$کلیلەکانی تێگەیشتن لە جێندەر!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
گەر بتوانیت چیرۆکێک بهۆنیتەوە و خەڵکی لەدەور کۆبکەیتەوە و وایان لێبکەیت باوڕە بە چیرۆکەکەت بهێنن، ئەوا تۆ توانیوتە کۆنترۆڵیان بکەیت. یوڤاڵ نوح هەراری
مێژووی سیاسی و ئایدۆلۆژی لەسەر ئەم ئەستێرەیەی ئێمە مێژووی سەرلەبەری بریتییە لە مێژووی هەیمەنەی چیرۆک، چوار چیرۆکی زۆر نزیکی سیاسی هەن کە ڕۆژگارێک دەیان ملیۆن کەسیان بۆ ئامانجەکانی خۆیان داوەتەبەر، دوانیان ئاوا بوون، دانەیەکیان لاواز بووە و ئەوەی کۆتایی لە گەرمەی نەشونمای خۆیدایە. چیزۆکەکان نازیزم، فاشیزم، کۆمیونیزم و لیبرالیزمن.
نازیزم و فاشیزم و تا ڕادەیەکیش کۆمیونیزم چیرۆکەکانیان بەرگەی زەمەنی نەگرت و ئاوا بوون، ئەوەی ماوەتەوە و خوایەتی بەسەر چیرۆکە سیاسییەکانی دیکەدا دەکات لیبراڵیزمە. لێرەو لەوێ ئەمیش لەلایەن ڕژێمە تۆتالیتار یا پۆپیولیستییەکانەوە لەتمەی وێ دەکەوێ، بەڵام تا ئێستا باش خۆی ڕاگرتووە و نەلەرزیوە. پێم وا نییە پۆپیولیزم بتواێت جێگا بە لیبراڵیزم لێژ بکات، ئەوەی خەتەری حەتمییە لەسەر لیبراڵیزم ئەو دونیایەیە کە لەداهاتوودا ژیری دەستکرد و ئەلگۆریتمە ماتماتیکییەکانی ئاڕاستەی دەکەن.
لیبرالیزم تا ئێستا کەمترین خراپەی هەبووە بە نیسبەت سیستمەکانی پێش خۆیەوە، چونکە لە سەنتەرەکەیدا مرۆڤ و مافەکانی داناوە. جوانترین میوەی درەختی ئینسانییەت کە دیموکراسیە لە هەموو ئەلتەرنەتیڤەکانی دیکە باشتر لەگەڵیدا هەڵیکردووە و تەبا هاتۆتەوە لەگەڵی. بۆیەکەمجارە لە مێژوودا لەژێر هەیمەنەی حوکمی سیستمێکدا مردن بە زۆرخۆری لە مردن بە برسێتی زیاترە، مردن بە دەردی پیریی و ماکەکانی درێژکردنەوەی تەمەن و هەڵکشانی تەمەن لە مردن بە نەخۆشی پەتا زیاترە. ئەمەیە ئەو بەرهەمە جیاوازەی کە لیبرالیزم لە سیستمەکانی پێش خۆی جیادەکاتەوە، هۆکاری ئەمەش تەنیا و تەنیا مرۆڤسەنتەری و مافسەنتەرییەکەیەتی.
مەسەلەکانی یەکسانی، فێمینیزم، جێندەر، پۆرنۆگرافی، فرەجەمسەری، تەنانەت هاوڕەگەزخوازی وەک ئایدۆلۆژیایەکی ساری کە ئەمڕۆ مەسەلەی گەرمی ڕۆژن، دەرهاویشتەی مۆدێرنیتە و دونیا لیبراڵەکەی زادەی مۆدێرنیتەن. لە سیستمێکی لیبراڵدا تۆ و هەستەکانی تۆ هەمیشە لەسەر حەقن، حەق ئەوەیە کە هەستەکانی تۆ داخوازی لێدەکەن. لەم دونیایەدا هەموو شتێک ڕێژەییە، پێوەری ڕێژەیی بوونەکە تۆ و هەستەکانی تۆن.حەقێکی موتڵەقی دەرەکی نییە، ئەو شتە حەقە کە تۆ پێی دەڵێیت حەق، جوانی دەرەکی بوونی نییە بەڵکوو ئەو شتە جوانە کە تۆ پێی دەڵێیت جوان، باش کاتێک باشە کە تۆ و هەستەکانی تۆبە باشی بزانن، بازاڕ هەمیشە بە گوێرەی ویست و حەز و هەستەکانی تۆ وەک کڕیاڕ دەسوڕێت نەوەک باشییە دەرەکییەکان، کاڵایەک ئەو کاتە باشە کە کڕیار پێی دەڵێت باش، مۆسیقایەک ئەوکاتە خۆشە کە تۆ پێی دەڵێیت خۆش، تابلۆیەک ئەوکاتە مانادارە کە تۆ مانای دەدەیتێ. لەم دونیایەدا مافەکان تێیدا یەکسەرە جێگا بە ئیرادە دەرەکییەکان و ئەخلاقیات و ئەرکەکان لێژ دەکەن.
