ڕەزا شوان
کە شۆڕشی 14ی /گەلاوێژی/1958له ئێراقدا بەرپابوو، ئەوەبووعەبدولکەریم قاسم بوو بە سەرۆک وەزیرانی ئێراق و سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێراق..لە سەرەتادا ڕێ بە کاری سیای درا ئەوەبوو پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و هەموو شارەکانی کوردستاندا بارەگای کردەوە..گەلی کوردمان تا ڕادەیەکی باش هیوای بە هێنانەدی ئامانجەکانی ئەو شۆڕشە هەبوو، کە لە بەندی سێیەمی دەستووری کاتی ئێراقدا هاتبوو:العرب والاکراد شرکائ فی هذا لوطن عەرەب و کورد هاوبەشن لەم نیشتمانەدا بەڵام وەکوو دەڵێن ئەمە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەز بوو..بە پراکتیکی جێبەجێ نەکرا. عەبدولکەریم قاسمیش هەر هێندە خۆی قایم کرد و دەستوپێوەندەکانی بەالزعیم الاوحد تەنیا سەرۆک ناویان دەبرد، لە خۆی باییبوو، بە پێچەوانەی ئامانجەکانی شۆڕشەوە، تاکڕەوانە حوکمی دەکرد و کەوتە دژایەتی کردنی ئازادی و کاری سیاسی..بە تایبەتش د ژایەتیکردنی مافە ڕەوکانی گەلی کوردمان.. ئەوەبوو هەموو بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان داخست و، کەوتنە گرتنی هەندێک لە سەرکردەکانمان و. کوردیان ناچارکرد بۆ بەرگریکردن لە خۆی پەنا بۆ چەک و شۆڕش بەرێت..ڕژێم لە پێشا کوردێکی زۆری لە سوپای ئێراق دەرکرد، بە تایبەتیش ئەفسەرە پلەدارەکان تا دەگاتە جێگری ئەفسەر و عەریفیش.هەر وەکوو چۆن لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕەگەزپەرستدا و، بە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆشەوە ، هەموو سەنگی قورسایی ستەمکردن و غەدر و تاوانکاریان خستبووە سەر کەرکووک.. کەوتنە تاقیبکردن و ترساندن و ڕاونان و گرتنی تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان لە ناو شاری کەرکووکدا. لە ساڵی 1960 دا، تۆرانییەکان بە پشتگیری بەڕێوەبەرێتی ئاساییشی کەرکووک، کە وابزام ئەو کاتە بەڕێوەبەری ئەمنی کەرکووک نوری الخیاط بوو، کە تۆرانییەکی دوژمنی سەرسەختی کورد بوو، باندێکی تیرۆریستیان دامەزراند بە ناوی الکف الاسوود دەستی ڕەش بۆ کوشتنی کورد لە ناو شاری کەرکووکدا، یەکێک لە ئەندامانی ئەو بانده حوسە ئاوچی ی بێڕەوشت بوو ئەوەبوو ێەکەمین کورد کە کوشتیانمحەمەد ئەمین (شەربەتچی) بوو ماڵیان لە قەڵای کەرکووک بوو .دواتریش ئەم کوردانەیان تیرۆرکردسەید وەلی کاکەیی کە (ماتۆڕچی) بوو.عەبدوڵڵا ڕەزا (کرێکار) بوو. فازیل حاجی عەلی لەیلانی (کوتاڵفرۆش) بوو هەرسێکیان خەڵکی گەڕەکی شوریجە بوون..هەروەها ماددەی تیزابیشیان پژاندە سەروچای چەند کوردێک کە بووە هۆی سووتاندن و شێواندنی دەموچاویان وکوێربوونیان، یەکێک لەوانه ئەحمەدی حاجی ڕەزا دوکاندار کە خەڵکی شۆریجە بوو..ئەم باندە کورد کوژه بە بەرچاوی ئەمنەوە تەراتینیان دەکرد و نەیاندەگرتن..