی توند لەنێوان شارەکاندا هەیە.
هەر شارەو خۆی بە باشتر و کراوەتر و پێشکەوتووتر دەزانێت لە شارەکەی تر، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە هیچیان هیچ ناکەن بۆ باشتربوون لەوەی تر، بەڵکوو تەنیا بە دوای بابەتێکدا دەگەڕێن بۆ ناشیرینکردنی یەکتری و بەوەش خۆ بە باشتر زانین، خۆ بە باش زانین لەسەر حسابی ناشیرینکردنی ئەوی تر، یاخود جوانیی خۆی لە ناشیرینی ئەوی تردا ببینێت.ئەم لۆجیکە ڕوونی دەکاتەوە هیچ داهێنانێکیان نییە کە ببێتە هۆی بردنەوە و پێشکەوتنیان لە شارەکەی تر.
ئەوەی هەیانە ناشیرینکردنی یەکترییە، بێئاگا لەوەی بەو شێوەیە کۆمەڵگەی کوردی و هەرێمەکە ناشیرین دەکەن. خۆیانیش لەناو ئەو چوارچێوەیەدا ناشیرین دەردەکەون.پێشبرکێی باشە و خراپە لەنێوانیان دا نییە.
ئەگەر لە زۆنێک ڕووداوێک ڕووبدا، ئەوا بەرپرسان و میدیاکارانی زۆنەکەی تر تا دەتوانن نان و پیازی پێوە دەخۆن و کوردی وەتەنی دەیکەن بە فیلمی هندی.ئەگەر لە زۆنێک ڕۆژنامەنووس بڕفێنرێت، ئەوا لەلایەن بووقی زۆنەکەی ترەوە دەکرێت بەهەڵا و بە مانشێت و چەندەها لایەنگری زۆنی ئەلیف وتاری لەسەر دەنووسن و لێدوانی لەسەر دەدەن و لە هەمانکاتدا سەرانە سەندن و کێشە بۆ سەرمایەداران لە زۆنەکەی خۆیان پەردەپۆش دەکەن.
لە شارێک لافاو هەڵدەستێ و شارەکەی تر پێی شاگەشکە دەبێ، یا بە پێچەوانەوە گەر ماڵێک بەهۆی گازەوە بتەقێتەوە.ئەوەی لەم هەرێمە ڕوو دەدات لە هیچ شوێنێک بەدی ناکرێت و مایەی خەم و سەرسوڕمانە.
دوژمنەکانمان سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی لەنێوان کورددا بەکارهێناوە، ئەم سیاسەتە بەعس زۆر پەیڕەویدەکرد، کورد دیارە ئاگای لە خۆی نییە کە پیلانی داگیرکەران پیادە دەکات، هەموومان دەزانین دوو زۆن لەیەک هەرێم نەخشەی داگیرکەرانی کوردستانە.
ئیشکردن بەو نەفەسە هەر دەچێتە خزمەتی بێگانە. جیاوازیکردن لەنێوان دوو پارێزگا هەم دواکەوتووییە هەم خۆ ناشیرینکردنە لەچاو دەوروبەر و دۆست و دوژمن.بەداخەوە خۆمان بە دەستی خۆمان خەونی دوژمنانمان لە ترازانی نێوانمان دێنینە دی.چۆن وا بکرێت بە هەقیقی پێشبڕکێ درووستبکرێت لەسەر پایەی پێشکەوتن نەک یەکتر شکاندن.
حکومڕانی باش گرەنتی ئەوە دەکات سیاسەتی خوار و خێچ پەیڕەو نەکرێت و سیاسەتی شەڕی باشترین و شەڕی نموونە پێشکەش بکرێت. منافەسەش گەر درووستببێت بچێتە خزمەتی پڕۆسەی گەشەکردنی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی لە کوردستان.
ململانێ بەرەو باشترئەگەر بایەخ بە وەرزش بدرێت و پشتیوانی سەربەخۆی یانە وەرزشییەکان بدرێت پێشبڕکێ بە وەرزش درووست بێ حەماس و ژیاندۆستی زۆرتر درووست دەبێت یان لە بواری هونەر و موزیک و شانۆ پاڵپشتی هەبێت و فێستیڤاڵ ساڵانە یان ساڵی دوو جار درووست بکرێت کاریگەری پۆزەتیڤ لەسەر پەیوەندی و پێشکەوتن درووست ئەبێت.
بەڵام خەڵک مەشغوڵکردن بە شتی لابەلا و شارچێتی ناشارستانی، وەک بەشێک لە خزمەتکردن بە سیاسەتی نەیارەکانی کوردستان حساب دەکرێت. خۆ ڕاستتر بڵێم ئەوە شەڕی بەوەکالەتە بۆ دوژمنانی کلتوور و زمان و ناسنامەی کوردستان.دوژمنەکانی کورد لە کورد خۆی زیاتر سایکۆلۆژیای گشتی خەڵکەکەی دیراسەت دەکەن و دەزانن چۆنیان بوێت دەتوانن درز درووست بکەن، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی خێرا کاریگەریی خێرا لەسەر زاکیرەی گشتیی خەڵک درووستدەکەن.
قسەیەک لێرە و قسەیەک لەوێ، هەرای گەورەی لێ درووستدەبێت و شیکاری سیاسی و ئایینیش خۆیانی پێوە مەشغوڵ دەکەن. ئەم سەرقاڵکردنە بە کاری لابەلا توانای مرۆڤەکان بە شتی نا پێویست سەرف دەکرێت، ئینجا درز و کەلێن لەنێوان شار و مرۆڤەکانی یەک کۆمەڵگە زۆرتر درووستدەبێ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی. [1]