گەر پێناسە کلاسیکییەکەی بۆ مرۆڤ بکەینەوە لە دونیای لیبراڵدا ئەوە دەتوانین بڵێین مرۆڤ حەیوانێکی خاوەن مافە. لیبرالیزم یەکسەرە تەنیا ماف دەبینێت، کاتێکیش تۆ شتێک لەنێو کۆمەڵێک شتدا هەڵدەگۆزی و خاسیەتێکی تایبەتی پێدەدەیت، ئەوا خۆبەخۆ کۆمەڵێک شتی دیکە هەن کە گرنگییەکەیان لەشتی یەکەم کەمتر نییە بەڵام نادیدە دەگیردرێن و پاسیڤ دەکرێن. سیتسمە لیبراڵەکان هەمیشە لەبەرانبەر مافەکاندا واجبات responsibilities و ئەخلاقیات پشتگوێ دەخەن. لەم سیستمە لیبراڵانەدا تەنانەت عەدالەتی کۆمەڵایەتیش لە بەرژەوەندی کاپیتالیزمە قەڵەوەکەیدا پاشەکشەدەکات. هەربۆیە کاتێک سیستمێک لیبراڵ دێتە نێو تۆوە وەک یەک پاکێج دێت، نەوەک هەندێکی بێت و ئەوی دیکەی تۆ بتوانیت ڕێگری لێبکەیت. خومەیینی دەیگوت چاکەکانی غەرب دێنین بەڵام ڕێگری لە بێ ئەخلاقییەکەی دەکەین. بەڵام تەماشا ئێرانی ئەمڕۆ تەواو پێچەوانەیە، دەڵێت یا نابێت ڕازی بیت بە کرانەوە، یا بەیەک پاکێج کرانەوە دێتە نێو تۆوە و دەبێت ڕازیبیت بە پاکێجەکە.
ئەوانەی لە فروعاتەوە جێندەر دەخوێننەوە و تەماشای ڕیشەی فیکری وشەکە ناکەن و ناچن بەشوێن ئەو دونیابینییە لیبراڵەدا بگەڕێن کە زادەی دونیابینییەکە و ڕیشەی وشەکەشە ئەمڕۆ بۆ دووبەرەی تەواو لایەنگیر و دژی وەک ئەوەی کوردستان دابەش دەبن. بەرەیەکیان دەڵێت جێندەر واتە هاڕەگەزخوازی و هەتیوبازی و زەواجی پیاو و پیاو، بەرەی دووەم دەڵێت نەخێر جێندەر مانای یەکسانی کۆمەڵایەتی نێر و مێ دەدات لە دابەشکردنی ئەرکە کۆمەڵایەتی کلتورییەکاندا، بەبێ ئەوەی ئەو بۆشاییە سایکۆلۆژی و بایەلۆژی و فیسیۆلۆژیانە لەبەرچاو بگرێت کە ڕووبەڕووی ئەم پرسە نوێیەی نێو دونیای لیبراڵیزم دەبێتەوە. هەردوولایان هەم ڕاست دەڵێن هەم هەڵە. پرسی لیبراڵیزم چەترێکە بۆ پرسی جێندەیزم، پرسی جێندەریزمیش هەمان ئەو چەترەیە بۆ پرسەکانی یەکسانی ژن و پیاو و ماف و ئازادییەکانیان لەلایەک و پرسەکانی هاوڕەگەزبازیش لەلایەکی دیکەوە.
