$چۆن مەسیح بە ڕەسمی کرایە خودا؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئایا ئەوە دین سیاسەت دەجوڵێنێت یان نەخێر ئەوە سیاسەتە دین دەخەمڵێنێت؟ کە مێژووی دینەکان دەخوێنیتەوە چونیەکی ئەو ڕووداوانە ڕوویانداوە لەپاش کەسی یەکەم و جیلی یەکەمی دینەکە کە ناکرێت بۆ تێگەیشتن لە سرووشتی دینەکان نادیدەیان بگرین. پاش ئەوەی پۆڵس تەعالیماتی خۆی لە ئینجیل نووسییەوە و تێیدا مەسیح و مردنی مەسیح کران بەسەنتەر بگرە بەهەموو دینەکە، دەیان جۆری دیکەی ئینجیل نووسرانەوە. یەکێ لەو ئینجیلانە ئینجیلی پیتەر یا پطرۆس بوو. لە ئینجیلی پیتەردا هاتوو عیسا دەڵێت: کڵێسا و مەعبەدی خۆتان لەسەر پیتەر درووست بکەن. لە لاتینی دا پیتەر بەمانای بەردیش دێت. کە دەڵێین نەوت پیترۆڵ Petrol واتە ڕۆنی بەرد. وشەکە لە Peter+ oil درووستبووە . جا کریستیانیەکان لێرەدا دەکەونە خیلاف، ئایا مەسیح مەبەستی بەردێک بووە کڵێسای لەسەر درووست بکرێت یا ئەو پیتەر ناوە کە هاوەڵی بووە و کردوویەتی بە خەلیفەی خۆی تا کڵێسا لەسەر تەعالیماتەکانی ئەم درووستبکرێت. کڵێسای کاتۆلیکیتا ئێستاش پێی وایە بەڵێ پیتەر خەلیفەی حەقی مەسیحە و مەبەست لێی بەرد نەبووە. ئەمە یەکێکە لەو هەزاران خیلافەی کە دەروستبووە لە پاش مەسیح.
هاتنی هەردینێک بۆ هە کۆمەڵگایەک لەسەرەتادا وەک تەقینەوەی بورکانێک گەرم و داخە، وردەوردە کاتی دەوێت تا ئەم بورکانە سارد دەبێتەوە و جێی خۆی دەگرێت. لەگەڵ ساردبوونەوەی بورکانەکە ئیدی فیرقە و مەزهەب و بۆچونە جیاوازەکان سەرڕێ دەکەون. کاتێک پێغەمبەر د.خ وەفات دەکات دەیان دەستنووسی قورئان هەن، عوسمانی کوڕی عەفان هەموویان کۆدەکاتەوە هەڵەچنیان دەکات و ئەم قورئانەی کە ئەمڕۆ لەبەردەستی ئێمەدایە لە شێوەی موصحەفدا درووستدەکات لێیان و فەرمان دەکات جگە لەو نووسخە کۆتاییە هەموو نووسخەکانی دیکە بسووتێنن، تەنیا لەسەر ئەم نووسخەیە نووسخەی دیکە بنووسرێنەوە. نەیارەکانی لەم سووتاندنەوە ئەمڕۆ پێی دەڵێن سووتێنەری مەصاحیف حراق المصاحف.
