مەلا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی
بەدرێژایی مێژووی ئیسلام و ژیان و سەرگوزشتەی پێغەمبەران (سەلامی خوایان لەسەر بێت) پارێزگاریکردن لە نیشتمان وەک ئەرکێکی پیرۆز سەیر کراوە و لەو ناوەشدا هەڵوێستی گەورە تۆمار کراون و، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە هەست و سۆزە ئیمانییەکە حیسابی بۆ کراوە، تەنانەت موسڵمانانی پێشوو لەو پێناوە قبوڵی ئازارو مەینەتی و مردن و تەنانەت شەهیدبوونیشیان کردووە، لەبەر ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە، کە سەلامەتی و ئەمنییەت و سەربەرزی (نیشتمان) شکۆو سەربەرزی دینداری و ئیمان و موسڵمانێتیە، چونکە دین و نیشتمان وەک ڕۆح و جەستە وان، بەو پێیەش دین بێ بوونی نیشتمان وەک ڕۆحی بێ جەستەیە، نیشتمانی بێ ئایینیش وەک جەستەی بێگیان وایە.
خۆشەویستی گەل و بوونی هەستی نەتەوەیی و گیانی نەتەوەپەروەری لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا شتێکی فەرمان پێکراو و شەرعییە و، مرۆڤ هان دەدا بۆ ئەو تێکۆشانە و لەپێناو ئەو ئامانجە، هەروەها خۆشەویستیی نیشتمان بەشێکی هەرە دیاری نێو سوننەت و ژیانی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) بووە، هانی مرۆڤیش ئەدات نیشتمان و وڵات و خاکی خۆی خۆش بوێ، کەواتە پارێزگاریکرن و پاراستنی ئەمن و ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەرکێکی ئایینییە.
یەکێ لە بنەما گرنگ و گشتگیرەکانی ئیسلام بریتییە لە هەبوونی هەست و هەڵوێستی پارێزگاری و پاراستنی تایبەتمەندیەکانی ژیان و مرۆڤ، لەبەر ئەوە لێهاتوویی و جورئەت و تەنانەت سەرنانەوەش لەپێناو کیان و ژیان و سەلامەتی ماڵ و حاڵ بەرز نرخاندووە، بۆیە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) زۆر جوان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە مەسەلەی پارێزگاری کردن لە نەتەوە و ئایین و ژیان و سامان و خانەوادە، ئەرکێکی ئیمانییە و تیا چوونیش لەو پێناوە پلەی شەهادەت و سەربەرزی دەبەخشێتە مرۆڤ و پاداشتی بەخێریشی دەدرێتەوە، هەروەکو دەفەرموێ: (من قُتِلَ دُونَ مَالِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ وَمَنْ قُتِلَ دُونَ دِينِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ وَمَنْ قُتِلَ دُونَ دَمِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ وَمَنْ قُتِلَ دُونَ أَهْلِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ) 1 ، واتە: هەر کەس لەپێناو ماڵ و سامان و دین و خوێن و خاو و خێزانی بکوژرێ ئەوە شەهیدە.
یاخود دەفەرموێ: (خَيْرُکُمْ الْمُدَافِعُ عن عَشِيرَتِهِ ما لم يَأْثَمْ) 2، واتە: باشترینتان ئەو کەسەیە بەرگری و پارێزگاری لە نەتەوەکەی بکات مادام لەسەر گوناه نییە.
لە فەرموودەیەکی تر هاتووە: (عن أنس بن مالک قال جاء ڕجل إلى النبي (ص) فقال يا ڕسول الله أمِن العَصبِيةِ أَن يُعينَ الرَّجلُ قَومَه عَلى الحقِّ؟ قال: لا) 3 ، واتە: ئەنەسی کوڕی مالک بۆمان دەگێڕێتەوە، پیاوێک هاتە لای پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) و پرسیاری لێ کرد، وتی: ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر یەکێک لەسەر هەق هاوکاری گەل و نەتەوەکەی بکات، دەمارگیرییە؟ ئەویش فەرمووی: نەخێر، واتە هاوکاری کردنی نەتەوەی خۆت لەچوارچێوەی شەرعدا شتێکی ڕەواو لەجێیە و تاوان نییە، چونکە باشترین کەس کەسێکە پارێزگاری لە نەتەوەی خۆی بکات، بەو مەرجەی تاوانباری تیا نەبێت و بە ئەندازەی پێویست و ڕەوایەتی بێت.
