د. #خەلیل ئیسماعیل محەمەد#
بێگومان ئەوهەلومەرج و بارودۆخەی بەهۆیەوە بەرپرسانی (UN) بۆ بڕیارو کارەکان دەجووڵێنێ، پێش هەموویان ئەمینداری گشتی ئەو ڕێکخراوە، کە ڕۆڵی خۆی هەبووە لە دەرکەوتنی ئەو ئەنجامانەی لە ڕێی کارو چالاکییەکانی سەرزەمین و واقیعەوە بە دیار دەکەوتن.
نوێنەری پێشووی ئەمینداری گشتی Un کە بەڕێز (دی مستۆرە) بوو، لەلایەن ئەو جەمسەرانەی پێوەندییان بە ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە هەیە، بەرەنگاربوونەوەی نائاسایی تووش دەهات هەر لەو کاتەوەی ئەم بەڕێزە پێی خستە سەر خاکی ئێراق تا کۆتایی هاتن بە ئەرکەکانی و دامەزرانی وەک نوێنەری ئەمینداری گشتی Un لە ئەفغانستان، سەرەڕای سووربوونی ئەو لایەن و جەمسەرانەش لەسەر هاریکاری کردنی، چ بە خۆزیاری ورەزامەندی خۆیان بووبێت، یان لەناچاریدا! چونکە دی مستورە بەرزترین ئەنجوومەنێکی نێودەوڵەتی بوو، کە لەرووی یاساییەوە لەناو ئێراقدا دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی خۆی هەبوو بەپێی بەندی حەوتەمی تایبەت بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەیتوانی دەسەڵاتەکانی بە کار بهێنێ. بەپاڵ ڕووداوە گڕگرتووەکانی ئێراقەوە و لەگەڵ هەڵایسانی کردەوە تیرۆریستییەکان کە لە بەراییدا کردەوەیەکیان بووە هۆی کۆتایی هێنان بە ژیانی ئەمینداری گشتی پێشووتری UN لە بەغدا. هەروەها لە بەر ڕۆشنایی ئەو حاڵەتانە، پێویستە لە هەڵسەنگاندنمان بۆ ڕۆڵی UN ئەرکی سەرشانی (دی مستۆرە) بەرز بنرخێنین، بەتایبەت هاتووچوونی بەڕێزیان لەپێناوی چارەسەری کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، هەمان ئەو هاتوچوونەی شاندی «لیژنەی کۆمەڵەی گەڵان» ی ساڵی 1924 دێنێتەوە یادمان کەلەسەر «زەوی و زارە ناکۆکی لەسەرەکان» مەبەستمان لە ویلایەتی موسڵە، بە ئامانجی چارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنان بەو کێشانەی نێوان هەردوو حکومەتی بەریتانی و تورکی ئەو کات بۆ ئەو ویلایەتە ئەو لیژنەیە دامەزرابوو. ڕووبەری ئەو شانۆیەی دی مستۆرە لەسەری دەجووڵایەوە بەرفراوان و تژی بوو بە ڕووداوو پێشهات، هەروەها ئەکتەرەکانیش، فرە ئامانج و ئاڕاستە بوون، چ لەسەر ئاستی دین و مەزهەبی یان لەسەر ئاستی ئەتنی، شارەکانی هەولێرو کەرکووک و سلێمانی و موسڵ و لەپاڵیشیاندا بەغدا، چەندین وێستگەی سەردانەکانی وی بوون، هەروەها چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ توێژە جیاوازە فەڕمی و نافەڕمییەکانی دەوروبەر بە کەسایەتی میللی و ئەکادیمییانەوە..لەو ڕووبەرەدا کۆدەبوونەوە، شەرەفی بانگهێشتی یەکێک لەو چاوپێکەوتنانەم بۆ ئامادەبوون پێ بەخشرا چ لە ناوچەی سەوزی بەغدا یان لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری هەولێر لەنێوان (نیسان- تەمووز) ی ساڵی 2008 زایینی، لەوێ دی مستۆرە پێداگیری دەکرد و بە ئارامییەوە گوێی ڕادەدێراو بە جدیەتەوە گفتوگۆی لەگەڵ هەمووان دەکرد، هەموو ئەو جیاوازییە فراوانەی نێوان هۆز و تیرە و توێژەکانی لەبەرچاو دەگرت و لەلایەکی تریشەوە فشارە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانیشی لەپێش چاو بوو.