پێچەوانەی ئیسلام ڕووداوی یەکخستنی دەستخەتەکان لای کریستیانیەت زۆر دوا دەکەوێت، لە ساڵی 325 زاینی و پاش سێ سەدە لەهاتنی عیسا ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆم بەسەرکردایەتی کۆنستانتینپۆل قەیسەر کە دەچنە سەر ئایینی کریستیان ڕووبەڕووی دەیان کێشەی عەقیدەیی و شوناسی دەبنەوە. ئایینێکی پڕ لە فیرقە کە دیار نییە چ جۆرە شوناس و خەمڵیوییەکی هەیە دبێتە مەترسی بۆسەر دەسەڵات. ڕاجیایی و خیلافاتێکی زۆر درووستدەبن سەبارت بەوەی کریستیان کێییە، کامە ئینجیل پەیڕەوی لێبکرێت لەنێو ئەم دەیان ئینجیلەدا. ئەم ڕاجیایانە دەبنە مەترسی بۆسەر ئیمپڕاتۆرییەت. کۆنستانتین دەرک بە مەترسی ئەم خیلافاتانە دەکات و زیرەکانە کۆنگرەیەکی فراوان لە شاری نیکییەی نیقیەی یۆنانی کۆن ئەمڕۆ دەکەوێتە تورکیا و پێی دەڵێن ئیزنیت بە بەشداری هەموو پاپا و قەشە گەورەکانی ئەو ڕۆژەی دونیای کریستیانیەت ڕێکدەخات کە ژمارەیان 280 قەشە بوو. لە ساڵی 325ز پاش زیاتر لە شەش مانگ جەدەل و نیقاش و مشتومڕی تووند لەنێوان ئەم هەموو قەشە و پاپا ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاواییانەدا کۆنگرەکە گەیشتە کۆنووسێکی زۆر گرنگی یەکلاکەرەوە کە سنوورەکانی کوفر و ئیمانی کریستیانیەتی بەتەواوی تێدا کێشرا و ڕۆڵی کریستیانش هەر لەم کۆنگرەیەدا لەسەر بنەمای ئامۆژگارییەکانی پۆڵس وەک کوڕی خودا یا لۆرد Lord یەکلایی کرایەوە. دواتر لە ساڵی 381 کۆنگرەیەکی دیکە بەستراو لەگەڵ هەندێ زیادکردن بۆی جەخت لەسەر بەیاننامەکەی نیکییەی ساڵی 325 ز کرایەوە و لێرەوە بناغەی کریستیانیەتی ئۆرثۆدۆکسی بەتەواوی دامەزرا ئۆرتۆدۆکسەکان باوەڕیان بە کوڕێتی مەسیح نییە. خاڵەکانی نێو ئەم بەیاننامەیە ئەمڕۆ لە زۆرێک لە دوعا و سروتەکانی کریستیانیەتدا لە ڕۆژانی یەکشەممەدا لەلایەن پەیڕەوکارانی ئەم دینەوە دەخوێندرێنەوە و دەگوترێنەوە خۆیانی پێ تەڵقین دەکەن. ئیدی بەیاننامەی نیکییە بوو بە مەتنی عەقیدەی کریستیانەت لە جیهاندا.
لەنێو ئەم بەیاننامەیەدا جەخت لە سێکوچکەی خوایەتی تثلیث خودا کرایەوە مەسیح هاوشانی ڕوحی قودس تێیدا بەیەکجاری وەک ئەوەی هەندێ لە ئینجیلەکان نەک هەموویان جەختیان لێدەکردەوە کرا بە کوڕی خودا.
لەسەرەتاوە ئەم باسە باسێکی زۆر دژوار بوو چۆن دەکرێت لەم سێ کەسایەتییە خودا مەسیح ڕۆحی قودس خوایەکی تاک و تەنیا درووستبکەن؟ زانستی کریستۆلۆجی تا ئەمڕوش سەبارەت بەم باسە هەر لە مشتومڕدایە.
یەکێک لەم قەشانە کە لە کڵێساکانی ئەسکەندەرییەی میسرەوە بەشداری ئەم کۆڕبەندەی کردبوو بەناوی ئاریۆس یا ئەریەس Ἄρειος، Áreios باوەڕی بەوە نەبوو کە مەسیح کوڕی بایەلۆجی و واقیعی خودایە. ئەو دەیگوت ئەمە زیاتر شتێکی سەمبۆڵیک و مێتافۆرییە مجازییە دەنا عیسا مەخلوقی خودایە. ئاریۆس پێی وابوو کە دەڵێین عیسا کوڕی خودایە وەک ئیحترامێک بۆ شان و شکۆ و بەرزێتییەکەی ئەمە دەڵێین دەنا ئەم قسەیە میسداقیەتی واقیعی نییە. ئارێۆس جەختی لەوە کردەوە عیسا هەم مەخلوقە هەم نا ئەزەلییە، باوەڕی بە قیدەمی Eternality عیسا نەبوو، پێی وابوو حادیسە.