هەستی پارێزگاری و داکۆکی کردن لە مافی نەتەوەیی لە دیدی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) هەستێکی زیندووە بووە، بە ئەندازەی ئەوەی حەزی کردووە مرۆڤ لەژێر ئاڵای نەتەوەکەی بجەنگێت، هەروەکو لەو فەرموودەیە هاتووە: (عن عَمَّارٍ أَنَّ النبي صلى اللَّهُ عليه وسلم کان يَسْتَحِبُّ لِلرَّجُلِ أَنْ يُقَاتِلَ تَحْتَ ڕَايَةِ قَوْمِهِ) 4، واتە: لە عەممارەوە گێڕدراوەتەوە، کە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) حەزو ئارەزووی لەوە بووە هەر کەسە لەژێر ئاڵای هۆز و نەتەوەکەی خۆیدا بجەنگێت.
ئەمە وێڕای ئەوەی ئاماژەیە بە بوونی هەستی نەتەوەیی خۆڕسک، لەهەمان کات هێمایە بەوەی مرۆڤ بەو هۆیەوە ئامادە نییە ئاڵای نەتەوەکەی بنەوێت و شکست بخوات، چونکە وەستان و جەنگانی هەر کەسێک لەژێر ئاڵای نەتەوەکەی، نەک هەر کارێکی چاکە، بەڵکوو لەلایەن پێغەمبەرەوە (دروودی خوای لەسەر بێت) کارێکی باش و فەرمان پێکراویشە.
بەپێی دەرهاوێشتە بنچینەییەکانی ئەو فەرموودانەی سەرەوە، وەک چۆن پاراستن و پارێزگاری لە سامان و شەڕەف و دین و ژینی مرۆڤ ئەرکێکی پێویستە، ئەوە بەهەمان شێوە کاتێ کۆمەڵگە و کیان و نیشتمانیش دەکەوێتە مەترسیەوە پارێزگاری کردنی پێویستە و ئۆباڵی پاراستنی دەکەوێتە ئەستۆی تاکەکانەوە، چونکە ئەگەر ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتمانی تێک چوو، ئەوە سەرجەم بەژەوەندیە تایبەتی و گشتیەکانیش دەکەونە بەر هەڕەشە و مەترسیەوە، هەر کات دەستێکی دەرەکی هێڕشی هێنایە سەر نیشتمان و ئەمنی قەومی خستە ئاڵۆزیەوە، واجبە مرۆڤ دیفاع بکات و دەبێ ئەو دیفاع کردنەش وەک بەشێک لە دینداری سەیر بکات.
بە پێچەوانەوە ئەگەر مرۆڤ بەو ئەرکە هەڵنەستێ و هەستی بەرپرسیارێتی بەرانبەر خاک و خەڵکی تێدا زیندوو نەبێ، ئەوە لەلایەنی دیندارییەوە گوناهبار دەبێ و بە ئەندازەی کەمتەرخەمی لەهەمبەر ئەو پرسە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت، لە ڕووی دونیایی و هەڵوێستی نیشتمانیشەوە ڕووبەڕووی جۆرێک لە شەرمەزاری و ڕیسوایی دەبێتەوە.
لەو بوارەوە شێخ محەمەدی خاڵ زۆر جوان ئەو پرسەی تاوتوێ کردووە و هەست و نەستی نەتەوەیی و نیشتمانییانەی خۆی دەربڕیوە، لەگەڵ ئەوەش تامەزرۆیە خەڵک لەسەر ئەو بنەمایە خۆی ڕابێنێ و هەستی پارێزگاری نیشتمان لەخۆیدا بەرجەستە بکا و دەڵێ5: «هەر کەسێک کوڕی باوکی خۆی بێ، بەدڵ و بە گیان نیشتمانی خۆی خۆش ئەوێ، وە هەمیشە هەوڵ ئەدا بۆ زیندووبوونەوەو سەرکەوتن و بەرز بوونەوە، وە نایەڵێ دوژمن دەستی بۆ درێژ کا و زیانی پێ بگەیەنێ، کەوابوو پێویستە بۆ هێشتنەوەی ژیان و گیان و بۆ پاسی نام و نیشان، خۆشەویستی نیشتمان وە بەسەر و ماڵ درێغ و کۆتاهی نەکردن لە ڕێی نیشتمانا، چونکە هەر وابووە هەر گەلێ لە ڕێی نیشتمانیا درێغ و کۆتایی کرد بێ، ڕیسوا و ڕەزیل و زەبوون و دیل بووە».