ئەم کارە قێزەوەنانە و گرتن و ڕاونانی ڕۆڵەکانی گەلەکمان، بە مەبەسی ترساندن و چاوشکاندنی کورد بوو لە کەرکووکدا..بەڵام بە پێچەوانەوە کوردی زیاتر توڕە و ڕق ئەستوور کرد و زیاتریش لەسەر خەباتکردن سووربوون..دەستکرا بە ڕێکخستن و خەباتی نهێنی . عەبدولکەریم قاسمیش لەشکرێکی زەبەلاحی بێشوماری بە قورسترین چەک و جبەخانە بۆ هێڕشکردنە سەر کوردستان ئامادەکرد..چونکە ئامادە نەبوو کە بە شێوەی گفتوگو و بە ئاشتی وەڵامی داخواییەکانی کورد بداتەوە..بەڵکوو کەوتە هەڕەشەکردن..بۆیە تا دەهات باردۆخەکە بەرەو خراپتر دەبۆوه. جەماوەری گەلەکەمان دژ به و سیاسەتە شۆڤێنیەی قاسم ، بۆ گوزارشتکردن لە تووڕەیی و ناڕەزاییان بڕیاریان دا، کە لە سەرانسەری کوردستاندا، لە ڕۆژی 6ی /ئەیلوولدا مانگرتنێکی گشتی بکرێت.. تەمەنی من ئەو کاتە، تازە پێم نابووە پانزە ساڵییەوە..ماڵمان لە گەڕەکی شۆڕیجە بوو کە حکومەت بەم گەڕەکەی دەوت (سەری مارەکە) . ئەندامی ناوچەی کەرکووکی یەکێتی قوتابییانی کوردستان و یەکێتی لاوانی کوردستان و تازەش ببوم بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان. ( لە ساڵی 1965دا، وازم له سیاسەت هێنا، بەڵام وازم لە کوردایەتی نەهێنا و تا دوا هەناسەشم وازی لێناهێنم..لەپێناوی کورد و کوردستاندا ئەوەی پێم کرابێ کردوومە..چیشم پێبکرێت درێغی ناکەم و دەیکەم و بە ئەرکی دەزانم..) با بێینە سەر باسکردنی مانگرتنەکەی« ڕۆژی 6ی/ئەیلوولی/1961» له کەرکووکدا..بە ڕێگای پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو ڕێکخراوە پیشەییەکانەوە، چەند ڕۆژیک لەوە پێشتر هەموو جەماوەری گەلەکەمان لەمانگرتنەکە ئاگادارکرانەوە..لە ڕۆژی نابراودا مانگرتن دەستی پێکرد..هەموو دوکان و گازینۆکان نەکرانەوە، کەس بۆ ئیش و دایرەکان نەچوون، هەموو لە ماڵەوەدا مانەوە.شارخامۆش بوو. کورد وتەنی گوێت لە جریوەی چۆلەکەش نەدەبوو..گەرچی حکومەت لەوە پێشتر ئاگادار بوو ، بەڵام نەیتوانی بەر لەم مانگرتنه بگرێت..گەلەشمان یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی خۆی بە ناحەزان سەلماند. ئەو مانگرتنە و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد هێندەی تر داخیکردە دڵی عەبدولکەریم قاسم و نۆکەر و دەستوپێوەندە هاندەرەکانی..لە «9/9/1961»دا فرۆکە جەنگییەکانی ئێراق بە زۆری مێکی ڕووسی بوون چەندین ناوچەی کوردستانیان بۆمباباران کرد ..هەر ئەو کاتەش حکومەت جاشی بەکرێگرت.بۆ دووبەرکی نانەوە و کوشتنی کرد بە کورد..کوردیان ناچارکرد بۆ خوپاراستن و بەرگریکردن چەک هەڵگرێ و لەپاڵ خەباتی سیاسیدا خەباتی چەکداریش«شۆڕش»دەست پێبکات و، هێزی پێشمەرگە دابمەزرێنێ و بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستانمان بکات.
