کچێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەڕتووکێکی لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان نووسیوە. هوما سۆفی، لە پەڕتووکەکەدا باس لە هیوا و خەونەکانی شنگالییەکان دەکات. هوما دەڵێت: کۆمەڵکوژی و ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هات، ئەوەندە ئەوی ئێشاندبوو، بۆ ماوەی چەندین ساڵ نەیتوانی لەبیری بکات و لە یەکەم بەرهەمی خۆیدا تراژیدیاکەی نووسییەوە.
هوما سۆفی، دانیشتووی ناوچەی مەرگەوەری #ورمێ#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو کاتەی داعش هێرشیکردە سەر #شنگال#، ئەو قوتابی بوو، وەکوو هەر گەنجێکی دیکەی گوندەکانی مەرگەوەر کەوتبووە ژێر کاریگەرییەکی پڕ لە پەژارەی ڕووداوەکانی شنگال، بۆیە دوو ساڵ دوای ئەوە ڕێگەی پەنابەرێتیی گرتەبەر و ئێستا لە ئوسترالیا دەژی. ئەو چیرۆکەی کە لە چیای شنگالەوە لە مێشکی خۆیدا گلدابووەوە، هێنایە سەر کاخەز و پەڕتووکەکەی بە ناوی (ڕۆندکێن چیایێ شنگالێی) نووسی.
لە چاپی ئینگلیزی و فارسیشدا، ژمارەیەک هۆنراوە بە زمانی کوردی هەن کە باسی ئازایەتیی پیاوێک بە ناوی مێڤان دەکەن کە ئەو ژنەی ڕزگارکردووە.
هوما سۆفی، نووسەری پەڕتووکی (ڕۆندکێن چیایێ شنگالێ) دەڵێت: تێگەیشتن و بینینی ئێش و ستەمی ئەو داعشییانە لەسەر خوشک و برایانی ئێزدیمان، منی زۆر ئێشاند و برینداری کردم. دوای ساڵانێک لەو کارەساتەی بەسەر شنگال دا هات، بیرم لەوە کردەوە ئەو چیرۆکە بکەمە پەڕتووکێک و بە دونیای بناسێنم.
پەڕتووکی (ڕۆندکێن چیایێ شنگالێ) باسی ژنێکی کوردی ئێزدی دەکات بە ناوی (ئاگرین)، کاتێک ئێوارەی پێش هێرشەکە، لە گوندێکی دامێنی چیای شنگال، لەگەڵ هاوژین و منداڵەکەی، بە خۆشەویستییەکی قووڵەوە باسی داهاتووی خۆیان دەکرد و پێدەکەنین.
بەیانیی ڕۆژی دواتر چیرۆکێکی دیکە دەستپێدەکات، ئەو دەبێتە یەکێک لەو ژنانەی کە لەلایەن داعشەوە دەڕفێندرێت و دواتر لەلایەن کارەکتەرێکی دیکەی نێو ڕۆمانەکە بە ناوی (مێڤان) لە دەستی داعش ڕزگاردەکرێت و دەنێردرێتە چیای شنگال.
پەڕتووکەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و هەر خۆی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی، ئێستاش هەوڵدەدات وەریبگێڕێتە سەر زمانی کوردی.
کارەساتی شنگال ئەوەندە قووڵ و سەختە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە زیندوویی دەمێنێتەوە. لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستاش گۆڕی بەکۆمەڵی ئەو ڕووداوە یەک بە یەک دەدۆزرێنەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هێشتا لە ئاست ئەو ناوەی کە پێویستە و لە ئاستی ئەو ژانە قورسەدایە، ناوزەند ناکرێت و ناناسێندرێت کە بەهەر پێوەرێک بێت، دەبێت جێنۆساید بێت.
لەنێو ئەو کچ و ژنانەی کە ڕفێندراون، سێ هەزار و 562 کەس ڕزگارکراون، بەڵام تائێستا دوو هەزار و 855 لەوانە نەدۆزراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە. [1]