لەوەش زیاتر شێخی خاڵ چەند وێنایەک دەخاتە بەر هزری مرۆڤ، سەبارەت بە پێویستی هەستی نیشتمان پەروەری و پارێزگاری کردنی، ئەو دەڵێ: «مەل بە مەلیی خۆیەوە بە دەنووک جەنگ ئەکا لەسەر هێلانەکەی، وە تا بتوانێ نایەڵێ کەس دەستی بۆ درێژ کات و زیانی پێ بگەیەنێ، هەنگ بە چزووەکەی پاسی نیشتمانی خۆی ئەکات، وە هەر کەسێک دەست ببات بۆ کەلووی شانێکی پێوەی ئەدات، لەگەڵ ئەمیشە کە بەو پێوەدانە هەنگەکە خۆی ئەمرێ، کەوابوو هەنگەکان بۆ پاسی نیشتمانی خۆیانن. لان کە بێشە و نیشتمانی شێرە ئەگەر کەسێک نزیکی بکەوێتەوە شێرەکە ئەیشکێنێتەوە، هەر بەم ڕەنگە هەموو گیانلەبەرێک وایە! کەوا بوو ئادەمی ئەبێ زۆرتر خۆشەویستی بۆ نیشتمان ببێ، چونکە لە هەموو گیانلەبەرێک ژیرترو بەبیرترو زاناتر و داناترە».
مەسەلەی خۆپارێزی و پارێزگاری لەخۆکردنی نێو گیانەوەران، بۆتە جێی باس و لێ وردبوونەوەی زۆرێک لە زانایان، چونکە ئەوە بە فاکتەرێکی پاڵپشت و گرنگ دادەنێن بۆ درووست بوونی هەستی پارێزگاری نیشتمان لەهزو بیری مرۆڤەوە.
هەستی پارێزگاری لەخۆ لەنێو گیانەوەرانیش زۆر بە زەقی دیارەو ڕەنگدانەوەی بەسەر ڕێژەیەکی بەرچاو لە گیانداران هەیە، کە لە کاتی بەگژیەکداچوون و هێڕشی بەرانبەر! یان گیانەوەرێکی دڕندە و نامۆ، زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت، ئەمەش کارزانی و حیکمەتی خوای پەروەردگاری تێدایە، ئەگەر ئەم گیانی ڕەگەزویستی خۆڕسکە نەبوایە، بێچوەکان لەلایەن هاوڕەگەزەکانیان و لەلایەن داکەکانیان ناپارێزران و، لە ماوەیێکی زۆر کەم زۆرێکی زۆر لە زۆرینەی ڕەگەزەکانی گیانلەبەرانیش لەنێو دەچوون!6
کەواتە بە کورتیەکەی لە ئیسلامدا پارێزگاری کردن ئەرکێکی هەمیشەیی و دانەبڕاوە لەسەر شانی تاکە، و کارێکی فەرمان پێکراوە و، پێویستە مرۆڤی موسڵمان درێغی نەکا و لەو پێناوە جوهد و ڕەنجی زۆر بکێشێت، چونکە سەربەرزی نیشتمان و پارێزراوی نەتەوە و نەکەوتنە مەترسی دۆخی ئەمنی هەر وڵاتێک، گەورەترین نیعمەتی خوایە و بگرە شکۆمەندترین شەڕەفیشە بۆ مرۆڤ و جوانترین تاجیشە کە مرۆڤ شانازی پێوە بکات.
1. سنن الترمذي: ب/4 ل/30
2. سنن أبى داود: ب/4 ل/331
3. سنن البيهقي الکبرى: ب/10 ل/234
4. المستدرک على الصحيحين: ب/2 ل/116
5. ناڵەی دەروون: ل/53
6. نوێسازی: ژ/6 ل/ 23.[1]