ئەوەبوو لە بەیانی زووی ڕۆژی «11ی/ئەیلوول/ی 1961»دا، ئەو لەشکرە گەورەیەی ڕژێمی قاسم، بە مەبەستی تۆقاندن و سەرکوتکردنی گەلەکەمان بە پاڵپشتی چەندین فرۆکەی تازەی شەڕکەر، له شاری کەرکووکەوە بەرەو سلێمانی کەوته ڕێ.. پێشمەرگە قارەمانەکانی « چەمی ڕێزان و بنکەی شوان و بنکەی جەباری» لە دامێنی دەربەندی بازیاندا..لە بەری شیوەسوور و لە نزیکی بەردەقارەماندا، ڕێیان له و لەشکرە گرت..شەڕێکی زۆر سەخت ڕوویدا.. ئەوە یەکەمین شەڕ بوو لەنێوان کورد و سوپاکەی عەبدولکەریم قاسمی دیکتاتۆردا..هەر ئەو ڕۆژەش بوو بە ڕۆژی سەرهەڵدانی «شۆڕشی ئەیلوول» کە تا ئێستا بە گەورەترین و بە درێژترینی شۆڕشەکانی هاوچەرخی گەلەکەمان دادەنرێ ، بۆیه شایانی ئەوەیە کە بە «دایک شۆڕشەکانی کورد» ناوزەند بکرێ.. یەکەمین شەهیدی نەمری ئەم شۆڕشەشمان هەر له و شەڕەی دەربەندی بازیاندا شەهید بوو، ناوەکەیم لە یاد نەماوە، تا ساڵی 1963یش گوڕەکەی لە نزیکی شارەدێی تەکیە لە لای ڕاستی شەقامی سەرەکی کەرکووک سلێمانیمابوو.بەڵام دواتر ڕژێمی ڕەگەزپەرستی بەعس، بە شۆفڵ تەختیان کرد..هەر له و شەڕەشدا کاکعادیل عیزەتی ڕابەری سیاسی بنکەی جەباری بە سەختی برینداربوو ..لە ڕۆژی «13/9/1961»یشدا فرۆکەکانی قاسم ، شارەدێی بارزانیان بەخەستی بۆردوومان کرد.فرۆکەکانی قاسمی دیکتاتۆر بە ڕۆکێتی کاولکەری «ناپاڵم»ی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی، زۆرناوچەی کوردستانیان بۆردومان و کاولکرد..کەواتە شۆڕشی ئەیلوولی مەن، لە کەرکووکەوە یەکەمین چەخماخەی لێدا..بەشێکی زۆری دەسکەوتەکانی ئەمڕۆشمان لە سایەی ئەو شۆڕشەدا هاتنەدی.