دی مستۆرە ئێراقی جێنەهێشت و نەچووە ئەفغانستان تا جێ پەنجەی خۆی لەسەر ئامانجەکانی ئەم ماندووبوونەی جێ نەهێشت، لەو ڕاپۆرتەیدا کە بەناوی خۆیەوە ناسراوە، لەلایەن هەموو لایەن و جەمسەرەکانی تایبەت بە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان گفتوگۆی لەسەر کراوە و لە پێشی هەمووشیانەوە سەرکردایەتییەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراقی پێوەندیدار بەو مەسلەیەوە
وێڕای ئاماژەدانی بەردەوامیان بە ڕاپۆرتەکەی (دی مستۆرە) و سەرنجەکانی بەرپرسانی هەرێم لەسەریان، بەڵام هەندێ ڕەگەز و خاڵی ئەرێنی تێدایە، باشترە لێرەدا ڕوونیان بکەینەوە:
1- لە ڕاپۆرتەکەدا یەکەکانی بەڕێوەبردن دەستنیشان کراون کە بە تێڕوانینی دی مستۆرە ناوچەکانی جێی ناکۆکین و ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، ئەمەش بۆ یەکەمینجار بە فەڕمی ناویان هات، چونکە ئەم دە ستنیشانکردنە لە مادەی 58ی یاسای بەڕێوە بردنی کاتی دەوڵەتی ئێراقی کە لە ساڵی 2004 دەرچووە باس نەکراوە، تەنانەت لە مادەی 140ی دەستووری ساڵی 2005یش ئاماژەیان پێ نەدراون، ئەمە بە واتای، ڕاپۆرتی دی مستۆرە توانیویەتی بەربەستێکی گەورە هەڵگرێ لەو بەربەستانەی کە جێی گفتوگۆ و شەنگەبێژی درێژخایەنی لایەنەکان بووە و پێوەندی بە جوگرافیای ناوچەکانی جێی ناکۆکییەوەن.
2- هاتنە ژوورەوەی UN بۆ سەر هێڵی گفتوگۆی نێوان لایەنە پێوەندارەکانی کە ئەرکی جێبەجێکردنی مادەی (140) یان لە ئەستۆدایە، دانانی ڕاپۆرتێک بەم قەبارە و گرنگیدانە، بێگومان ددانپیانانێکی ڕوونە لەسەر ڕەوایەتی داواکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەسەر ناوچەکانی جێی ناکۆکی..بەمەش گۆڕانێکی ئەرێنی بەو بابەتە دراوە و، ئەو ماددەیە جگە لە بایەخە دەستوورییەکەی ڕەهەندی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت.
3- ڕاپۆرتەکە بەبێ دوو دڵی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەو زوڵم و زۆرەی لەگەڵی کورد کراوە لە کوردستانی ئێراقدا، بەتایبەت لە ناوچەکانی جێی ناکۆکی لەسەر، ئەمەش لە ئاکامی سیاسەتی بە عارەب کردن، چ لە ڕێی کردەوەکانی ئەنفال، یان هەڵمەتەکانی کۆچپێکردن و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییو پاکتاوی ڕەگەزی. ئیعترافێکی ڕاستەوخۆیە بە بوونی کورد لەو ناوچانەدا بە شێوازێ واقیعی بوونی کوردان لەو شوێنانە پاڵی ناوە بە حکومەتەکانی پێشوو تا پلان و بەرنامەی ستراتیژی دابڕێژن بۆ لەناوبردن و دەرپەڕاندنی بوونی کورد بۆ خاتری بەرژەوەندی پێکهاتەکانی تری ناوچەکە..
پوختە و کۆی سەرنجەکانمان لەسەر ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیەیە:
1- ئەو ڕێکەوتنە سیاسیانەی لە زۆر شوێنی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لە دەروازەی بێ توانایی و نەتوانینی گەیشتنە چارەیەکی دادوەرانەیە کە پشت بە بەڵگەنامەکانی واقیعی بوونی سەر زەوین ببەستێ.
2- خۆ لە گێلی دانی ڕاپۆرتەکە لەسەر ئاکامە خراپەکانی دیموگرافی کە پێشتر بەهۆی سیاسەتی بە عارەبکردنەوە ناوچەکانی جێی ناکۆکی لەسەرەکانی شێواندووە، وێڕای ئیعتراف کردن بە ئاماژە و قۆناغ و ڕەهەندەکانیشی.
3- ڕاپۆرتەکە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کاتێ لەو بڕوایەدابووە زۆربەی کوردی فەیلی حەز بە چوونە پاڵ حکومەتی هەرێم ناکەن، لەکاتێکدا فەیلیەکان بەشێکی ڕەسەن لەناو گەلی کوردا پێک دەهێنن، وەک تیرە و هۆزەکانی تری ئەم گەلە ڕووبەڕووی ڕاگواستن و کۆچپێکردنی زۆرە ملی و توانەوەی ئەتنی بوونەتەوە وەک لە ڕاپۆرتەکەشدا زیاتر لە جێگەیەک لەسەر ئەم زوڵمەی لێیان کراوە دەدوێت..
4- ئەو پێشنیازانەی ڕاپۆرتەکە لەسەر داهاتووی کەرکووک پێشکەشی کردووە تاک جەمسەرانەیە، خۆ لە گێلدانێکی تێدایە سەبارەت بەو پەرت بوون و دابەشکردنەی لەیەکە ئیدارییەکانی ئەو شارەدا ڕوویان داوە کە بوونەتە هۆی گۆڕینی دیموگرافی دانیشتووان بەهۆی هەڵمەتەکانی ڕاگواستن و ئەنفال و ئامرازەکانی تری پاکتاوکردنی ڕەگەزی هەر لەنیوەی دووەمی سەدەی بیستەوە تا ڕووخانی ڕژێم، لەو پێشنیازانەدا ئەم چارەسازانەی هاتووە، بەستنەوەی پارێزگای کەرکووک بە حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستانیش لەیەک کاتدا، یان خودموختاری پێبدرێت، مانەوەی وەک پارێزگایەک و بەرفراوانکردنی دەسەڵاتەکانی، هەروەها ڕاپۆرتەکە 5 تا 7 ساڵی دەستنیشان کردووە وەک قۆناغێکی ڕاگوزاری بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی!