تا ئەوڕۆژە ئاریۆس پەیڕەوکارێکی زۆری لەخۆی کۆکردبوویەوە، بۆچوونەکانی وەک ئاگر بڵاو دەبوونەوە. کڵێسا ترسی لە بۆچونەکانی هەبوو. قەیسەری ڕۆمیش لە ئینشیقاق دەترسا. دەترسا ئەم لێکترازانە دینییە کارێک بکات دۆخە سیاسییەکەی لەدەست دەرچێت و دواتر نەتوانێت کۆنترۆڵی بکاتەوە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئاریۆسیان دوورخستەوە و دواتر لەلایەن 278 کەسی کۆنگرەکەوە تەکفیر کراو لە دین کرایە دەرەوە. هەندێ سەرچاوەی مێژوویی دەڵێن هەر بانگهێشت نەکرا بۆ ئەو کۆبوونەوەیە. ئەو بەیانە هاوبەشەش کە دەریانکرد بەتەواوی نیشانی ئەوە دەدا کە لە دژی ئارۆس و هاوبیرەکانی دەریانکردووە.
بەیاننامەکەی ساڵی 325 ئەمڕۆ هەموو مەزهەبەکانی نێو کریستیانیەت باوەڕیان وەک یەک باوەڕیان پێیەتی و لارییان لە هێڵەگشتییەکانی نییە. بەیاننامەکە دەڵێت:
من ئێمە بە خودایەکی تاک و تەنیا باوەڕم مانهەیە، بەروەردگاری موتەعال، درووستکەری ئاسمان و زمین. هەروەها باوەڕم بە کوڕەکەی خودا LORD هەیە کە هەر لە ئەزەلەوە لەو بووە ئەمان زیاتر GOD بۆ خوداو Lord بۆ مەسیح بەکار دەهێنن، من پێم وایە وشەی لۆرد زیاتر دەکاتە ڕّب ی عەرەبی.
باوەڕم هەیە مەسیح خوایەکی ڕاستەقینەیە لەخوایەک، نورێکی ڕاستەقینەیە لە نوورێک، True god from true god.
باوەڕم هەیە کە مەسیح لە خودا زاوە نەک درووستی کردبێت، هاوشان و هاوکوفی باوکە من وشەی Homoousion م بە هاوشان تەرجەمە کردووە
گەردوون و هەموو ئەوەی هەیە بەهۆی ئەوەوە هاتوونەتە بوون. ئەو بۆ ڕزگاری ئێمە لە ئاسمان هاتە خوارێ. لەڕێگای ڕوحول قودسەوە لە دامێنی مەریەمی پاکیزەوە لەشێوەی مرۆڤێکدا خۆی نواند بۆ ئێمە. ئەو خۆی کرد بە قوربانی بۆ ئێمە و لەژێر حوکمی ئیمپڕاتۆر پۆنتیەس پلاتۆس دا ئازاردرا، لەخاچ درا و دواتر کرابە ژێر خۆڵەوە. پاش سێ ڕۆژ لە قەبرەکەی هاتە دەرەوە هەروەک چۆن پەڕتووکی موقەدەس باسی لێوەدەکات ڕۆشت بۆ ئاسمان و تا ئێستا لای دەستی ڕاستی باوکییەوە دانیشتووە. باوەڕم بەوە هەیە ئەو دووبارە بە شکۆوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرزەوی، دووبارە دەبێتەوە بە حاکم و فەرمانڕەوای زیندووان و مردووان. ئەم جارە ئیدی سەڵتەنەت مەلەکوتەکەی لەناو ناچێت. منیش ئیمانم هەیە بە ڕوحولقودس، خوداوەندگار و ژیانبەخش کە لە باوک و کوڕەوە دێت و هاوشانی ئەوان حەمد و وەسف و سەنا دەکرێت للای ئۆرتۆدۆکسەکان وشەی کوڕ نییە. ڕوحول قودسێک کە لە زاری پێغەمبەرانەوە قسە دەکات و دەبێتە زمانیان. هەروەها باوەڕم بە تەنیا کڵێسای کاتۆلیک هەیە، باوەڕم بە لەئاو هەڵکێشان Babitising هەیە بۆ هەڵوەرینی تاوانەکان، هەروەها جەخت لەوە دەکەمەوە کە باوەڕم بە ڕۆژی پەسڵان و زیندووبوونەی جیسمانی مردوان هەیە و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەشم. [1]