هەر لەم یادە مەزنەی گەلەکەماندا. حەزدەکەم بیرەوەرییەکی خۆم و برای نووسەر و ڕۆژنامەنووسم کاک«عەبدولوەهاب تاڵەبانی کە ئێستا لە ئوسترالیا دەژی» باسبکەم لە پێش مانگرتنەکە ، سکرتاریەتی یەکێتی قوتابییانی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایی و ئیدانەنەکردنی لە دژی نیاز گڵاوی و سیاسەتە چەوتکەی قاسم و گرتن و ڕاونانی تێکۆشەرانی گەلەکەمان و پەشیمان بوونەوە لە جێبەجێکردنی ئەو داخوزییانەی گەلەکەمان داوای کردبوون دەرکرد..داوایان لە من و برای بەڕێزم کاک عەبدولوەهاب تاڵەبانی کرد، کە شه و لە بەری گەورەی شاری کەرکووکدا، بەیاننامەکە بڵاوبکەینەوە و وریاشبین کە نەگیرێین. بڕوابکەن هێندەمان پێخۆشبوو..واماندەزانی کە گەورەترین خەڵات کراوین و ئەم ئەرکەیان پێسپاردووین..ئەوسا دوو مێردمنداڵی خوێنگەرم و سەرکیشی کورد و کوردستانپەروەری زۆر بێباک و ترسنەزان بووین..ژمارەیەکی زۆری بەیاننامەکەمان هەڵگرت و لە کاتژمێری یانزەی شەودا بوو، لە شۆڕیجەوە بە ڕه و گەڕەکی موسەڵا و بەری قەڵا ڕۆییشتین.ئەوبەری خڕی خاسە بە ئێمە نەسپێررابوو، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە سەرکێشیان کرد و لە پردی دووەمیش پەڕینەوه..چوینە بازاڕی هاوچەرخەوە بازاڕی زێڕنگەرەکان چەند دانەیەکی بەیانەکەم خسته ناو سەندوقی پۆستی سەرەکی کەرکووک، ئەو دوکانانەش کە دەمزانی خاوەنەکانیان حەز لە کورد ناکەن ، لەژێر دەڕابەی دوکانەکانیانەوە هەریەکە دانەیەکی بەیانەکەم خستە دوکانەکانییانەوە..ئینجا لە بەردەم گازینۆی مە جیدییە و یانەی فەرمانبەران و بەردەم دایرەی پۆلیس و نزیکی دایره ی ئەمن و سەر پردی دووەم و لە بەری قەڵادا، بەشێکی زۆری بە یاننامەکەمان بڵاوکردەوە..گەڕاینەوە بۆ گەڕەکی موسەڵا، من و عەبدولوەهاب زمانی تورکمانی دەزانین، چوینە بەردەم قوتابخانەی موسەڵا ، عەبدولوەهاب کارگوزارەکە فەڕاشەکەی ی به پێکەنین و قسەکردنەوە خڵافان..منیش بە بیانووی ئاوخواردنەوە، چوومە ژوورەوە، لە ناو تابلۆی ئاگاداری «لوحە الاعلانات »دا دوو دانەی بەیانەکەم هەڵواسی..لەبن دەرگاشەوە سەرو دانەم کردە ژووری به ڕێوەبەرو مامۆستایان، ئەوەشی پێمان مابوو لە بەردەم گازینۆی موسەڵا و باخچە خڕەکەیدا بڵاومان کردنەوە..لە گەڕانەوەمان بۆ ماڵەوە سەیارەیەکی پیکابی سەوزی پڕ لە پۆلیس «موسەلەحە» زۆر بە خێرایی بەرەو شۆڕیجە دەهات..بەڕاکردن خۆمان کرد بە کۆڵانەکانی گەڕەکی پریادیدا..لە کاتژمێری سێی سەر لە بەیانیدا زۆر بە دڵخۆشییەوە گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە..بۆ بەیانیەکەی خەڵکی باسی ئەوەیان دەکرد کە یەکێتی قوتابییانی کوردستان ئەم شه و بەیاننامەیەکیان لە هەموو کەرکووکدا بڵاوکرۆتەوە و، دەستی پۆلیس و ئەمن کەوتووە ..ئەگەرچی لەوەدواش گەلێ ئەرک و کاری سەرکێشی ترو مەزنترمان ئەنجامداوە..بەڵام ئەو کارەمان له و تەمەنە و، له و کاتە هەستیارەدا، بیرەوەرییەکی خۆش و نەمره بەڵامانەوە..وا بزانم کە کاک عەبدولوەهاب تاڵەبانی خەریکی نووسینی بیرەوەرییەکانێتی، بیرەوەریی ئەم شەوە هوبەشەشمانی تۆمار کردووە، ڕەنگە ئەو مێژووی ئەو شەوەی لە یاد مابێ. ڕەزا شوان.[1]