بە بۆچوونی من هەردوو بەرەکە وەک ئەو کوێرانە وان کە بە دەستلێدان دەیانەوێت وەسفی فیل بکەن، یەکێکیان دەڵێت فیل قامچییەکە تومەز دەستی لە کلکی داوە، ئەوی دیکە دەڵێت فیل بۆرییەکی ئەستوورە ئەمیش دەستی بەر لوتە درێژەکەی کەوتووە، یەکێکی دیکە دەڵێت فیل دارێکی ئەستوورە ئەمیش دەستی لە لاقەکانی داوە. ئەوەی ئەم کوێرانە دەیڵێن سەبارەت بە فیل ڕاستە، بەڵام فیل هەرگیز قسەی ئەمانە نییە. ئەوەی وادەکات فیل وەک خۆی ببینین و دواتر وەسفی بکەین دووچاوی تیژن کە دەتوانن بە ڕوانینێکی هەڵۆیانەوە لەسەرەوە و هەموو لاکانەوە تەماشای فیل بکەن.
دەقیق ئەمڕۆ لە کوردستان ئەوانەی قسە لەسەر جێندەر دەکەن دۆخیان دۆخی ئەو کوێرانەیە. ئەوەی ئەوان دەیڵێن لەسەر جێندەر تەواو ڕاستە بەڵام جێندەر ئەوە نییە کە ئەوان دەیڵێن. جێندەر مادەم سە بە دونیا مافسەنتەرەکەی لیبراڵیزمە، ئەوا هەم جێگای هاوڕەگەزخوازی تێدا دەبێتەوە وەک مافێک، هەمیش ئەو دیدە کە پێی وایە نابێت لەسەر ئەساسی بایەلۆژی و ڕوانینی کۆمەڵایەتی پرسەکانی ژن و مێیینە لە کۆمەڵگادا بە چاوی جیاواز لێی بڕواندرێت و زوڵمی کلتووری و مێژوویی لێبکرێت. بە بێ تێگەیشتنی گشتگیر لە سرووشتی دونیاکەمان ناتوانین خاڵ لەسەر پیتەکانی دونیابینییەکەمان دابنێین.
لەم دونیا لیبراڵەدا بەتەنیا لەپرسی جێندەردا نییە ئێمە تووشی کڵۆڵی و دژیەکی دەبینەوە، زیاد لە مەسەلەکانی جێندەر ئێمە تووشی پارادۆکسی سەیروسەمەرەی دیکە دەبینەوە لە ژیانکردن لە وەها دونیایەکدا کە نازانین سەد ساڵی دیکە ئینسانەکانی ئەودەمە چۆن لە ئێمە و پارادۆکسی بیکردنەوەکانمان دەڕوانن! لەم دونیا لیبراڵەدا مەسەلە ئەخلاقییەکان دەقیق بوونەتە پاشکۆی ماف و ئازادییە کەسییە ڕەهاکان. لەم دونیا نوێیەدا لەلایەک زۆترین هەوڵدەدەین، زۆرترین پارە سەرفدەکەین باشترین عەقڵەکان مەشغوڵدەکەین تا ڤاکسینێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی کەمترین مرۆڤ بمرن، مەلایین دۆلار دەدرێنە لێکۆڵینەوەیەک تا دەرمانێک بۆ نەخۆشییەکی دەگمەنی جینی یا بۆماوەیی بدۆزنەوە کە چەندکەسێکی زۆر کەم تووشی هاتوون بۆ ئەوەی چارەسەر وەرگرن، لە سەرێکی دیکەشەوە زۆرترین پارە سەرفدەکەین، باشترین عەقڵەکان مەشغوڵدەکەین بۆ درووستکردنی دوورمەووداترین ڕۆکێت تا ئەوەی زۆرترین کەسی ساخ بکوژین یا نەخۆش بخەین. لە وەها پارادۆکسێکدا دایە زەروورەتە ئەخلاقی و سیستمە ئەخلاقسەنتەرییەکانی خۆیان درەدەخەن.
پرسیارەکە لێرەدایە ئەخلاق دەبێت لەکوێی ئەم سیستمە مافسەنتەرەدا بێت کە دەستکەلای ئارگیومێنتی پرسی جێندەر و دەیان پرسی گەرم و نوێی دیکەی دونیاکەمانن؟ ئایا ئەوەی ماف بوو دەبێت بەدەستبهێندرێت، دواتریش جێکەوت بکرێت؟ ئایا ئێمە لوکسی ئەوەمان هەیە وەک موختەبەرێک لەخۆمان کۆمەڵگاکانمان بڕوانین لە دوای کاولکاری وەک ئەوەی لە نازیزم و کۆمیونیزم ڕوویانا ئەنجا بێین بڵێین برادەران هەڵە هاتووین یەڵا ئەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سەرەتا؟ ئەم پارادۆکسە چۆن حل بکەین؟ [1]