$خودا چی نییە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
پرسیاری خودا چییە یا خودا کێیە جەوهەریترین و تیکراریترین پرسیاری مێژووی مرۆڤایەتییە، تا ئەمڕۆ ملیاران جار مرۆڤ ئەم پرسیارەی کردووە بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی عەقڵانی و دەقیقی بۆ ئەم باسە پێ نییە کە داخۆ خودا چییە، یاخود خودا کێیە. دەیان ئارگیومێنی جیاواز هەن بۆ ئەم پرسیارانە، چ دژی خودا چ لەبەرژەوەندی خودا، بەڵام کوورەی ئەم شەڕ ونیزاعە هەروەک ڕۆژی یەکەمی کردنی ئەم پرسیارانە گەرم و داخە، وەک بڵێ خودا خۆی نایەوێت ئەم تەندوورە بکوژێتەوە و هەر خۆشی باروتی ئەم تۆپخانەیە دابین بکات تا گەرمی باسی خۆی تاوێک نەسرەوێ، بە قەولی مەولاناخالید چ لە مزگەوت و چ لە بتخانە باس باسی خۆی بێت، گرنگ نییە یەکێک بڵێ هەیت ئەوی دیکە بڵێ نییە، گرنگ ئەوەیە باسەکە باسی خۆی بێت:
هەم جە مەساجید هەم جە بتخانان
مۆئمین و کافر ثەناو موانان
پرسیارێک کە ئێمە نایکەین ئەوەیە خودا چی نییە، یاخود خودا کێ نییە؟ بۆچی؟ چونکە ئێمە لەنێو پارادایمی مەوجوداتەوە نەوەک وجودەوە لە بوون و خودا و هەموو شتێکی دیکە دەڕوانین، و لە پارادایمەشدا لەو وەڵامانەی کە دەستمان کەوتوون شتێکی زیاترمان چنگ نەکەوتووە و ناکەوێت.
مەحاڵە تۆ ڕێگای بەغدا بگریتە بەر بەڵام بتەوێت بگەیتە ئێستانبوڵ. پرسیارەکانی ئێمەش لە باسەکانی خودا دەقیق هەر وەک ئەو نموونەیەن، کاتێک ئێمە دێین لەناو پارادایمێکی چوارچێوە بۆکێشراوەوە پرسیار لە دیاردەیەکی بە حیساب خۆمان لە چوارچێوە گەورەتر دەکەین بەڵام چاوەڕێی وەڵامگەلێکی دەرەوەی ئەو پارادایمەین ئەمە ئیدی دەبێتە موغاڵەتەتەیەکی تەمام عەیار.
هەندێک هەن پێیان وایە چونکە پرسیارەکانی ئێمە سەر بەدونیای عەقڵن، عەقڵیش لەناو پارادایمی مەوجودناسیدا نەک وجودناسیدا دەجووڵێت و لە ماهییەت دەکۆڵێتەوە و پێناسە و سنووربەندی عەقڵیی بۆ دادەنێت بۆیە ئێمە نابێت بەم پارادایمەو ئەداتەکانی دەستییەوە لە خودا بکۆڵینەوە. هەندێکی دیکە پێیان وایە مادەم ئێمە دەبێت ئەو بناسین و بۆ ئەم ناسینەش کەرەستەیەکی مەعقولتر و ڕوونتر لەعەقڵمان پێ نییە ئەوا هەر دەبێت بەو کەرەستانە بیناسین خۆی گوایە داوێتی پێمان و لەم بوارەشدا بە داوەرییەکانی ژیری ڕازی بین.
لەسەرێکی دیکەوە ئیمانوێڵ کانت دژی ئەم دووبۆچوونە هەردووکی بوو. ئەو پێی وابوو لەڕێگای عەقڵەوە ئێمە ناتوانین نە یار نە نەیاری ئەم باسە بین. کانت ئەم تێزە ناو دەنێت ئانتینۆمی Antinomy، ئانیتنۆمی بەمانای ئەو کێشە و جەدەل و ئارێشانە دێت کە دوولایەنەن. کانت فەیلەسوفێک بوو دژی ئەوەبوو ژیری بچێتە جەدەلە مێتافیزیکییەکانەوە.
بە زمانێکی سادە کانت دەڵێت کائینێکی وەک ژیری بۆچوونە نێو ئەم شوێنانە درووستنەکراوە. لە پەڕتووکە گران و بەناوبانگەکەی ڕەخنەی پەتی زەیندا دەڵێت: کرداری عەقڵاندن التعقل تا ئەو شوێنە عەقڵانییە کە سنوورەکانی ژیری ڕەچاو دەکات و نایانبەزێنێت، کە باسەکە لە سنووری ژیری دەرچوو ئیدی ئەو کارە بەعەقڵانی لەقەڵەم نادرێت، بە بۆچوونی کانت سەلماندن یا ڕەتکردنەوەی بوونی خودا شتێکی مەعقول و عەقڵانی نییە:
Reason is never more reasonable than when it refrains from reasoning about things beyond reason.