دواتر دی مستۆرە ڕێگەی خۆی گرت و ڕۆیشت، دی میلگرت ئەم ئەرکەی ئەوی لە ئەستۆ گرت، بەڵام ئەم بەپێچەوانەی دی مستۆرەوە، دی میلگرت کەسێکی خاوو خلیچیک بوو لەکارەکانیدا! بەرپرسیارێتییەکانی خۆی دابەش کردبوو. لە یەکەمین سەردانیدا بۆ شاری هەولێر چاوی کەوت بە ژمارەیەکی دیاریکراو و لەو کەسایەتیانەی پێوەندیدار بوون بە ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان، منیش یەکێکیان بووم بەڵام لەو چاوپێکەوتنەدا دانیشتنەکە لە بازنەی موجامەلات دەرنەچووە دەرێ!
ئەمەش ئاماژە بوو بۆ ئەو جیاوازییەی لەنێوان خۆی و دی مستۆرەدا هەیبوو کە لە ساردوسڕی خۆی دەبینیەوە کاتێ دی میلیگرت مامەڵەی لەگەڵ گرفتەکەدا دەکرد بێموبالات بوو!
ئەم دیمەنە پڕ خەوش و چافڕینانە لە چالاکی و بزاوی نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتی UN دا دەبینرانەوە، بەشێوەیەکی کراوە بنمیچ و وادەی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 هێشتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ناڕازی بوونێ لەلایەن جەمسەرەکانی پێوەندیدار بەم کێشەیە یان لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە بخرێتە ڕوو. کەچی پێشتر بەرپرسانی هەرێم بە توندی ناڕازی بوونی خۆیان لەسەر پێشنیازی درێژبوونەوەی وادەی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی مادەکە دەردەبڕی، کاتێ دی مستۆرە بۆ شەش مانگ درێژەی کردەوە، پەڕڵەمانی کوردستانیش دواتر ڕازی بوو لەسەر ئەو پێشنیازە! بەم شێوەیە گرفتی ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان کەوتە ناو تونیلێکی تاریکەوە، هەندێ بانگهێشتی ئێرەو ئەوێی لێ دەربچێت کە داوای گۆڕین یان ڕاستکردنەوەی هەندێ بڕگەیان دەکرد، لەلایەکی ترەوە کەسانێ هەبوون زوڕنای بەسەرچوونی مادەکەیان لێ دەدا، نوێنەری ئەمینداری گشتی UN (دی میلگیرت) هەموو بایەخدانی خۆی خستبووە سەر وردەکارییەکانی هەڵبژارنەکانی ئازاری پارساڵ و زیاتر گرنگی بە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە دەدا و بایەخی کەمتری بە جێبەجێبوونی مادەی 140 دەدا، کێشەی ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکانی لە کارە پێشەنگەکانی خۆی دەریهێنابوون، ڕاپۆرتەکەی دی مستۆرەشی فەرامۆش کردبوو، لەبیری خۆی کردبووە دەرەوە! لەپێناوی سەرلەنوێ گێڕانەوەی ژیان بۆ مەسەلەی ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان و ئەکتیڤکردنی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140، لایەنی کوردی لە ڕێی لیستی هاوپەیمانی کوردستانیەوە پێداگیرییان کرد لەسەر پێویستی دەستگرتن بە ماددە دەستورییەکان و هەروەها گرنگی زیاتریان دا بە ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان لە کات و ساتی خۆیدا، ئەمەش لە دوو توێی ئەو بەرنامەیەی پێشکەشی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئازاری پارساڵیان کرد و کە پێکهاتبوو لە 19 بەند، هەمووی پێوەندی بە پڕۆسەی سیاسی لە ئێراق و داواکاریەکانی لیستی هاوپەیمانی کوردستانیەوە هەبوون.
بەڵام ڕێڕەوەکانی ڕووداوە سیاسییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی لەسەر زەمینەی واقیع لە ئێراق ڕوویاندا ئاماژە دەدەن بەوەی سەرژمێری دانیشتووان دیسانەوە دوا دەخرێتەوە و ماددەی 140 هەر لەزمنی وادەو بنمیچی زەمەنی کراوەدا دەمێنێتەوە، پڕۆژەکەی دی مەستۆرەش بەسەر ڕەفەکانەوە هەڵگیراوەو بە ئومێدی ئەوەی ڕووداوەکان فەرزی بکەنەوە و سەرلەنوێ بۆ چارەسەری ناوچەکانی جێی ناکۆکی، هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە لای ئەو پڕۆژە و پێشنیاز و ڕاپۆرتە گرنگەی بەڕێزیان..[1]