کوردیلە چاوگەش و دڵپاک و ڕوحسووکەکانی ئەمڕۆمان.. نەوەی داهاتووی کوردستانن. چارەنووسی کورد و داهاتووی کوردستان بەندن ، بە ڕادەی بە تەنگەوەهاتنمان و به ڕاستی و بە درووستیی پەروەردەکردن و، فێرکردن و، ڕێنمایکردن و ، ئاڕاستەکردنی منداڵەکانی ئەمڕۆمانەوە . ئەم ئەرکە پێویست و پیرۆزەش لە ئەستۆی هەموومان دایە ، ئەرکی حکومەت و، هەموو دامودەزگاکان و ، کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و . منداڵپارێزی کوردستان و ، ئەو ڕێکخراوانەش کە داکۆکی لە جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان و چاودێریی پێشێل نەکردنیان دەکەن.. ئەرکی هەموو دڵسۆز و خەمخۆرێک و خوازیارێکی داهاتوویەکی باشتر و شیاوتره بۆ کورد و کوردستان.. بە تایبەیش خێزان و قوتابخانە و ڕاگەیاندنەکانی کوردستان، دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەریان لەم ڕووەوە هەبێت.
خۆ ئەگەر منداڵەکانمان پشتگوێ بخەین و بیان دەینە دەست قەزاوقەدەر، لەوانەیه لاڕێ ببنەوە یا کەسان و لایەن هەبن پاکیی دڵە قنجەکانیان بقۆزنەوە و، لە ڕێ دەریان بکەن، بۆ مەرامێکی تایبەتیی خۆیان بەکاریان بهێنن، بێ ئەوەی منداڵانی دڵساف لەوە بگەن کە ئەنجام بەچی دەگات.. مرۆڤ و هاووڵاتیی سەقەت و چەوتیان لێ دێتە کایەوە..ئۆباڵی ئەم
ئاکامەش لە ئەستۆی هەموومان دایە.. هەمووشمان باجی ئەم دەرئەنجامە ئەدەینەوە.
هەروەکو لە بەندی یەکەمی جاڕنامەی مافەکانی منداڵ دا هاتووە، کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە « 20 ی نۆڤەمبەری 1989» دا دەرچووە.. وا ڕاڤەی منداڵ دەکات ، منداڵ هەر مرۆڤێکە کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر بێت .. یەکێکیش لە بەندە گرینگەکانی ئەو جاڕنامەیە.. ئەوەیە کە پێویستە منداڵان لە ململانێی چەکداری بپارێزرێن و ، لە شەڕ و ئاژاوە دوور بخرێنەوە و ئەزێتیان پێ نەەیەنن.
بە داخەوە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان دا، بە سەدان منداڵانی ناسک و جوان، لەلایەن هەندێ لایەنەوە خزێنراونەتە نێو ئەو خۆپیشاندانانەی کە تا ئەمڕۆش دێژەیان هەیە.. زۆربەی ئەو منداڵانە تەمەنیان لەنێوان ( هەشت تا هەژدە ساڵانە ) زۆریشیان دایک و باوکیان ئاگایان لێیان نییە و ، پرسیان پێ نەکراوە..زۆربەی ئەو منداڵانەش نازنن کە بۆ خۆپیشاندان دەکرێ ، ئەو لایەنانە دڵپاکیی ئەم منداڵانەیان قۆزتۆتەوە بۆ چەند مەرامێکی سیاسیی خۆیان.. فێری بەردەباران و ئاگرتێبەردان و شکاندن و جوێندانی ناشیرینیان کردوون وەکوو بڕووخێ ، بمرێ، بسووتێ و، بڕۆ...هتد. فێری توندوتیژی و دوژمنایەتی و ڕق و قینیان کردوون ، فیری نەسازان و قبووڵ نەکردنی یەکتریان کردوون، فێری گڕ تێبەردانی دامودەزگاکانیان کردوون ، فێری سووتاندنی ئۆتۆمبیل و سامانی کوردستانیان کردوون.. فێری سیاسەتبازی و حیزبایەتی و لایەن لایەنی و دووبەرەکی و دە بەرەکییان کردوون. لە خوێندن و قوتابخانه و لە خەونە خۆشەکانیان و جیهانی وەنەوشەییان و، لە یارییەکانیان دوور کەوتوونەتەوە، لە جیاتی گۆڵباران و چەپڵەڕێزان ، فێری بەردەباران و گڕتێبەردان و ڕێگرتنیان کردوون.. ئەولایەنانه لە خۆ پیشاندانەکان دا ، منداڵان پێشی خۆیان دەخەن و هانیان ئەدەن ، کە ملبنێن و نەگەڕێنەوە ، ئەوەیان فێردەکەن که ئێوە هەڵدەکەوتنە سەر دوژمنەکانتان و دەستیان لێ مەپارێزن.. بەڵام کێن ئەو دوژمنانەی بەرانبەریان ؟ ئایە ئەو پۆلیسانە کورد نین و، ڕۆڵەی ئەم کوردستانە نین ؟.. بەشداری پێکردنی منداڵان لە خۆپیشاندان و ڕێپێوان دا هەڵەیە و، پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانە.. بێگومان ئەم هەڵانە لە داهاتوودا ڕەنگدانەەیەکی نێگەتیڤیان دەبێت و، زیان بە تاک و کۆمەڵی کۆمەڵگەی کوردیمان دەگەیەنن..چونکە: « چی بچێنین .. ئەوە دەدوورینەوە »
شەهید بوونی دوو منداڵی بێ تاوانی کوردمان، هەڵوەرینی دوو چرۆی نە پشکووتوومان لە سلێمانی و لە چەمچەماڵ دا، کە تەمەنیان شانزه ساڵان و یانزە ساڵان بوون، ئەم دوو جوانەمەرگە شەهیدەمان بەڕاستی شەهیدن چونکە بوونە قوربانیی هاندانی یا ڕێپێدانی لایەنێکی گوێنەدەر بە مەترسییەکانی کاردانەوەی ئەم هەڵانە لە ژیان وسۆز و دەروونی سەرجەم منداڵانی کوردستان دا بۆیە تاوانبار و کوشتاری ئەم دوو جگەرگۆشەیەمان ، لە ئەستوی هاندەران و گوللەباران کەراندایە .. تف و نەفرەت له و لایەنانەی بێت کە منداڵان فێری بەردباران و توندوتیژی و دوژمنایەتی دەکەن .. تف و نەفرەت له و کەسانەش بێت کە لوولەی تفەنگەکانیان لە کورد دەکەن و، چرۆ و خونچەی کوردمان هەڵدەوەرێنن.. تف و نەفرەت لە شەڕخواز و دووبەرەکیخواز و لە باڵتەچی و ناحەزانی کورد و کوردستان بێت. هیوادارین خوێنی پاکی ئەو دوو کوردیلە جوانەمەرگەمان ببێتە هەوێنی ئاشتی و ئاشتبوونەوە ، ببێتە مایەی شەرمەزاریش بۆ ئەوانی کە بوونە هۆی شەهیدبوونیان ، چ ئەوانەی هاندەریان بوون ، چ ئەوانەش کە تقەیان لێکردن.
ئەوانەی لە دەروەی کوردستان دا دەژیین ، هەموویان ئەوە دەزانن کە کە لە وڵاتانی دەرەوەدا ، منداڵان لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵییەوە ، لە خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان دا بەشداری ناکەن . ئەو خۆپیشاندانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بێت یا خۆپیشاندانێکی هێمنانە داخوازیش بێت .. بەڵکوو تەنانەت بۆ شایی و ئاهەنگی موزیک و گۆرانی و هەڵپەڕکێش دایک و باوک ، منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان دا نابەن.. منداڵان لەژێر چاودێریی کەسانێکی پسپۆر و پرۆفیشیناڵ لە ئارەزوو و حەز و خواستەکانی منداڵان دا ، ئاهەنگی تایبەتیی شیاویان بۆ سازدەکەن کە لەگەڵ تەمەنیان دا بگونجێت .. ناشهێڵن منداڵان سەیری ئەو فیلم و کاسێت و دراما تەلەڤزیۆنییانە بکەن ، کە شەڕ و کوشتن بڕین و توندوتیژی و سەرکێشی و دیمەنی ئەوینداریی نەشیاویان بۆ منداڵان تێدابێت .. خۆزیارین کە ئێمەی کوردیش بەم شێوە ڕاست و درووستە منداڵەکانمان پەروەردە بکەین و ڕایان بهێنین و
ڕێنماییان بکەین..نەک فێری توندوتیژی و بەردباران و گوللەباراان و جوێندانیان بکەین.
ڕەزا شوان / سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد نەرویج / 28/ 2/ 2011.[1]