کانت پێی وابوو چوار دیاردەهەن لەسەرەتای درووستبوونی عەقڵەوە تا دوا عەقڵی سەر ئەم ئەستێرەیە ناتواندرێت یەکلایی بکرێنەوە. چ ئەوانەی دژی ئەو چوار باسە دەلیل دێننەوە چ ئەوانەی لەبەرەژەوەندی ئەو باسانە دەلیلی عەقڵی دوو هێڵی تەریبن و هەرگیز ناگەنە نەتیجە و ناتوانن ئەم باسانە بەلایەکدا بخەن، ئارگیومێنت و قسەی یەکێکیان زاڵ نابێت بەسەر ئەوی دیکەدا. ئەم چوارباسەی کە کانت وەک ئانتۆنۆمی باسیان دەکات ئەمانەن:
یەکەم/کۆن و نوێیی جیهان (حدوث وقدم)
دووەم/جەبر و ئیختیار
سێیەم/ خودا
چوارەم/ عەدالەت و کێشەی شەڕ
کانت پێی وایە ژیری بۆ ئەوە درووست نەبووە دەم لەم باسانە بدات. هەربۆیە بەتەواوی مێتافیزیک لە چوارچێوەی عەقڵانییەت دەکاتە دەرەوە و پێی وایە پێویستە ئێمە لە شوێنێکدا عەقڵکاری بکەین کە بمانگەیەنێتە شوێنێک، عەقڵانیەتەکەمان کار بکات نەک لەهەمان بازنەی هەزار ساڵەدا بمانخولێنێتەوە.
من پێم وایە بۆچوونەکەی هایدگەر بۆ بوونناسی دەشێ لەم باسەدا فریامان بکەوێت، هایدیگەر چی دەوت؟ لە مەوجوودناسییەوە بگوازینە بۆ وجودناسی. پارادایمی مەوجودناسی چییەتی شتەکانمان پێدەناسێنێت نەک خودی حەقیقی شتەکان.
تەماشای ئەم نموونەیە بکە: هەموو ئەو تیۆریا و لێکۆڵینەوە زانستیانەی لەسەر تامێکی وەک شیرینی کراون لەم دونیایەدا بە هەرهەموویانەوە هێندەی خواردنی کەوچێک هەنگوین یان چەند گرامێک لە شەکر ناتوانن کەسێک لە تامی شیرینی بگەیەنن. چونکە پێناسە و تێۆریا هەمیشە باس لە چییەتی شتەکە دەکەن نەک خودی شتەکە، تامکردنی هەنگوینەکە خودە ڕاستەقینەکەی شتەکەمان پێ دەناسێنێت.
بوون یان وجودیش هەر بەم جۆرەیە، ئێمە دەتوانین لەڕێگای مەوجووداتەوە لە چییەتی وجود تێبگەین، بەڵام خودی وجود لەڕێگای مەوجوداتەوە پێناسە ناکرێت، ئەوەی تەعریف دەکرێ هەروەک هەنگوینەکە ماهیەتەکەیەتی نەک خودی شتەکە وتامەکەی.
لە کەلامدا قسەیەک هەیە دەڵێت التعریف بالماهیة و للماهیة واتە پێناسە بە چییەتی و بۆ چییەتییە، بەڵام وجود خودی بوونە.
کێشەی هەرە گەورەی ژیری ئەوەیە بە پارادایمی مەوجوودناسییەوە لەخودا نزیک دەبێتەوە، لەکاتێکدا لەسەرەتاوە پێشگریمانەی ئەوەمان هەیە کە خودا مەوجود نییە لیس کمثله شیئ. لەڕاستێدا دۆخی خودا هاوشێوەی دۆخی کاتە Time ە بۆ ئێمە. گەر دونەفەر لەشوێنێکدا بن خودا نابێتە سێهەمیان، بەڵکوو هاوشێوەی ئەو کاتەیە کە دەوری ئەو دوو کەسەی داوە.
بۆ تێگەیشتن لە خودا ئێمە دەبێت دەستکاری پارادیم و پێشگریمانەکانمان بکەین. نابێت خودا و بیرکردنەوەی خودایی و زانستی خودا وەک خۆمان و بیرکردنەوەی خۆمان و زانست خۆمان بزانین. ئافەتی تێگەیشتن لەخودا لێرەوە سەرهەڵدەدا، ئێمە خودا وەک خۆمان تەماشا کەین، خودا وەک مرۆڤ چاو لێکەین ئەنثروپۆمۆرفیستیانە لێی بڕوانین. لەکاتێکدا خودا هەرگیز وەک ئێمە تەماشای دونیا و بوون ناکات. کاتێک فریشتەکان ئادەمیان دی و خودا پێی گوتن سوژدەی بۆ بەرن، فریشتەکان بۆنی ئەو قوڕەیان کردبوو کە ئادەمی لێدرووستکرابوو، هەر لەو سەرەتایەوە هەستیان بەو فەساد و خوێنڕێژییە کردبوو کە ئادەم و نەوەکانی دەیکەن، خودایان لێ ئاگادار کردەوە بەڵام خودا چی پێ وتن؟ انی اعلم ما لا تعلمون زانستی من وەک زانستەکەی خۆتان مەپێون، من جیاواز لە ئێوە تەماشا دەکەم، بیردەکەمەوە و یاسا دادەنێم. [1]